رووداو - هەولێر
دوای ئەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە دەبێت وڵاتان رێژەی هاوردەکردنی نەوتی ئێران بۆ رێژەی 0% دابەزێنن، هەندێک لە پاڵاوگەکانی ئاسیا بەدوای جێگرەوەی نەوتی ئێرانیدا دەگەڕێن.
کۆمپانیاکانی پاڵاوتنی نەوت لە تایوان، ژاپۆن، کۆریای باشوور و ئیمارات هەوڵدەدەن ئاستی هاوردەکردنی نەوتی ئێران بە رێژەیەکی زۆر تاوەکو رادەی سفر دابەزێنن، مەترسی ئەو بابەتە لە هەڵکشانە، چونکە ئەمریکا رایگەیاندووە، کە هیچ وڵاتێک بۆی نییە نەوت لە ئێران بکڕێت، وەزارەتی نەوتی هیندستانیش داوا لە پاڵاوەکانی وڵاتەکەی دەکات خۆیان بۆ دابەزینی هاوردەکردنی نەوتی ئێران ئامادەبکەن.
وەزیری نەوتی هیندستان لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پاڵاوگەکان داوایکردووە کە جێگرەوەیەک بۆ نەوتی خاوی ئێران بدۆزنەوە.
کۆمپانیای فیوجی ژاپۆنی و فرمۆزای تایونی بۆ پێترۆکیماییەکان لەهەوڵدان تەواوی هاوردەکردنی نەوتی ئێرانی رابگرن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتاییان لەو بارەیەوە دەرنەکردووە، لە دوبەیش کۆپانیای ئێنۆک بەدوای جێگرەوەی نەوتی ئێرانیدا دەگەڕێت. هەروەها بەشێک لە پاڵاوگە کۆرییاکانیش هاوردەکردنی نەوتی ئێرانیان راگرتووە.
گوتەبێژی کۆمپانیای JXTG، کە گەورەترین کۆمپانیای ژاپۆنییە بۆ پاڵاوتنی نەوت رایگەیاندووە، کە پابەندی بڕیاری حکومەتەکەیان دەبن لە بارەی هاوردەکردن، لە کاتێکیش ئەگەر هاوردەکردنەکە وەستا بەدوای جێگرەوەکەی دەگەڕێن لە شوێنی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و رۆژئاوای ئەفریقا.
لە کۆریای باشووریش، هەر یەکە لە کۆمپانیاکانی SK و هانهاو و هیوندای ئۆیل بانک رایانگەیاندووە کە هاوردەکردنی نەوتی قورس لە ئێران رادەگرن و بە دوای بەرهەمی جێگرەوەی دیکە وەک نەفتا دەگەڕێن.
رێژەی ئەو زیانە دیار نییە کە ئێران دووچاری دەبێت لەو سزایە، بەڵام زۆربەی سەرچاوەکان لە بازاڕ ئاماژە بەوە دەدەن، کە ئەو رێژەیە لە دەوروبەری 500 هەزار بەرمیل نەوتە رۆژانە.
لۆرد جۆن براون سەرۆکی پێشووی کۆمپانیای BP لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، کە پێشبینی دەکرێت ملیۆنێک بۆ ملیۆنێک و نیو بەرمیل نەوتی ئێرانی رۆژانە لە بازاڕەکاندا کەمبکات.
ئێران لەو بارەیەوە دەڵێت، ئەستەمە تاوەکو مانگی تشرینی دووەم نەوت لە بازاڕی جیهانی بکشێنینەوە. بەرپرسێکی ئێرانی دەڵێت، ئێران ئاماژەی بەوەداوە کە توانای بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران 2.5 ملیۆن بەرمیلە رۆژانە.
پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ