ئێران لە گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی نزیکە ؟

29-05-2019
د. قەیوان سیوەیلی
نیشانەکردن ئێران
A+ A-
د.قەیوان سیوەیلی*

تویتەکانی سەرۆک ترامپ و ڕۆژانە هەواڵەکانی پەرەسەندنی گرژیی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە زۆربەمانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. چونکە پەرەسەندنی گرژییەکان ڕاستەوخۆ هۆکاری گۆڕانکاریی ڕادیکاڵی دەبن لە ناوچەکەماندا، بۆیە بەباشم زانی کۆمەڵە زانیاریەک لەسەر ئەم بابەتە بخەمە بەردەست خوێنەری کورد. 

لە کۆتاییەکانی جەنگی دووەمی جیهانیدا بۆمبی ئەتۆمی لەسەر شارەکانی هیرۆشیما، (کە لە جۆری یۆرانیۆم بوو) و پاشان ناکازاکی، (کە لە جۆری پلۆتۆنیۆم بوو) لە ژاپۆن تاقیکرانەوە. ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە ناوازەیە ڕێڕەوی شەڕەکەی بە سوودی ئەمریکا گۆڕی و کۆتایی بە جەنگی جیهانی هێنا و ئیمپراتۆری ژاپۆن خۆی بەدەستەوە دا. لەوە بەدواوە چەکی ئەتۆمی لە هیچ شەڕێکی دیکەدا بەکار نەهاتووە، بەڵام وزەی ئەتۆمی وەکو سەرچاوەیەکی تری سروشتی کەوتە نێو هاوکێشەی وزەگۆڕکێی جیهانەوە، بەتایبەتی لە بواری وەرگێڕانی وزەی کارەبا و پزیشکیدا. هەرچەندە لە مێژەوە بوو کە لێکۆڵینەوە لە بواری وزەی ناوەکی گەیشتبووە قۆناغەکانی کۆتایی، بەڵام لە پڕۆژەی نهێنی سەربازیی مانهاتندا (Manhaten-Project 1945) زانا ناودارە فیزیاییەکانی ئەمریکا لەژێر سەرپەرشتی ئۆپنهایمەر (J. Robert. Oppenheimer) توانییان چەکی ئەتۆمی دروست بکەن کە بەرهەمی ئەو پڕۆژەیە بۆمبەکانی هیرۆشیما و ناکازاکی بوو. لەمەدا ئەڵمانەکان دواکەوتن، ئەگەرنا ئێستا جوگرافیای سیاسیی جیهان بە شێوەیەکی تر دەبوو، پاشان لە درێژەی لێکۆڵینەوەکاندا چەکی هایدرۆجینیش تاقیکرایەوە کە گەلێک مەترسیدارتر و وێرانکەرترە بە بەروارد لەگەڵ چەکی ئەتۆمی، ئێستا زۆربەی وڵاتە زلهێزەکان خاوەنی هەردوو جۆری چەکی وێرانکەرن. 

وا نزیکەی حەفتا ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوەدا تێدەپەڕێت و زانیاریی ناوەکی بەشێوەیەکی بەربڵاو لە زۆربەی زانکۆ ناودارەکانی جیهاندا دەخوێنرێت و گەیشتن بە تەکنۆلۆجیای ناوەکی کارێکی وەها دژوار نییە، تەنیا ئەدرەسی کۆمەڵە زانایەکی وزە و فیزیای وەکو قادرخانی پاکستانی بزانیت، ئیتر لەو بەدواوە لە ئامانجەکەت نزیک دەبیتەوە. تەنانەت بەندەش وەکو کوردێک چەند جارێک لە کاتی خوێندی باڵامدا بۆ شارەزایی لە چۆنێتی کارکردن و بەڕێوەبردنی وێستگەی ئەتۆمی لە ئەڵمانیا سەردانی وێستگەی ئەتۆمی بۆ وەرگێڕانی وزەی کارەبام کردووە. 

زۆر بە ئاسانی، بۆ گەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی پێویستت بەم کەرەسانەی خوارەوە هەیە: 

1.شەست تا حەفتا کیلۆ پلۆتۆنیۆم (Pu239) ی پوختەی پاڵێوراو. 

ئەم توخمە لەو وڵاتانە وەچنگ دەکەوێت کە خاوەنی وێستگەی ئەتۆمین بۆ وەرگێڕانی وزەی کارەبا، واتە لەنێو ڕیاکتۆری وێستگەکەدا یۆرانیۆم (U235) لە تەقینەوەی زنجیرەییدا پاش وەرگرتنی چەند نیترۆنێک (Netron) وەردەگێڕدرێت بۆ توخمی ئیزۆتۆپی پلۆتۆنیۆم .(Pu239) باشترین ناونیشان بۆ گەیشتن بە توخمی پلۆتۆنیۆم (Pu239) وڵاتەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا یاخود رووسیای کۆن. یاخود ئەو وڵاتانەی کە پاشماوەی ئەتۆمی نێو وێستگەکان دووبارە پوختە و جیادەکەنەوە. 

ئەگەر پلۆتۆنیۆمیشت وەگیر نەهات، ئەوا دەتوانی لە ئامێری سەنتریفیوجەکاندا بۆ کاتێکی زۆرتر یۆرانیۆمی (U235) پوختە لە کەرەسەی خاوی یۆرانیۆم بپاڵێوی تاکو پوختەکەی دەکاتە سەرووی 90% کە ئەمەش تەنیا کاتێکی زۆر و بڕێکی زۆری یۆرانیۆمی خاوی دەوێت. بۆ گەیشتن بە یۆرانیۆمی خاویش، وڵاتەکانی ڕووسیا، ئۆزبەکستان، کازاخستان و وڵاتە ئەفریقاییەکانی وەکو ئەفریقای باشوور، نامیبیا، گابۆن خاوەنی بڕێکی زۆری یۆرانیۆمی خاون و زۆریش دوورەدەست نین.
 
ئامێری سەنتریفیوج ئەو ئامێرەیە کە یۆرانیۆمی (U235) لە یۆرانیۆمی خاو بەهۆی جیاوازیی فیزیای کێشیانەوە پوختە و جیادەکاتەوە. 
 
2. لوولە ئاسنێکی باش کە بتوانین بڕی کۆکراوەی پلۆتۆنیۆمەکەی تێدا جێ بکەینەوە.
3. نزیکەی 100 تا150  کیلۆگرام تی ئێن تی. 

4. ئامێرێکی کۆنترۆڵ کە لە دوورەوە بتوانین کەرەسەی تی ئێن تییەکە بتەقێنینەوە. 

بەهۆی فشاری تەقینەوەکەوە توخمی پلۆتۆنیۆمەکە وەها دەگوشرێت و گەرم دەبێت کە دەگاتە ئەوەی تەقینەوەی زنجیرەیی لە نێویدا ڕووبدات.  
 
هەروەکو لەوەپێش ئاماژەمان بۆ کرد، گەیشتن بە زانیاری ئەتۆمی پاش ساڵانێکی زۆر توێژینەوە کارێکی ئاسان و ساکارە، بۆیە گەیشتن بە خاوەندارێتی وزە و چەکی ئەتۆمیش ئەوەندە سەخت و دژوار نییە. 

هێڵی مەترسیداری سوودوەگرتن لە وزەی ئەتۆمی بوارە سەربازییەکەیەتی، کە بەداخەوە ڕێچکەی سوودوەرگرتن لە بواری مەدەنی (وەرگێڕانی وزە، بواری تەندروستی) و بواری سەربازی ئەوەندە لێکنزیکن، جیاکردنەوەیان ئاسان نییە و پێویستی بە چاودێرییەکی چڕوپڕی زانستی و پڕۆفێشناڵ هەیە، چونکە هەمان ئەو ئامێرانەی یۆرانیۆمی (U235) لە یۆرانیۆمی خاو بۆ مەرامی ئاشتی پوختە دەکەن (دەپاڵێون، واتا سەنتریفیوجەکان) ئەگەر بۆ ماوەیەکی زیاتر لەکاردابن، ئەوا هەمان بڕی پێویستی یۆرانیوم (U235) بۆ بۆمبی ئەتۆمی پوختە دەکەن و دەپاڵێون، بۆمبی ئەتۆمی پێویستی بە یۆرانیۆم بە چڕیی 90% تا 95% هەیە، بەڵام بۆ وەرگێڕانی وزە، وێستگەی ئەتۆمی پێویستی بە یۆرانیۆم بە چڕیی 4% تا 5% هەیە بۆ کاری مەدەنی. واتە بیرۆکە و ڕێچکەی توێژینەوە یەکێکە و ئامێرەکانیش گشتیان یەک کۆمەڵە ئامێرن. بەهەمان شێوەش لە کاتی وەرگێڕانی وزەی ئەتۆمیدا لەنێو وێستگە و ڕیاکتۆرەکان دەتوانرێت مادەی پلۆتۆنیۆم (Pu239) بەرهەم بهێنرێت کە ئەویش هەروەکو لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، کەرەسەی سەرەکیی بۆمبی ئەتۆمییە. زۆربەی وڵاتەکانی هیندستان، پاکستان، کۆریای باکوور و ئیسرائیل سەرەتا گوایە بۆ بواری سیڤیل و ئاشتی دەستیان بە کاری تۆیژینەوەی وزەی ناوەکی کرد، بەڵام لای گشتمان ئاشکرایە کە ئێستا گشتیان خاوەنی بۆمبی ئەتۆمین، واتە دەرگای چوونە ژوورەوەی بواری ئاشتی و سیڤیلی وزەی ناوەکی لەگەڵ چوونەژوورەوە بۆ نێو بواری سەربازی هیچ جیاوازیەکیان نییە. 

بەداخەوە لە گشت میدیا کوردییەکاندا بەبێ جیاوازی، بەهەڵە باسی قۆناغی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران دەکەن، ئەوانیش بە هەڵە لە میدیا عەرەبیەکانیان وەرگرتووە، کە ئەمە هەڵەیەکی زۆر زەقی زانستییە، چونکە ئێستا ئێران لە قۆناغی پاڵاوتن و پوختەکردنی یۆرانیۆم (U235) دایە لە دەرەوەی وێستگەکانی وزە، هەر کاتێک گەیشتە قۆناغی پیتاندن ئەوا ئیتر کار لەکار ترازاوە و گەیشتوونەتە ئامانجی خۆیان. 

بەپێی لێکتێگەیشتنی وڵاتانی (5+1) و ئێران لە ساڵی 2015، ئێرانییەکان بۆیان هەبوو بڕێکی دیاریکراوی  300کیلۆگرام یۆرانیۆم تا پلەی %3,67 پوختە بکەن و لەنێو وڵات بیهێڵنەوە و لەو بڕە زیاتر، یان دەبێت بیفرۆشن، یاخود لە وڵاتێکی تر دایبنێن، بەڵام ئێستا هەڕەشەی ئەوە دەکەن کە ڕێژەی پوختەی یۆرانیۆم (U235) بۆ چەند هێندە زیاد بکەن تا دەگاتە (%20)، ئەگەر تا کۆتایی مانگی داهاتوو (حوزەیران) ئابڵوقەی ئابووری لانەبرا و وڵاتانی (5+1) بەندەکانی گرێبەستی ساڵی 2015 یان جێبەجێ نەکرد، ئەوا ئێران بەبێ هیچ سنوورێک یۆرانیۆم پوختە دەکات و دەپاڵێوێ، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران خۆی خاوەنی بڕێک سەرچاوەی سروشتیی یۆرانیۆمی خاوە. هەروەکو ئاماژەشمان بۆ کرد، بۆمبی ئەتۆمی پێویستی بە یۆرانیۆمی (U235) پوختەی پاڵێوراو بە چڕیی(90%) هەیە، واتە تەنیا شتێک کە ئێران پێوستی پێیە کاتێکی چەند مانگەیە و هیچی تر. 

بەڵام لەنێو ڕیاکتۆری وێستگە ئەتۆمیەکانیاندا کە وزەی کارەبا بەرهەمدەهێنن وەکو وێستگەی بووشەهر، ڕۆژانە کاری پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ وەچنگخستنی وزەی گەرمی و پاشان بۆ وزەی کارەبا ڕوودەدات. 

لێرەدا دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامە کە ئێرانییەکان زۆر لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیەوە نزیکن و لەبەر ڕۆشنایی ئاستی پەرەسەندنی بەرنامەی مووشەکە دوورهاوێژەکەشیان کە چەند جارێک بە ئاشکرا تاقیکراونەتەوە، هیچ گرفتی گواستنەوەی بۆمبەکەیان بۆ ئامانجە دووردەستەکان نەماوە. 

*شارەزا لە بواری وزە


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە