تمەن بەرامبەر بە دۆلار لە بەرزترین ئاستی سێ مانگی رابردووە

رووداو دیجیتاڵ

نرخی تمەن بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.
 
لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەر دۆلارێک بەرامبەر بە 79 هەزار و 600 تمەنە.
 
لە سەرەتای ئەم مانگەوە، نرخی هەر دۆلارێک 25 هەزار تمەن دابەزیوە کە دەکاتە نزیکەی 30٪.
 
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی تمەنە لە سێ مانگ و نیوی رابردوودا، بەدیاریکراوی لە 16ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە.
 
کۆبوونەوەکانی ئەمریکا و ئێران و ئەگەری رێککەوتنیان، هۆکاری سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی تمەن.
 
لە دوو هەفتەی رابردوودا ئەو دوو وڵاتە دوو جار کۆبوونەتەوە، هەردوولاش کۆبوونەوەکان بە ئەرێنی ناودەبەن و دەڵێن، پێشڤەچوون هەیە. 
 
ئەمڕۆش بۆ جاری سێیەم لە مەسقەتی پایتەختی عومان کۆدەبنەوە.
 
شرۆڤەکاران و بازرگانانی دراو لە ئێران دەڵێن، ئاماژە سیاسییەکان بۆ رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی خواست بۆ کڕینی دۆلار کەم ببێتەوە خەڵک روو لە فرۆشتنی دۆلار بکەن.
 
سەرەڕای ئەوەش، ئەو بازرگانانە پێیانوایە نرخی راستەقینەی دۆلار بەرامبەر تمەن هەر نزیکەی 80 هەزار تمەنە و ئەگەر دەسەڵاتدارانی بانکی ناوەندی و حکومەتی ئێران بیانەوێت خستنەڕووی دۆلار لە ناو بازاڕدا زیاد بکەن، چاوەڕوان دەکرێت نرخی تمەن زیاتر بەرزببێتەوە و بەوپێیەش نرخی یەک دۆلار دەتوانێت تاوەکو 70 هەزار تمەنیش دابەزێت.