لێدوانێكی بەڕێز د.حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە سەرنجڕاكێش و مشتومڕهەڵگرە كە گوایە پاش تێپەڕكردنی پرۆژەی بودجە لە ئەنجوومەنی وەزیران، بە نوێنەرانی كورد گوتراوە بڕۆن بۆخۆتان نەوت بفرۆشن و پارەكەی بگێڕنەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبری بەشە بودجەی 17% كە لە بەغداوە دێت. ئایا بەڕێز د.شەهرستانی لە چ روانگەیەكی شارەزاییەوە ئەم قسەیە دەكات؟
لێرەدا بۆ لێكۆڵینەوە لەم بابەتە بڕی گێڕانەوەی پارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان شیدەكەینەوە.
ئاوەها داهاتی فرۆشتنی بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە رۆژێكدا رووندەكەینەوە. لەم لێكۆڵینەوەیەدا گشت ئەو فاكتانەی كە لە گرێبەستی دابەشكردنی داهاتدا (PSA) هاتووە رەچاوكراوە.
1. گریمان نرخی هەر بەرمیلێك نەوت 100 دۆلار دەبێت و ئەم نرخە لە بازاڕەكانی وزەدا نەگۆڕ دەبێت لە ماوەی ساڵێكدا. هەر مرۆڤێكی شارەزا ئەگەر لە جووڵەی ئابووری و نرخی نەوت لە بازاڕەكانی وزەدا بكۆڵێتەوە ناچێتە ژێرباری گریمانێكی لەمجۆرە.
2. گریمان ئێمە هیچ خەرجییەكی دیكەمان نابێت، وەكو خەرجی بۆ تێپەڕبوونی نەوت بە وڵاتی توركیادا (Transit country)، خەرجیی بەڕێوەبردن و هەناردەكردن و پاشەكەوتكردن لە شلدانەكانی بەندەری جەیهان كە ئەمە گریمانێكی نادروستە، چونكە بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی هەناردەكراو بڕی 10 دۆلار دەبێت بۆ ئەم خەرجیانە دابنرێت.
3. گریمان ئێمە رۆژانە بەبێ وەستان دەتوانین لە ماوەی ساڵێكدا واتە 365 رۆژی تەواو بە بەردەوامی نەوتی خاو بەرهەمبهێنین و هەناردەی بكەین، ئەمە لە روانگەی كاری پراكتیكی و فیزیاییەوە لە نێو گشت وێستگەكانی پاككردنەوەی نەوتی خاو دیسان لەجێی خۆی نییە و ناواقیعییە.
4. گریمان ئێمە گشت نەوتی خاوی هەناردەكراو لەڕێی توركیاوە بە نرخی بازاڕەكانی دەرەوە دەفرۆشین كە ئەمە بەپێی گرێبەستی نێوان حكومەتی توركیا و هەرێمی كوردستان وانییە و دەبێت بڕی 50%ی ئەو نەوتە بە نرخێكی گونجاو و هەرزانتر بدرێتە توركیا و بڕی 50%ی بۆ فرۆشتنە بە نرخی بازاڕەكانی دەرەوە، واتە ئەم گریمانەیەش لەسەر پایەیەكی لاواز دانراوە.
بڕی نەوتی خاو لە رۆژێكدا بە بەرمیل 400000
رۆژ لە ساڵێكدا 365
نرخی هەربەرمیلێك نەوت 100 دۆلار
ملیار دۆلار كۆی گشتی داهات لە ساڵێكدا 14.6 ملیار دۆلار
واتە داهاتی فرۆشتنی نەوت لە ساڵێكدا لە هەرێمی كوردستان 14.6 ملیار دۆلار دەبێت.
5. گریمان ئەم داهاتە بەبێ گەندەڵی و لووشدان دەگاتەوە خەزێنەكانی هەرێمی كوردستان، ئەو مرۆڤەی كە لە هەرێمی كوردستان بژی و توانای بیركردنەوەی هەبێت و عەقڵی سالم بێت ناچێتە ژێرباری گریمانێكی ئاوەهاوە.
6. گریمان ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی ئەم بڕە پارەیە هیچ خەرجییەك بەدوای خۆیدا ناهێنێ، ئەمەش بە لێكدانەوەی كاری بانكداری و گۆڕینەوەی دراو و هەروەها لەبەر رۆشنایی گرێبەستی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا بۆ هەڵگرتنی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لە یەكێك لە بانكەكانی توركیا گریمانێكی زۆر سەقەتە.
لای گشتمان ئاشكرایە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی گرێبەستێكی فەرمی لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت، بڕیاری گرێبەستی دابەشكردنی داهاتی فرۆشتنی نەوتی لە نێوان خۆیاندا پەسەند كردووە و ناتوانێت لێی پەشیمان بێتەوە، هەر گرفتێكیش لە نێوانیان یەكڕاست دەچێت بۆ دادگاكانی بەریتانیا بۆ چارەسەركردنی.
ئێستا دێین بەپێی بەندەكانی گرێبەستی دابەشكردنی داهات ئەو بڕە پارەیە لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا بیانییەكاندا دابەش دەكەین:
بەپێی گرێبەستی دابەشكردنی داهات لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت (PSA) ئەوا یەكڕاست (10%)ی ئەم داهاتە دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەناوی خاوەندارێتی (Royalty)
1.46 ملیار دۆلار 14.6 x 0.1 ملیار دۆلار
پاشان گریمان بڕی 40%ی پارەی ماوە دەچێت بۆ گەڕانەوەی پارەی تێچووی كۆمپانیاكە كە بە كۆست ئۆیڵ (Cost Oil) ناوزەد دەكرێت.
ئێستا بەپێی ئەو بڕگەیەی سەرەوە بڕی پارەی ماوە بەم شێوەیە حساب دەكرێت:
بڕی پارەی ماوە پاش لێدەرکردنی خاوەندارێتی (10%) 14.6 - 1.46 = 13.140
بڕی پارەی تێچوو بۆ گێرانەوی خەرجیەکانی دەرهێنانی نەوتی خاو 13.140*0.4= 5.256
ملیار دۆلار بڕی پارەی ماوە وەکو قازانجی کاری نەوت 13.14 - 5.256 = 7.884.
ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی بواری نەوت بەپێی گرێبەستی دابەشكردنی داهات دێن و بڕی قازانج كە 7.884 ملیار دۆلارە لە نێوان خۆیاندا دابەش دەكەن.
لەم بڕە 15% بۆ كۆمپانیاكانی نەوت دەبێت و بڕی 85%ی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان واتە:
ملیار دۆلار داهاتی حکومەتی هەرێم 7.884 x 0.85= 6.701
ملیار دۆلار داهاتی کۆمپانیاکانی بواری نەوت 7.884 x 0.15= 1.183
پاشان لە بڕی قازانجی كۆمپانیاكانی نەوت دووبارە 20% بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە كە ئەمەش بۆ كۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی كوردستانی (KNOC) دەبێت.
گریمان كۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی گشت قازانجەكە هەڵدەگرێت و بەشداریی هیچ خەرجییەكی بەدواداگەڕان و رووپێوكردن و دەرهێنانی نەوت نابێت واتە:
ملیار دۆلار 1.183 x 0.2 = 0.237
با لێرەدا گشت داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبكەینەوە:
1.46 ملیار دۆلار خاوەندارێتی
6.701 ملیار دۆلار قازانج
0.237 ملیار دۆلار قازانجی (KNOC)
8.398 ملیار دۆلار کۆی گشتی
لێرەدا بەو ئەنجامە دەگەین كە ئەگەر گشت گریمانەكانمان راستبن، ئەگەرچی لە لێكۆڵینەوەكەدا سەلمێنرا كە گشتیان گریمانی هەڵەن، ئەوا ساڵانە لەبری 14.6 ملیار دۆلار تەنیا بڕی 8.398 ملیار دۆلار داهاتی فرۆشتنی نەوت دەگاتەوە نێو خەزێنەكانی ئەم وڵاتە كە لەڕاستیدا لەم بڕە زۆر كەمتریش دەگەڕێتەوە، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە كە ئایا بەم چوارچێوەی كاری حكومەتی هەرێمی كوردستان كە نوقمی خەرجییەكانی بەڕێوەبردن و زۆریی ژمارەی فەرمانبەرانی حكومی و پەتای هۆڵەندی و گەندەڵی و ناشارەزایی لە بەڕێوەبردنی وڵات و سەدان گرفتی ئابووری و بەڕێوەبردن بووە، دەتوانێت بە ئاوەها بودجەیەك بژی. با وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ شارەزاكانی بواری ئابووری بهێڵینەوە.
*شارەزا لەبواری وزە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ