نرخی نەوتی برێنت دابەزی بۆ کەمتر لە 78 دۆلار
رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت رۆژی دووشەممە لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەیەدا دابەزی.
دابەزینی نرخی نەوت لەدوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم هەفتەی دەستبەکاربوونیدا کۆمەڵێک رێکاری بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا راگەیاند.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 53 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 77 دۆلار و 97 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 50 سەنت دابەزی و بە 74 دۆلار و 16 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دۆناڵد ترەمپ داوای لە رێکخراوی ئۆپێک کردووە نرخی نەوت دابەزێنن بۆئەوەی رووسیا نەتوانێت پارەی پێویست بۆ بەردەوامیی شەڕ دەستەبەر بکات.
سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە رووسیا کردووە، ئەگەر کۆتایی بە شەڕ نەهێنێت گەمارۆی نوێ دەخاتە سەری.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە وەڵامی دۆناڵد ترەمپ داوای کردووە کۆببنەوە، بۆئەوەی بابەتی شەڕ و نرخەکانی وزە تاوتوێ بکەن.
جۆن دریسکۆڵ، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (جەی تی دی ئینێرجی) لە سەنگاپوور لەوبارەیەوە رایگەیاند، "هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و رووسیا داوای دانوستاندن دەکەن و ئەوەش نرخی نەوتی ناجێگیر کردووە."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ بەنیازە پشکی ئۆپێک لە بازاڕی نەوتدا سنووردار بکات، بەو پێیەی رێکخراوی ئۆپێک بە رکابەری خۆی دەزانێت.