رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە لەکاتی داخستنی بازاڕەکان، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 30 دۆلار دابەزی و بە سێ هەزار و 319 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ گرێبەستەکانی ئایندەش 50 دۆلار دابەزی و بە 3 هەزار و 298 دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە.
دوێنێ هەینی پێش داخستنی بازاڕەکان، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 80 دۆلار دابەزیبوو و گەیشتبووە ئاستی سێ هەزار و 270 دۆلار، بەڵام پێش داخستنی بازاڕەکان بەشی زۆری ئەو زیانانەی قەرەبوو کردەوە.
لەسەر ئاستی هەفتانەش، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە هەفتەی رابردووی بازاڕە داراییەکان، 176 دۆلار دابەزیوە.
ئاماژەکانی هێوربوونەوەی گرژییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین، مەترسیی دروستبوونی شەڕی بازرگانیی کەمکردووەتەوە، ئەوەش هۆکاری سەرەکییە بۆ دابەزینی نرخەکەی.
سەرەڕای ئەوەش هێشتا هیچ کام لەو دوو وڵاتە رێککەوتنی راستەوخۆیان رانەگەیاندووە و چوارچێوەیەکی روون بۆ رێککەوتنێکی لەو شێوەیە نییە. حکومەتی چینیش رەتیدەکاتەوە، گفتوگۆیان لەگەڵ ئەمریکا هەبێت لەبارەی پێناسە گومرگییەکان.
بەڵام بەپێی راپۆرتی ئاژانسی بلومبێرگ، حکومەتی چین بیر لەوە دەکاتەوە ئەو رێژەیە لەسەر بەشێک لە کاڵاکانی ئەمریکا کەمبکاتەوە.
دانیێل غالی، ستراتیژیناسی کاڵاکان لە دامەزراوەی (تی دی سیکیوریتیس) دەڵێت، "کەمکردنەوەی پێناسە گومرگییەکان کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی زێڕ دادەنێت، بەڵام هێشتا چوونە دەرەوەی بەرچاوی سەرمایە لە بازاڕی زێڕ بەدی ناکەین".
ئەو ستراتیژیناسە دەشڵێت، "سەرەڕای ئەوەش، دەزانین کە بەشێک لە وەبەرهێنەران لە رۆژانی رابردوودا بەردەوام لە کڕینی زێڕ دوای ئەو دابەزینەی تۆماری کرد، بۆیە پێمانوایە کە زێڕ دەتوانێت ئاراستەی بەرزبوونەوە بگرێتەوە بەر".
بەرزبوونەوەی پێنوێنی نرخی دۆلاریش دوای دابەزینە بەرچاوەکەی ئەم هەفتەیەی، هۆکارێکی دیکەیە بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.
نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە، ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە ئاستی مێژوویی 3 هەزار و 500 دۆلار. شارەزایان پێیانوایە لەگەڵ هەر گرژبوونەوەیەکی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین، دەکرێت زێر ئەو ئاستە ببینێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ