پۆستەکەی ترەمپ کاریگەرییەکی کەمی لەسەر بەهای دینار جێهێشتووە


رووداو دیجیتاڵ

پۆستەکەی رۆژی سێشەممەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، کاریگەرییەکی کەمی لەسەر بەهای دینار هەبووە. گوتەبێژی سەندیکای دراوفرۆشانی هەولێر دەڵێت: "دۆخی سیاسی باش بێت، بەهای دۆلاریش دادەبەزێ."
 
رۆژی چوارشەممە، 28-01-2026، حاجی سابیر باواجی، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە هەولێر بە رووداوی گوت: "نرخی دۆلار جێگیرە و 100 دۆلار بە 153 هەزار و 750 دینار دەکڕین و بە 154 هەزار دەیفرۆشین."
 
حاجی سابیر باواجی هۆکاری هەڵبەز و دابەزی بەهای دینار لەم رۆژانەدا بۆ دۆخی عێراق دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "حکومەتی عێراق خۆی هۆکاری بەرزبووەنەوەیە. ئەگەر حکومەت پێکبهێندرێ و لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەون، بەهای دیناریش بەرز دەبێتەوە، ئەگەر نا 100 دۆلار بۆ 165 تاوەکو 170 هەزار دینار بەرزدەبێتەوە."
 
بە گوتەی ئاڵوگۆڕکارەکەی هەولێر، دۆخی لیرەی سووری و تورکیش جێگیرە، بە جۆرێک هەزار لیرەی سووری بە 111 هەزار دینارە و 100 دۆلاریش بەرامبەرە بە 4 هەزار و 250 لیرەی تورکی.
 
هاوکات دانا مەولوود، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت: "کڕین و فرۆشتنی دۆلار 250 دیناری عێراقی جیاوازە، بە جۆرێک بە 153 و 750 دینار دەکڕین و بە 154 هەزار دەیفرۆشین. نرخی لیرەی سووری و تورکیش جێگیرە."
 
بە گوتەی ئەو ئاڵوگۆڕکارەی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، 1000 لیرەی سووری 111 هەزارە و 100 دۆلاریش بە 4200 لیرەی تورکییە؛ هاوکات 100 دۆلار دەکاتە 13 ملیۆن و 500 تمەن.