مانگی داهاتوو دەست بەهەڵکەندنی بیرەنەوتی شیرین یەک دەكرێت

30-05-2014
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن نەوت كوردستان
A+ A-

رووداو- هەولێر

مانگی داهاتوو کۆمپانیای پترۆسێڵتیك ئینتەرناشناڵی ئێرلەندی بۆ گەڕان بەدوای نەوت و غاز لە جیهاندا، دەست بە هەڵکەندنی بیرە نەوتی شیرین یەک دەکات لە هەرێمی کوردستان.

برایان ئۆکاسین، سەرۆکی کارگێری کۆمپانیای پترۆسێڵتیك رایگەیاند: "هەوڵەکانی کۆمپانیای پترۆسێڵتیك بۆ گەڕان بەدوای نەوت لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان، میسر و رۆمانیا بەپێی پێشبینییەکانی کۆمپانیاکە نەبووە، چونکە ئەو یەدەگە نەوتییەی لەو ناوچانەدا دۆزراوەتەوە زۆر کەمە".

برایان ئۆکاسین گوتیشی "سەرەڕای ئەوش ئەو زانیارییانەی لەو ناوچانەدا کۆمانکردوونەتەوە، دەکرێ وەک بنەمایەک پەنای بۆ ببرێ بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ناوچانەی کۆمپانیاکە لە داهاتوودا کاری گەڕان بەدوای نەوت ئەنجام دەدات".

سەرۆکی کارگێری کۆمپانیای پترۆسێڵتیك راشیگەیاند "کۆمپانیای پترۆسێڵتیك مانگی داهاتوو دەست بە هەڵکەندنی بیرە نەوتی شیرین یەک دەکات لە هەرێمی کوردستان و بڕیارە هەڵکەندنی ئەو بیرە 150 رۆژ بخایەنێ".

کۆمپانیای پترۆسێڵتیك ئینتەرناشناڵی ئێرلەندی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقاو دەریای ناوەند، دەریای سوور و دەریای رەش کاری گەڕان بەدوای نەوت ئەنجام دەدات و سەنتەری سەرەکی لە شاری دبلنە لە ئێرلەندا.

هاوکات کۆمپانیای پترۆسێڵتیك لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئیتاڵیا، بولغاریا، میسر، یۆنان، رۆمانیا و جەزائیر کاری گەڕان بەدوای نەوت ئەنجام دەدات.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە