گومرگی عێراق: پارەی گومرگی پێشوەختە دەچێتەوە گەنجینەی هەرێمی کوردستان


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق دەڵێت، زانیاریی هەڵە لەبارەی گومرگی پێشوەختە بڵاوکراوەتەوە و ئەو رێکارە بەواتای ئەوە نایێت کە پێش هاتنی کاڵا پارەی گومرگ رادەست دەکرێ. ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر رێکارەکە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێ، پارەی گومرگەکە بۆ گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2025، سامر قاسم تائی، سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەڵەتێگەیشتن لە رێکاری گومرگی پێشوەختە دروستبووە و ئەو رێکارە بەو واتایە نایەت کە پێش ئەوەی بار و کاڵا بگاتە دەروازەکان، دەبێ گومرگ بدرێ."
 
سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق گوتی: "رێکاری گومرگی پێشوەختە واتە زانیاریی پێشوەختەی گومرگ، ئامانجیش لێی شەفافییەتە و لە رێگەی فۆرمێکی ئەلیکترۆنییەوە بازرگانەکە وردەکاریی تەواوی بارەکەی پڕدەکاتەوە و پێشکێشی دەکات. کاتێکیش بارەکە گەیشتە دەروازە سنوورییەکە، ئیدی بازرگانەکە گومرگەکە دەدات."
 
ئەو رێکارە پشتبەستووە بە زانیارییەکانی نێو سیستمی ئەسیکۆدا کە سیستمێکی جیهانیی تایبەتە بە یەکخستنی زانیاریی بازرگانی و لە عێراق جێبەجێ دەکرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان نەچووەتە نێو ئەو سیستمەوە.
 
بە گوتەی سامر قاسم، تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی نەداوە لە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا لە گومرگ و دەروازەکانیدا و "کۆبوونەوەکان بۆ گەیشتنە ئەنجامێکی یەکلاییکەرەوە بەردەوامن."
 
سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق نموونەیەکی لەسەر شێوازی پارەدانی گومرگەکە هێنایەوە و گوتی: "ئەگەر لە گومرگی ئیبراهیم خەلیل جێبەجێ بکرێ، ئەوا ئەو گومرگەی کە دەدرێ دەچێتە سەر هەژماری تایبەتی هەرێمی کوردستان نەوەک فیدراڵی."
 
25ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، دەستکرا بە ئامادەکارییەکان بۆ کارکردن بە رێکارەکانی گومرگی پێشوەختە لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق و سەرەتای ئەم مانگەش رێکارەکە بە فەرمی پەیڕەو کرا.
 
سیستمی ئەسیکۆدا چییە؟
 
کۆدێکی 14 ژمارەیی بێ هاوتایە و کۆمپانیاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەخاتە نێو سیستمێکی ئەلیکترۆنی بۆ مامەڵەی بازرگانی کە بە ئەسیکۆدا ناسراوە.
 
ئەسیکۆدا شێوازێکی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی گومرگە بازرگانیی دەرەکی تێدا رێکخراوە و زانیاری لەسەر جۆرى کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەردەکات، ئەوە جگە لە ئاسانکاریی رێوشوێنەکانی گواستنەوەی کاڵا. هەر وڵاتێکى بەشدار سیستمی تایبەت بە خۆی دەبێت.
 
ئەو کۆمپانیایانەی ئەو کۆدەیان هەیە، دەتوانن لە دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە کاڵا بە نرخی فەرمی دۆلار هاوردە بکەن.
 
بۆ دەرهێنانی کۆدی نێو سیستمی ئەسیکۆدا، دەبێ کۆمپانیاکان ناسنامەی باجیان هەبێت کە پاکتاوی باجەکانیان کردووە؛ هەروەها پاڵپشتیی بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری کۆمپانیاکان رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی عێراق بکەن.
 
108 وڵات و ناوچەی جیهان کار بە سیستمی رێوشوێنی بازرگانی ئەسیکۆدا دەکەن کە زۆرینەیان لە کیشوەری ئەفریقا و ئەمریکای باشوورن، بەڵام تاوەکو ئێستا لەنێوان هەولێر و بەغدا، رێککەوتنی کۆتایی لەسەر نەکراوە.