رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر و سلێمانی نرخی هێلکە گران بووە، بەڵام لە دهۆک هەر وەکو خۆیەتی. لە هەولێر نرخی دەستەیەک هێلکە 1500 بۆ 2000 دینار و نرخی کارتۆنێک 20 هەزار دینار گران بووە.
دەرباز عەبدوڵڵا، خاوەن کۆگەی فرۆشتنی هێلکە و مریشک لە هەولێر بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی گوت، نرخی کۆفرۆشیی دەستەیەک [تەبەقەیەک] هێلکەی سپی لە 3500 دینارەوە گەیشتووەتە 5000 بۆ 5100 دینار. بە 6 هەزار دیناریش دەدرێتە فرۆشگا و مارکێتەکان.
نرخی دەستەیەک هێلکەی سووریش لە 5 هەزار دینارەوە بۆ 6 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
دەرباز عەبدوڵڵا گوتیشی، "پێشبینی ناکەین نرخی هێلکە لەو ئاستەی ئێستا زیاتر بەرزببێتەوە، چونکە لە وەرزی گەرماین و خواست لەسەری زۆر نییە."
حەیدەر فەرحان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازیی پەلەوەر لە كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هۆکاری گرانبوونی نرخی هێلکە ئەوەیە کە بەشێکی زۆری بەرهەمەکە هەناردەی خواروو و نێوەڕاستی عێراق دەکرێت، لە بەرامبەریشدا هاوردەکردنی لە ئێران و تورکیاوە قەدەخەکراوە.
مەبەست لە بڕیاری قەدەخەکردنی هاوردەی هێلکە، پاراستنی بەرهەمی نێوخۆییە.
حەیدەر فەرحان دەڵێت، "هۆکارێکی دیکەی سەرەکیی ئەوەیە کە لە ماوەکانی رابردوو نەخۆشیی نیوکاسڵ لەنێو بەشێک لە مریشکەکانی هەولێر بڵاوببووەوە، بەڵام ئێستا نەخۆشییەکە بەڕێژەیەکی زۆر کەم ماوە و پێشبینی دەکەین کاریگەریی هەبێت لەسەر دابەزینی نرخەکەی".
لە سلێمانی هێلکە هەرزانترە
ئاکۆ محەممەد، نوێنەری خاوەن پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە لە سلێمانی بە رووداوی گوت، پێشتر لە رەمەزاندا نرخی هەر کارتۆنێک هێلکە بە نزیکەی 45 هەزا دینار بوو، بەڵام ئێستا بووەتە 55 هەزار، واتە نزیکەی 10 هەزار دینار گرانبووە.
ئاکۆ محەممەد گوتیشی، لە رەمەزاندا دەستەیەک هێلکە بە 4000 دینار بوو، ئێستا بووەتە 5 هەزار دینار.
لە دهۆک نرخی هێلکە گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە.
حاجی رەمەزان، بازرگانی هێلکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە مانگی 12ـی پارەوە خاوەن پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە، هەر کارتۆنێک بە نرخی کۆفرۆشیی 35 هەزار دەفرۆشنەوە، لەکاتێکدا بە کەمتر لە 55 هەزار دینار زەرەریانە. واتە لەوکاتەوە بە زەرەر کارەکانیان بەڕێ دەکەن.
گوتیشی، بە دەستەش نرخی هەر دەستەیەک هێلکە نزیکەی سێ هەزار دینارە.
پێویستیی رۆژانەی هەرێمی کوردستان 7 هەزار کارتۆنە، کە دەکاتە دوو ملیۆن و 500 هەزار هێلکە. بەرهەمهێنان دوو هێندەی ئەو بڕەیە، بۆیە بەشێکی زۆری هەناردە دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان 51 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ