مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی زیاتر لە 40 هەزار خێزان لە کەرکووک بڕدراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای کەرکووک دەڵێ، چەند هۆکارێکی جیاواز وایکردووە مووچەی زیاتر لە 40 هەزار خێزان ببڕدرێ و لە بەرامبەردا نزیکەی 45 هەزار خێزانی دیکە لە وەرگرتنی مووچە بەردەوامن. لە عێراق بە گشتیی مووچەی چاودێرییی کۆمەڵایەتی زیاتر لە 380 هەزار کەس بڕدراوە.
 
ئەحمەد یەحیا، بەڕێوەبەری بەشی پاراستنی کۆمەڵایەتیی پیاوان لە کەرکووک، ئەمڕۆ شەممە 31ی کانوونی دووەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "44 هەزار و 991 خێزان لە کەرکووک مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن، بەڵام مووچەی 40 هەزار و 329 خێزانی دیکەش راگیراوە."
 
سەبارەت بە هۆکارەکانی بڕینی ئەو مووچانە، ئەحمەد یەحیا ئاماژەی بەوە کرد کە زۆرینەی ئەو خێزانانە ناویان لە فەرمانگە و وەزارەتەکانی دیکەدا هەبووە یان دەرکەوتووە کە خانەنشینیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی وەردەگرن یان خاوەنی ئۆتۆمبێلی گرانبەها، ئامێری کشتوکاڵی یان زەویی کشتوکاڵین؛ هەروەها هەندێکیان فێڵیان لە لیژنەکانی گەڕان کردووە یان لە دەرەوەی سنووری کارگێڕیی پارێزگاکە نیشتەجێن.
 
زیاتر لە 60 هەزار خێزان چاوەڕێی مووچەن
 
بەڕێوەبەری بەشی پاراستنی کۆمەڵایەتیی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، "دۆسیەی 60 هەزار و 897 خێزان لە قۆناخی وردبوونەوە لە ئەنجامی هەژاریدان و چاوەڕێی تەرخانکردنی بودجەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەن مووچە، هەروەها دەبێ لیژنە سەردانی 7 هەزار و 295 خێزان بکات و لە دۆخ و دۆسیەیان وردبێتەوە."
 
ئەو بەرپرسەی کەرکووک گوتی، پرۆسەی گەڕانی مەیدانی لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بە کاتی راگیراوە، ئەوەش بەهۆی ئامادەکاری بۆ کارکردن بە سیستمێکی نوێی ئەلیکترۆنی کە لە رێگەی ئامێری تابلێت و دیاریکردنی شوێن (GPS) کار دەکات.
 
یاسای چاودێریی کۆمەڵایەتی کێ دەگرێتەوە؟
 
بەگوێرەی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2024ی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە عێراق، ئەم توێژانە دەتوانن مووچە وەربگرن ئەگەر لەژێر هێڵی هەژاریدا بن: کەسی بێکار، ژنێکی جیابووەوە، هاوژینی کەسی زیندانیکراو، کچێک کە تەمەنی سەروو 35 ساڵ بێت، منداڵی بێسەرپەرشت، ئەو ژنانەی لەلایەن هاوژینەکانیانەوە جێهێڵدراون و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
 
حەسەن خوام، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە عێراق مووچەی زیاتر 380 هەزار کەس بڕدراوە کە بە نایاسایی لە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی سوودمەند بوون."
 
حەسەن خوام گوتی، ئەو کەسانە بەسەر چەند چینێکدا دابەشبوون. بەشێکیان فەرمانبەر بوون یان هاوژینیان فەرمانبەر بووە؛ هەندێکی دیکەیان قەرزیان لە بانکەکان وەرگرتووە. ئاشکرابوونی ئەو کەسانە لە رێگەی بەستنەوەی تۆڕی زانیاریی وەزارەتەوە بووە بە وەزارەتەکانی دیکە، بانک و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە.
 
سەبارەت بە وردەکاریی سەرپێچیکاران، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق گوتی، 8 هەزار و 500 کەسیان لە کەرتی تایبەت کاریان کردووە و لە رێگەی پارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە ئاشکرا بوون؛ زیاتر لە 62 هەزار کەسیان خاوەنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز بوون.
 
حەسەن خوام گوتی، ئەو کەسانە جگە لە بڕینی مووچەکانیان، دەبێت ئەو پارەیەی بە نایاسایی وەریانگرتووە بیگەڕێننەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "تاوەکو ئێستا 150 ملیار دینار لەو کەسانە وەرگیراوەتەوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، لە وەزارەتەکەیان 2 ملیۆن و 124 هەزار خێزان مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق مانگانە بۆ دابینکردنی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی، پێویستی بە 420 بۆ 440 ملیار دینارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆنسەی زێڕ. وێنە: Reuters

زێڕ 9٪ـی بەهاکەی لەدەستدا؛ ئێستا ئۆنسەی بەچەندە؟

نرخی زێڕ رۆژی هەینی لە دوایین رۆژی مامەڵەکاندا، دوای ئەوەی بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی و نزیکبووەوە لە 5,600 دۆلار، داڕما.