رووداو دیجیتاڵ
وەبەرهێنەرێکی فەرەنسی بە سەرمایەی زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار، گەورەترین نەمامگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەولێر دەکاتەوە.
محەممەد مزووری، بەرپرسی بەشی ئابووری لە کۆنسووڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ دروستکردنی نەمامگەکە و لە چەند رۆژی داهاتوودا بەردی بناخەی دادەنرێت، نەمامگەیەکی زۆر گەورەیە، بەشی یەکەمی پڕۆژەکە ماوەی ساڵێکی پێویستە بۆ تەواوبوون و کردنەوەی.
نەمامگەکە لەسەر رووبەری 25 دۆنم زەوی لە قوشتەپە لە سنووری هەولێر دروست دەکرێت. بەرپرسی بەشی ئابووری لە کۆنسووڵخانەی فەرەنسا گوتی: "ئێمە دەمانەوێت لە پڕۆژەکە زۆرترین دەرفەتی کار بۆ ژنان بێت".
قەبارەی وەبەرهێنانی فەرەنسی لە عێراق لە کەرتی نانەوتی زیاتر لە سێ ملیار دۆلارە؛ ئەویش بە کارکردن لە کەرتەکانی پیشەسازی، خۆراک و کشتوکاڵ.
بە گوتەی محەممەد مزووری، قەبارەی بازرگانیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا 5٪ زیادیکردووە: "ساڵانە قەبارەی بازرگانی دەگەیشتە 400 ملیۆن دۆلار، بەڵام ئەم ساڵ پێشبینی دەکەین بگاتە 500 ملیۆن دۆلار". هۆکاری زیادبوونەکەی گەڕاندەوە بۆ جێگیربوونی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار.
٪80ی ئەو کاڵایانەی لە فەرنساوە هاوردەی عێراق دەکرێن و دێنە بازاڕەکانی هەرێمی کورستان، کاڵای تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ، جوانکاری، دەرمان و چەند بەرهەمی دیکەن.
بەرپرسی بەشی ئابووری لە کۆنسووڵخانەی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین کۆمپانیای فەرەنسی لە عێراق، لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەشێوەیەک لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 45 کۆمپانیای فەرەنسی کاردەکەن و لە عێراق یەک بۆ دوو کۆمپانیا هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ