جەژن نرخی تیکیتی فڕۆکەی بۆ تورکیا و ئێران فڕاندووە

30-08-2017
شادیە رەسول
ھەندێک لە نووسینگەکانی گەشتوگوزاری دوو ھەفتەیە سەرجەم بلیتەکانیان فرۆشتوون
ھەندێک لە نووسینگەکانی گەشتوگوزاری دوو ھەفتەیە سەرجەم بلیتەکانیان فرۆشتوون
نیشانەکردن جەژن ئێران تورکیا فڕۆکە
A+ A-

رووداو - سلێمانی 

بەهۆی زۆری خواستی هاونیشتمانیان بۆ گەشتکردن لە جەژنی قوربان بەرەو وڵاتانی تورکیا و ئێران، نرخی تیکیتی فڕۆکە بۆ ئەو دوو وڵاتە بەرزبووەتەوە و بەزەحمەت دەستدەکەوێت.

سۆران جەمال، هاونیشتمانییەکی باشووری کوردستانە و بۆ پشووەکانی جەژنی قوربان لەگەڵ ھاوڕێکانی بۆ گەشت روو لە وڵاتی ئێران دەکات. ئەو، ساڵانە تەنیا گەشتێک ئەنجامدەدات.

سۆران جەمال دەڵێ "لەبەرئەوەی پشووی جەژن زۆرە، وڵاتی ئێرانمان لەگەڵ ھاوڕێکانمدا ھەڵبژاردووە بۆ ئەوەی بۆ گەشت ناوچە گەشتیارییەکانی ئەو وڵاتە بگەڕێین. ئەوێ شوێنێکی خۆشە و ئەگەر کرابا و قەیران نەبووایە، دەمانتوانی زۆرترین کات گەشت بکەین، بەڵام ھێشتاش رەوشەکە خراپ نییە".

چیل ئەسعەد، ھاونیشتمانییەکی دیکەی سلێمانییە و دەڵێ "ئێمە، بڕیارمانداوە بچینە تورکیا، چونکە شوێنێکی خۆشە و دەتوانین بەپێی گیرفانی خۆمان بڕۆینە ئەو شوێنە، بەڵام لەم کاتانەدا کێشەکە ئەوەیە لە بۆنەکاندا نرخی بلیتەکان بەرزدەبنەوە و ئەمەش کێشەی زۆرمان بۆ دروست دەکات".

تاوەکو پشووی جەژنی قوربان نزیکتر ببێتەوە، نووسینگەکانی گەشتیاری قەرەباڵختر دەبن. بەگوتەی ھەندێک لە نووسینگەکانی گەشتوگوزار، ماوەی دوو ھەفتەیە سەرجەم بلیتەکانیان بۆ وڵاتی تورکیا و ئێران فرۆشراوە، بەڵام ئێستا  نرخی ئەو بلیتانەی دەستدەکەون دوو ھێندە بەرزبوونەتەوە.

حەمرین خالید، کارمەندی نووسینگەی گەشتیاری دەڵێ "لە بۆنەکاندا بەھۆی زۆربوونی خواست، ئەو کێشەیە دروست دەبێت. کێشەکە بۆ ئەم جەژنە ئەوەیە نرخی بلیت بەرزبووەتەوە، ئەگەر پێشتر بە 150 دۆلار بووبێت، ئێستا بووەتە 300 دۆلار، هێڵەکانی فڕۆکەوانیش ھەندێکجار خۆیان ئەوکارە دەکەن. کاتێک دەزانن خواست زۆرە، نرخەکان بەرزدەکەنەوە سەرەڕای ئەوەش خەڵک ھەر دەڕوات".

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە رۆژانی پشوودا بەھۆی ھاتن و رۆیشتنی گەشتیارانەوە جەنجاڵ بووە، ئامادەکاریی ئەم جەژنە چڕوپڕترن بەھۆی رێژەی زۆری ھاتن و رۆیشتنی گەشتیارانەوە، چونکە لە جەژنی رابردووشدا گەشتیاران قورسایی زۆریان خستبووە سەر شانیان.

تاھیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەڵێ "بەھۆی وەرزی گەشتیاری و بۆنەکانەوە، ئەمساڵ جیاواز لە ساڵی رابردوو گەشتیارێکی زۆر ھاتبوون و رۆیشتبوون، ئەمە وایکردووە گەشتەکان و قەرەباڵخی زیاتر بێت لەسەر فڕۆکەخانەکەمان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری زۆری ھەیە بۆ ناوخۆی ھەرێمی کوردستان".

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ھەفتانە زیاتر لە 140 گەشتی ھاتن و رۆیشتنی ھەیە بۆ وڵاتانی دراوسێی و ئەوروپا، بەڵام بەھۆی نزیکی و کەمی خەرجی تێچوونەوە، زۆرترین فڕۆکەکان لە سلێمانییەوە بەرەو ئیستەنبوڵ و تاران دەفڕن.



پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە