كۆداك مۆبایلی هۆشمەند دەخاتە بازاڕەكانەوە

27-12-2014
كارزان حەمید
نیشانەکردن مۆبایلی هۆشمەند کۆداک
A+ A-

رووداو -  AIT NEWS

كۆمپانیای كۆداك بۆ پیشەسازی ئەلیكترۆنی بەنیازە لەساڵی داهاتوو، ئامێرێكی مۆبایلی هۆشمەند بخاتە بازاڕەكانی جیهان‌و پرۆسەی چاپكردن‌و ئاڵوگۆڕی وێنەكان ئاسانتر بكات.

كۆداك لە بەیاننامەیەکدا روونیكردووەتەوە، کە یەكەم ئامێری مۆبایلی هۆشمەندی كۆمپانیاكەیان، كە لەلایەن كۆمەڵێك كۆمپانیای تایبەتەوە بەرهەمدەهێنرێت، لەكانونی دووەمی داهاتوو ئاشكرا دەكات ‌و دواتریش مۆبایلی نەوەی چوارەم‌ و لاپتۆپێكی هۆشمەند و كامێرایەكی بەستراو بەئینتەرنێت لەنیوەی ساڵی 2015 دەخاتە بازاڕەكانەوە.

ئەو كۆمپانیایە گرێبەستێكی هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای بوڵێت گرووپی ئینگلیزی واژۆكردووە، بۆ ئەوەی كۆمەڵێك مۆبایلی هۆشمەند بەناوی كۆداكەوە بەرهەمبهێنێت‌ و سیستەمی بەرگریی ئەو ئامێرەش لەلایەن كۆمپانیای پیشەسازی كاتەر بیلەرەوە دروستدەكرێت.

لەبارەی قەبارە و جۆری ئەو مۆبایلانەی كۆداك، هیچ لەو كۆمپانیانەی گرێبەستیان ئەنجامداوە زانیاری تەواویان رانەگەیاندووە و تەنانەت باس لەژمارەی ئەو مۆبایلانەش نەكراوە، كە بڕیارە لەمانگی كانونی دووەمی ساڵی 2015 بخرێتە بازاڕەكانەوە.

ئەم پرۆسەیەی كۆداك بۆ رزگاربوونە لەقەیرانی مایەپووچبوون، كە رووبەڕووی بووەتەوە و ستراتیژیەتێكی نوێشە بۆ پەیكەربەندیی ئەو كۆمپانیایە، كە لەمانگی ئەیلولی رابردووەوە رایگەیاندووە.

كۆداك تاكە كۆمپانیا نییە، كە بە بەرهەمهێنانی مۆبایلی هۆشمەند ململانێی خۆی دەكات، بەڵكو كۆمپانیای پاناسۆنیكیش بەنیازە لەئایندەیەكی نزیكدا مۆبایلی لۆمیكس سی ئێم وەن بخاتە بازاڕەكانەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە