چاودێران ده‌ڵێن: مالیكی هه‌ڵه‌ی زۆری كرد ده‌رحه‌ق به هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق و، به‌تایبه‌تیش هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان یه‌كجار دوژمنكارانه بوو.
له‌م نووسینه‌دا ناچینه سه‌ر باسی ره‌فتاره‌كانی مالیكی كه له‌ماوه‌ی هه‌شت ساڵی حوكمڕانی له عێراق كردوونی و دواجار باجی سیاسه‌ته چه‌وته‌كانیشی دا، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت باسی فاكته‌رێكی دیكه‌ی شاراوه بكه‌ین كه نه‌ك هه‌ر مالیكی، بگره سه‌ری زۆر له سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیر و مه‌لیكه ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهانیشی خواردووه.
دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ویستم وتارێك بڵاوبكه‌مه‌وه و پێشبینی بكه‌م كه مالیكی له‌به‌ر خراپ گه‌مه‌كردن له‌گه‌ڵ مه‌له‌فی نه‌وت و كۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تییه ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی نه‌وت و گاز له هه‌رێمی كوردستان سه‌ری خۆی به‌فه‌تاره‌ت ده‌دات ، به‌ڵام دواجار وته ناوداره‌كه‌ی ناپلیۆن پۆناپارت هاته‌وه خه‌یاڵم كه ده‌ڵێت "دوژمنه‌كه‌ت مه‌پچڕێنه كاتێك خه‌ریكی ئه‌نجامدانی هه‌ڵه‌یه".
له كۆتاییه‌كانی 2011، كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وت تا كاری پشكنین و ده‌رهێنانی نه‌وت له شه‌ش بلۆك ئه‌نجام بده‌ن. یه‌كێك له سه‌رنجڕاكێشترین ئه‌و بلۆكانه‌ی درابوونه ئێكسۆن مۆبیل، بلۆكی قه‌ره‌هه‌نجیر بوو. قه‌ره‌هه‌نجیر پێش ئێكسۆن مۆبیل سه‌رنجی گه‌مه‌كه‌ره‌كانی ئه‌و پیشه‌سازییه تازه له‌دایكبووه‌ی كوردستانی راكێشابوو به‌وه‌ی كه ناوچه‌یه‌كی فراوانه و هاوته‌ریبی یه‌كێك له زه‌به‌لاحترین كێڵگه‌كانی نه‌وتی جیهانه كه ئه‌ویش كێڵگه‌ی سوپه‌ر زه‌به‌لاحی كه‌ركووكه.
هه‌ركه‌سێك شاره‌زایی له زه‌ویناسی هه‌بێت و بزانێت پارامیته‌ره‌كانی بوونی نه‌وت له شوێنێك كامانه‌ن، خێرا چاوی ده‌كه‌وێته سه‌ر بلۆكی قه‌ره‌هه‌نجیر. وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانیش تا ماوه‌یه‌كی زۆر خۆی راگرت و نه‌یده‌ویست قه‌ره‌هه‌نجیر بداته هیچ كۆمپانیایه‌كی جیهان و كه‌س قسه‌شی له‌سه‌ر بكات. ئه‌م بلۆكه وه‌ك ناوچه‌یه‌كی ستراتیجی بۆ كۆمپانیا نیشتیمانییه له‌دایك نه‌بووه‌كه‌ی كوردستان (كێپكۆ) هه‌ڵگیرابوو.
ساڵی 2010, له‌سه‌ر داوای كۆمپانیایه‌كی ئه‌مه‌ریكی له واشنتن دی سی، سیمینارێكم بۆ سه‌رۆكی كۆمپانیاكه پێشكه‌ش كرد كه ئاره‌زوویه‌كی زۆری بۆ هاتنه ناو بازاڕی نه‌وتی كوردستان هه‌بوو. من باسی هه‌ر بلۆكێكی كوردستان‌م كردبا، ئه‌و ده‌یهێنامه‌وه سه‌ر بلۆكی قه‌ره‌هه‌نجیر. هه‌ردوولامان كۆك بووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه قه‌ره‌هه‌نجیر، بلۆكه هاوسێكه‌ی كه‌ركووك، ئه‌گه‌ر نیوه‌ی ناخ و روخساری له كه‌ركووك بچێت، ئه‌وا خاوه‌ن یه‌ده‌گێكی نه‌وتی 25 بلیۆنییه.
ئێكسۆن مۆبیل، ساڵی 2011، واته هه‌مان ئه‌و ساڵه‌ی كه هه‌موو ریسك و مه‌ترسییه‌كانی له ئه‌ستۆگرت و رووبه‌ڕووی مالیكی و شه‌هرستانی وه‌ستایه‌وه و بڕیاری هاتنه كوردستانی دا، یه‌ده‌گی نه‌وتی له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ده‌گه‌یشته 24.9 بلیۆن به‌رمیل نه‌وت. له كاتێكدا ئومێد هه‌یه قه‌ره‌هه‌نجیر به‌ته‌نیا هێنده‌ی هه‌موو جیهان و پتریش نه‌وتی یه‌ده‌گ به ئێكسۆن مۆبیل ببه‌خشێت.
به مانایه‌كی دیكه، له كۆی 200 وڵات و هه‌رێم و ناوچه‌ی جیا جیا كه ئێكسۆن مۆبیل كاری پشكنینیان له سه‌رتاسه‌ری جیهان لێده‌كات، ئه‌و كۆمپانیایه خاوه‌نی یه‌ده‌گی مسۆگه‌ری 24.9 بلیۆن به‌رمیل نه‌وت بوو له ساڵی 2011. له كاتێكدا قه‌ره‌هه‌نجیر به‌ته‌نیا ره‌نگبێت ئێكسۆن مۆبیل بكاته خاوه‌نی 25 بلیۆن به‌رمیلی دیكه و یه‌ده‌گی خۆی هه‌ڵكشێنێت بۆ 50 بلیۆن.
ئه‌وه سه‌رباری پێنج بلۆكه‌كه‌ی دیكه كه ئه‌وانیش له‌ڕووی جیۆلۆجییه‌وه یه‌كجار سه‌رنجڕاكێشن و تا راده‌یه‌كی باش به بلۆكی كه‌م مه‌ترسی له قه‌ڵه‌م ده‌درێن. ئه‌گه‌ر داتای پێویستیش له‌به‌رده‌ست نه‌بێت و قه‌ره‌هه‌نجیر هێنده نه‌وته‌شی نه‌بێت، ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه كه هه‌ر شه‌ش بلۆكه‌كه‌ی پێشكه‌ش به ئێكسۆن مۆبیل كراون پێكه‌وه بتوانن هێنده یه‌ده‌گ پێشكه‌ش به‌و كۆمپانیا زه‌به‌لاحه ئه‌مریكییه بكه‌ن كه پێگه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئاستی جیهان دووبه‌رابه‌ر بكات.
مالیكی كورتبین و دوور له گه‌مه شاراوه‌كانی كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی نه‌وت، له یه‌كێك له وتاره سه‌ره‌ڕۆیه‌كانیدا گوتی: "ئه‌گه‌ر ئێكسۆن مۆبیل بێته قه‌ره‌هه‌نجیر كه ناوچه‌یه‌كی ناكۆكی له‌سه‌ره و له‌گه‌ڵ هه‌رێم یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه، ئه‌وا سوپای عێراق رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه".
نووسه‌ری ناوداری ئه‌مه‌ریكی Steve Coll له كتێبه پڕفرۆشه‌كه‌یدا به‌ناوی Private Empire، ئێكسۆن مۆبیل به ئیمپراتۆره شاراوه به‌هێزه‌كه‌ی جیهان ده‌ناسێنێ كه وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی پڕ له نهێنی له‌ناو ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ریكا فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كات. ئێكسۆن مۆبیل خاوه‌نی سه‌دان و هه‌زاران نهێنی گه‌وره‌یه له بواری به گژداچوونه‌وه‌ی هه‌ر هێزێك له هه‌ر ئاستێك بێت كاتێك ببێته مه‌ترسی بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیجییه‌كانی.
دۆزینه‌وه‌ی یه‌ده‌گی نوێ و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و ملیۆنه‌ها به‌رمیله‌ی كه ساڵانه به‌هۆی به‌رهه‌مهێنان له كۆی یه‌ده‌گی گشتی ئێكسۆن مۆبیل كه‌م ده‌بێته‌وه، یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین ئه‌وله‌ویاته‌كانی ده‌ستڕۆیشتووانی ئه‌و كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌ی جیهان، تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه جارێك سه‌رۆكی پێشووی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیل به رۆژنامه‌نووسێكی گوت: "خه‌می به‌ده‌ستهێنانی یه‌ده‌گی نوێ، شه‌وانه خه‌و له چاوم ده‌زڕێنێ".
چونكه ئه‌و كۆمپانیا ده‌وڵه‌ت ئاسا به‌هێزه‌ی جیهان رۆژانه نزیكه‌ی چوار ملیۆن به‌رمیل به‌رهه‌م دێنێت، خۆ ئه‌گه‌ر یه‌ده‌گی نوێ نه‌دۆزێته‌وه، ئه‌وا دوای كه‌متر له 20 ساڵی دیكه بێ یه‌ده‌گ و بێ هیوا ده‌مێنێته‌وه و ریزبه‌ندی خۆی وه‌ك یه‌كێك له ده‌وڵه‌مه‌ندترین و كاریگه‌رترین كۆمپانیاكانی جیهان له‌ده‌ستده‌دات و چاره‌نووسی پتر له 80 هه‌زار كارمه‌ند به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌بات.
ساڵی 2001، سه‌رۆك وه‌زیرانی هیندستان (مانموهان سینغ) داوای له سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا جۆرج بوش كرد كه فشار بۆ سه‌ر ئێكسۆن مۆبیل بێنێت به‌ڵكو ئه‌و كۆمپانیایه رێگا بدات تا كۆمپانیای نیشتیمانیی هیندی له‌گه‌ڵ ئێكسۆن مۆبیل له كاری پشكنین و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و گاز له كه‌ناره‌كانی روسیا هاوبه‌ش بێت. بوش به سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی هیندستانی گوت: "كه‌س ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نییه به ئێكسۆن مۆبیل بڵێت چی بكات".
سه‌رۆك وه‌زیرانی هیندستان، به‌خت یاوه‌ری بوو كه سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا ئه‌م ئامۆژگارییه پڕ به‌هایه‌ی پێشكه‌ش كرد. به‌ڵام مالیكی به‌دبه‌خت بوو له‌وه‌ی كه‌س نه‌بوو پێی بڵێ یاری به ئاگری دۆزه‌خ مه‌كه و بۆ سه‌نگه‌ری دژایه‌تیكردنی ئیكسۆن مۆبیل مه‌ڕۆ.
هه‌مان نووسه‌ری كتێبی Private Empire، له رۆژنامه‌ی به‌ربڵاو و كاریگه‌ری ئه‌مه‌ریكی، The NewYorker، دوای هێرشی ئاسمانی ئه‌مه‌ریكا بۆ پاراستنی هه‌ولێر له مه‌ترسی چه‌ته‌كانی داعش ده‌ڵێت: "كاتێك سه‌رۆك ئۆباما بڕیاری دا هه‌ولێر بپارێزێت، بڕیاری دا وڵاتێكی رانه‌گه‌یه‌ندراوی "ئه‌مری واقیع"ی پڕ نه‌وت بپارێزێت".
هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای له‌خۆگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی ستراتیجی و دابینكردنی وزه‌ی ئاینده‌ی ئه‌مه‌ریكا، سه‌رۆك ئۆباما له وتاره مێژووییه‌كه‌ی خۆیدا كه فه‌رمانی به هێزی ئاسمانیی ئه‌مه‌ریكا دا هه‌ولێر بپارێزن، گوتی: "هه‌رێم به‌و شێوه‌یه به‌ڕێوه ده‌چێت كه به دڵی ئێمه‌یه". سه‌رۆك ئۆباما راستی فه‌رموو، چونكه به ده‌گمه‌ن وڵاتێك یان هه‌رێمێك له جیهانی سێیه‌م به گشتی و له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به تایبه‌تی هه‌یه، كه نه‌وت و دیموكراسی تێدا كۆكرابێته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له كوردستان تا ڕاده‌یه‌كی باش گوزه‌راوه.
به بڕوای ئێمه، یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی مالیكی رووخاند، بریتی بوو له‌و سیاسه‌ته‌ی په‌یڕه‌وی ده‌كرد به‌رامبه‌ر به كۆمپانیا جیهانییه زه‌به‌لاحه‌كانی نه‌وت و گاز له كوردستان، له ناویشیاندا كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل. سیاسه‌تی ململانێكردن له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی نه‌وت، چه‌ندین دوژمنی سیاسی سه‌رسه‌ختی بۆ مالیكی خوڵقاند كه له نێوه‌نده جیهانییه نهێنی و ئاشكراكان كاریان بۆ لاوازكردنی مالیكی كرد و له به‌رامبه‌ریشدا پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌هێزتر بوو.
ماوه‌یه‌كی دوور و درێژه مه‌رجه‌عیه‌ته‌كانی نه‌جه‌ف و قوم داوا له مالیكی ده‌كه‌ن سه‌ردانه‌وێنێ و به‌رۆكی ده‌سه‌ڵات به‌ردات له به‌غدا، به‌ڵام فیشه‌كی به‌زه‌یی ئه‌و كاته له كه‌لله‌ی مالیكی درا، كه جۆ بایدن زه‌نگی پیرۆزبایی بۆ سه‌رۆك فوئاد مه‌عسوم لێدا و گڵۆپی سه‌وزی بۆ ناشتنی ئاینده‌ی سیاسی مالیكی هه‌ڵكرد.
زۆر شت ماوه بگوترێ، به‌ڵام ره‌نگبێت گرنگترینیان ئه‌وه بێت كه سه‌ره‌ڕای به هاوار هاتنی سه‌رۆك ئۆباما و پاراستنی هه‌ولێر و ئه‌مه‌ریكییه‌كانی نیشته‌جێی هه‌ولێر و به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیجییه‌كانی نه‌وت و گازی ئه‌مه‌ریكا له كوردستان، دیمۆكراته‌كانی ئێستای كۆشكی سپی، زۆر سه‌رسه‌ختانه به‌رگری له كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كانی بواری نه‌وت و گاز ناكه‌ن، به‌راورد به كۆمارییه‌كان.
به زمانێكی ساده‌و دوور له هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌تیانه‌ی ئه‌كادیمی، ده‌توانین بڵێین ئێكسۆن مۆبیل كۆمپانیایه‌كه دۆستێكی تا سه‌ر ئێسقانی كۆمارییه‌كانه. به پێچه‌وانه‌وه دێمۆكراته‌كان كه دۆستی نزیكی ژینگه‌ن، هه‌میشه به گومانه‌وه ده‌ڕواننه فراوانبوونی زیاد له پێویستی كۆمپانیاكانی نه‌وت و چالاكیه‌كانیان.
چاوه‌ڕوانی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی ئێكسۆن مۆبیل بن، كاتێك هه‌ڵۆ كۆمارییه‌كان جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌وه ده‌ست له كۆشكی سپی و پێنتاگۆن. ئه‌وكات ده‌بینن چۆن نه‌یارانی ئێكسۆن مۆبیل له به‌غدا له مالیكی ریسواتر ده‌بن.
ئێستا كۆمارییه‌كان كه‌وتوونه‌ته سه‌نگه‌ر له سه‌رۆك ئۆباما و داوای لێده‌كه‌ن ئه‌مریكا گورزی كاریگه‌رتر و یه‌كلاكه‌ره‌وه له تیرۆرستان بدات بۆ پاراستنی هه‌ولێری هاوپه‌یمان. هه‌روه‌ها بێ گوێدانه به‌غدا، ده‌ڵێن پێویسته ئه‌مه‌ریكا هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه پڕچه‌ك بكات. ئه‌و رۆژه‌ی هه‌ولێر ئێكسۆن مۆبیلی هێنایه كوردستان، من زانیم پارسه‌نگی هاوكێشه‌ی ململانێی به‌غدا و هه‌ولێر گۆڕدرا.
ئه‌و رۆژه‌ی مالیكیش هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه سوپای عێڕاق رووبه‌ڕووی ئێكسۆن مۆبیل ده‌بێته‌وه له قه‌ره‌هه‌نجیر، ئه‌وده‌م زانیم ئیدی خۆری مالیكی بۆ دواجار ئاوا بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ