رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی باڵای کۆمپانیای قەمەر ئینێرجی دەڵێت، رەنگە هەرێمی کوردستان سازش بکات و رێگە بدات بۆ ماوەیەکی کاتی سۆمۆ کۆنترۆڵی نەوتەکەی بکات. دەشڵێت، پێشهاتەکان کاریگەرییان لەسەر وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان هەبووە.
رۆژی هەینی، 31-03-2023، مەریەم سەلمان، راوێژکاری باڵا لە کۆمپانیای قەمەر ئینێرجی میوانی بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 14.00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ئێستا بەهۆی وەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و تاوەکو ماوەیەک بە ناجێگیری دەمێنێتەوە، ئەگەر بەرادەیەکی کەمیش بێت.
مەریەم سەلمان دەشڵێت، پاڵاوگە نەوتییەکانی ناوچەی دەریای نێوەڕاستیش نیگەران بوون لە وەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، چونکە ناتوانن نەوتی هەرێمی کوردستان بکڕن و ناشیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سۆمۆ بخەنە مەترسییەوە.
ئەو راوێژکارە باس لەوەش دەکات، "وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوار بە عێراق دەدات نەوتی زیاتر بەرهەمبهێنێت کە تاوەکو ئێستا بەهۆی سنووربەندییەکانی ئۆپێك پڵەسەوە نەیتوانیوە ئەو کارە بکات، ئەوەش داهاتەکانی زیاد دەکات". دەشڵێت، بەم کارە "هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر باری کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت لە چوارچێوەی رێکارەکانی ئۆپێک پڵەس".
راوێژکارەکەی قەمەر ئینێرجی باسی گوتی، توانای ئێستای کۆگاکردن لە هەرێمی کوردستان زۆر سنووردارە، بۆیە کۆمپانیاکان ناچاربوون ئاستی بەرهەمهێنان بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو کەمبکەنەوە.
لەبارەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکانیشەوە مەریەم سەلمان دەڵێت، ئەگەر بەغدا کۆنترۆڵی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات، ئەگەرێکی زۆر لاوازە قەرزەکانی سەر هەرێمی کوردستان بداتەوە، چونکە ئەگەر ئەو قەرزانە بداتەوە، گرژی لە نێوان سوودانی سەرۆکوەزیران و لایەنە تووندڕەوەکانی بەغدا دروستدەبێت.
ئەو راوێژکارە زیاتر دەڵێت، دواکەوتن لە دانەوەی قەرزەکان گوشاری زیاتر لەسەر هەرێمی کوردستان دروستدەکات تاوەکو لەگەڵ بەغدا بگاتە رێککەوتن.
لەبارەی ئەگەری رێککەوتنی هەولێر و بەغداشەوە مەریەم دەڵێت، لە دوای بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانیی پاریس، هەموو پێشهاتەکان ئاماژە بە گەیشتن بە رێککەوتن دەکەن، چونکە هەرچەندە ئەمە وەکو سەرکەوتن بۆ بەغدا بێتە بەرچاو، بەڵام بەغداش هەمان زیانی هەرێمی کوردستانی بەردەکەوێت، ئەگەر زیاتریشی بەرنەکەوێت.
راوێژکاری باڵای قەمەر ئینێرجی گوتیشی، "پێموایە هەردوولا [هەولێر و بەغدا] دەتوانن سوود لە گفتوگۆکانی ئەم دواییەیان وەربگرن لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بوودجەی 2023 و بگەنە رێککەوتنێکی کاتی کە بوار بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدات". باسی لەوەشکرد، "پێموایە بەهۆی ئەوەی ئێستا پێدەچێت هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی نەخوازراودا بێت، رەنگە سازش بۆ بەغدا بکات و رێگە بە سۆمۆ بدات بۆ ماوەیەکی کاتی کۆنترۆڵی نەوتەکەی بکات تاوەکو ئەوکاتەی دەگەنە رێککەوتنێکی گشتگیر".
ئەو راوێژکارە گوتیشی، "یەکێک لەو پرسانەی دەبێت لەبەرچاوی بگرین ئەوەیە کە ئەم پێشهاتانە چۆن لە وەبەرهێنانەکانی داهاتوودا رەنگدەدەنەوە لە سێکتەری وزەی هەرێمی کوردستان". دەشڵێت، سوودوەرنەگرتن و وەبەرنەهێنان لە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی هیچ کام لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا نییە، چونکە لەم بارەدا عێراقیش دەبێت لەسەر حیسابی خۆی خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان دابینبکات و ئەگەری پڕکردنەوەی خواستی نێوخۆیی گازیش لە رێگەی گازی سرووشتیی هەرێمی کوردستانەوە لاوازدەکات.
لەبارەی رۆڵی تورکیاشەوە مەریەم سەلمان دەڵێت، ئێستا رۆڵی تورکیا لاوازە و نایەوێت ببێتە بەشێک لە هیچ کێشەیەکی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، "بە بڕوای من، ئەوەی رەنگە عێراق بیەوێت بیکات ئەوەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بەهێزتر بکات و بەکاری بهێنێت تاوەکو هەرێمی کوردستان بخاتە چوارچێوەی یاسا فیدراڵییەکان و لەمیانەیەوە نەوتەکەی لە رێگەی سۆمۆوە هەناردە بکات".
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەو راوێژکارە گوتی، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا رەنگە پشتیوانی بۆ هەرێمەکە دروستبکات لەوەی دەسەڵاتێکی ئۆتۆنۆمی هەبێت بەسەر هەناردەی نەوتەکەی، بەڵام حکومەتی عێراق چاودێریی بکات. دەشڵێت، "ئەمە باشترین حاڵەت نییە، بەڵام رێککەوتنێک کە سوودی هەرسێ لایەن [هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا]ـی تێدابێت، ئەوەیە هەرێمی کوردستان هەناردەی نەوتەکەی دەستپێبکاتەوە، بەڵام بە جۆرێک لە جۆرەکان، حکومەتی فیدراڵیی عێراق چاودێریی هەناردە بکات".
لەبارەی کاریگەرییەکان لەسەر وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانیشەوە مەریەم سەلمان دەڵێت، لەم دواییانەدا پاڵنەرە ئەرێنییەکان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لاوازبوون، ئەوەش بەهۆی بیمە، کێشەی پێدانی شایستە داراییەکان و کۆمەڵێک بابەتی دیکەوە، کاتێكیش ساڵی رابردوو دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە نایاسایی ناساند، ئەمە بەشێوەیەک هاتە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە بەغدا براوە بووە.
ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم بڕیارەی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی پاریس گوشاری زیاتر دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ بەغدا، تاوەکو سەرنجی وەبەرهێنەران لەدەست نەدات.
.jpg&w=3840&q=75)

