ئۆنسەیەک زێڕ بە زیاتر لە 4 هەزار دۆلارە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 20 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 4040 دۆلارە. دواتر کەمێک نرخەکەی دابەزی و ئێستا بە 4010 دۆلارە.
لەسەر ئاستی هەفتانەش، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لەکاتی کرانەوەی بازاڕ لە رۆژی دووشەممەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 80 دۆلار دابەزیوە، بەوەش نزیکە لەوەی بۆ دووەمین هەفتەی لەسەریەک بە دابەزین کۆتایی بە مامەڵەکانی هەفتانە بهێنێت.
لە هەرێمی کوردستانیش بەپێی دوایین نرخ کە سەندیکای زێڕنگران ئێوارەی دوێنێ بڵاویکردووەتەوە، نرخی مسقاڵی زێڕ بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 685 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 800 هەزار دینارە.
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 838 هەزار دینارە.
کاتێک ئەم نرخانەی مسقاڵ بڵاوکرانەوە، ئۆنسەیەک زێڕ بە 3994 دۆلار بوو. بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ یان سبەی نرخی نوێ بڵاوبکرێتەوە و ئۆنسە لەو ئاستەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەگەر هەیە نرخی مسقاڵێک زێڕ تاوەکو 5 هەزار دینار گران ببێت.
لێدوانەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا و، کۆبوونەوەی سەرۆکانی ئەمریکا و چین هۆکاری سەرەکیی سنوورداربوونی نرخی زێڕن.
رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی بە رێژەی 0.25٪ کەمکردەوە.
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکاش رایگەیاند، بڕیاری پێشوەختە و دڵنیایی نییە لەبارەی کەمکردنەوەی رێژەکە لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ.
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکاش رایگەیاند، بڕیاری پێشوەختە و دڵنیایی نییە لەبارەی کەمکردنەوەی رێژەکە لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ. گوتیشی، لە مەودای کورتخایەندا، "مەترسیی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان هەیە."
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە دامەزراوەی (کەی سی ئێم ترەید) دەڵێت، "قسەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی زێڕ نەبوون".
پێشتر بازرگانان ئەگەری کەمکردنەوەی سوودی بانکییان بۆ مانگی 12 بە 91٪ دانابوو، بەڵام دوای گوتەکانی پاوڵ، ئەو ئەگەرە بۆ 74٪ کەمبووەتەوە.
کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە کاتی ئاسایی دا، زێڕ بەرزدەکاتەوە و دۆلار دادەبەزێنێت، بەو پێیەی خەڵک و وەبەرهێنەران هاندەدات پارەکانیان لە بانکەکان بهێننە دەرەوە، بەوەش خستنەڕووی دۆلار زیاد دەبێت و نرخەکەی دادەبەزێت.
دوێنێ پێنجشەممەش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ شی جینگ پین، سەرۆکی چین کۆبووەوە. ترەمپ دوای کۆبوونەوەکە گوتی، لەگەڵ سەرۆکی چین رێککەوتوون بۆ کەمکردنەوەی پێناسی گومرگی لەسەر چین و رێژەکەی بۆ 47٪ کەمکردەوە. ئەمەش گوشارەکانی لەسەر زێڕ زیاتر کرد.