سێ کێشە لەبەردەم ناردنی تەواوی مووچەی مانگی هەشتن

26-09-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بۆ مووچەی مانگی هەشت، حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی 243 ملیار دینار دەکات بۆ ئەوەی ئەو کورتهێنانەی هەیە پڕی بکاتەوە. رووداو زانیویەتی ناردنی ئەو بەشە پارەیەی ماوە بۆ تەواوکردنی مووچە، سێ کێشەی بۆ دروستبووە.
 
تاوەکو ئێستا رێکارەکانی ناردنی بەشی کۆتایی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا تەواو نەبوون. بەغدا سوورە لەسەر ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن ئینجا مووچە دەنێرێت. 
 
کێشەکان چین؟
 
ئەو دۆسێیانەی دەبێت یەکلاییبکرێنەوە بریتین لە ناوی دووبارە، دۆسێی لیستی مووچەخۆرانی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان، هەروەها ئەوانەی بایۆمەترییان نەکردووە.
 
تاوەکو ئێستا بڕی 755 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ مووچە هاتووە، بەشێکی لەو پارەیە بووە کە پێشتر خەرج کرابوو، بەڵام لەسەر بڕیاری چاودێریی دارایی عێراق گلدرابووەوە. هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی 8، پێوستی بە 998 ملیار دینارە، بەگوێرەی ئەو ژمارەیە، 243 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە.
 
سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "وەزارەتی دارایی هێشتا بڕیاری نەداوە خۆی ئەو کورتهێنانە پڕبکاتەوە و چاوەڕێی بەغدایە ئەو بەشەی دیکەی مووچە بنێرێت."
 
وەزیری دارایی عێراق گەشتی دەرەوەی وڵاتی کردووە. سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە رووداوی گوت: "وەزیری دارایی رێگەپێدانی بۆ بەڕێوەبەری بودجە لە وەزارەت کردووە ئەگەر رێوشوێنەکان گیرانەبەر و ئەو سێ کێشەیە چارەسەر کران، پارەکە خەرج بکرێت."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دوو نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند رۆژێکە لە بەغدان و لەگەڵ وەزارەتی دارایی لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەرکردنی مووچەی مانگی هەشت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بڕەی کە ماوە بڕیاری ناردنی نەدراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە