وەزیری نەوتی عێراق بۆ رووداو: نەوتەکە گەیشتووەتە کۆگەکانی بەندەری جەیهان
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، نەوتەکەی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە کۆگەکانی نەوتی بەندەری جەیهان و چاوەڕوانی گەیشتنی بڕێکی زیاترن.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 27ـی ئەیلوولی 2025، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق وەڵامی پرسیارەکانی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە بەغدا دایەوە لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی پیاوانی کاری تورکی، چینی و عێراقی.
پەیامنێری رووداو بۆچوونی حەیان عەبدولغەنی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەرگرت. حەییان پێی راگەیاند، هەناردەکردن دەستیپێنەکرد، رادەستکردنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکرد.
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بەدڵنیاییەوە ئەمە هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە بەهۆی ئەوەی لەگەڵ برایانمان لە هەرێمی کوردستان رێککەوتووین. نەوتی هەرێم رادەستمان دەکرێت و بۆ بەندەری جەیهان هەناردەی دەکەین.
باسی لەوەشکرد، "ئەمە یەکەمجارە دوای دوو ساڵ هێڵی عێراقی-تورکی دەستبەکار بووەوە. نەوتەکەش گەیشتە کۆگاکانی نەوتی جەیهان. پشت بەخوا بڕێکی زۆری نەوت دەگاتە بەندەری جەیهان و بەکۆگا دەکرێن."
ئەوەشی خستەڕوو کە کێشە و ناکۆکییەکان لەگەڵ هەولێر چارەسەربوون و لە دوایین پەیامیشی گوتی: "ئەو بڕە نەوتەی کە لە هەرێم بەرهەم دەهات لە چوارچێوەی پشکی ئۆپێک هەژمار دەکرا."
لە ئاداری ساڵى 2023وە و لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا، کە ئەوکات لەگەڵ نەوتى کەرکووکدا بڕەکەى رۆژانە دەگەیشتە نزیکەى 400 هەزار بەرمیل.
بەڵام دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر شێوازی هەناردەکردنەوە و رێککەوتنی سێقۆڵیش لەگەڵ کۆمپانیاکان، ئەمڕۆ جارێکی دیکە هەناردە دەستیپێکردەوە.
لە قۆناخی یەکەمدا 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت.