نرخی یەک ئۆنسە زێڕ 120 دۆلار بەرزبووەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ رۆژی هەینی هەستانەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی و بە رێژەی زیاتر لە 3% بەرزبووەوە. وەبەرهێنەران کاتێک بینییان نرخی زێڕ تاوەکو ئاستێکی باش دابەزیوە، بەپەلە دەستیان بە کڕینی کانزای زەرد کرد، بۆئەوەی لە ئاستی نزمی نرخەکەیدا، هەلی کڕین لەدەست نەدەن. یەک ئۆنسە زێڕ رۆژی هەینی نزیکەی 120 دۆلار بەرزبووەوە و لەسەر 4493 دۆلار داخرا.

 
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و ناجێگیریی نرخی ئەو کانزا گرانبەهایە هاوکاتە لەگەڵ تەشەنەکردنی جەنگی ئێران بۆ نێو چوارەمین هەفتەی خۆی. سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا مۆڵەتەکەی بۆ ئێران درێژکردەوە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، بەڵام ئێران پێشنیارێکی 15 خاڵیی ئەمریکای رەتکردووەتەوە.
 
هەرچەندە نرخی بەرمیلێک نەوت بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە 110 دۆلار و ئەوەش ئەگەری هەڵاوسانی بەرزکردووەتەوە، کە وادەکات بانکی ناوەندیی ئەمریکا بیر لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بکاتەوە، بەوەش دواجار زیان لە نرخی زێڕ دەدات، بەڵام سەرنجڕاکێشە بانکە گەورەکانی جیهان گەشبینن بە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ.
 
کۆمێرزبانک پێشبینیی کردووە، نرخی زێڕ تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بە زیاتر لە 5000 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە