راپۆرتێک: ئەم ساڵ کۆمپانیای ئەلفابێت و ئەپڵ زۆرترین داهاتیان هەبووە
رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی فاینانس چارتسی ئەمریکی کە تایبەتە بە داتای کۆمپانیا جیهانییەکان، بڵاویکردەوە، ئەم ساڵ کۆمپانیای ئەلفابێتی ئەمریکی 125 ملیار دۆلاری دەستکەوتووە، ئەمەش زۆرترین داهاتە کۆمپانیایەک لەم ساڵدا دەستیکەوتبێت.
ئەپڵ دووەم زۆرترین داهاتی هەبوو بە 112 ملیار دۆلار. هەروەها، کۆمپانیاکانی بێرکشایەر هاتوەی و نیڤیدا زۆرترین زیادبوونی داهاتیان لە پێنج ساڵی رابردوودا تۆمارکردووە.
ماڵپەڕی فاینانس چارتسی ئەمریکی راپۆرتێکی سەبارەت بە پڕداهاتترین کۆمپانیاکانی جیهان بڵاوکردەوە کە لە 10 کۆمپانیایان نۆیان ئەمریکین و یەکێکیان تایوانییە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، کۆمپانیای ئەلفابێت کە خاوەندارێتیی گووگڵ و ژمارەیەک کۆمپانیای دیکە دەکات، لە ساڵی 2025دا 125 ملیار دۆلاری دەستکەوت. بەمەش بووە خاوەن زۆرترین داهات لە ساڵی 2025دا. دوای ئەو کۆمپانیای ئەپڵ دێت کە 112 ملیار دۆلاری دەستکەوت.
10 پڕداهاتترین کۆمپانیاکان لە ساڵی 2025دا (ژمارەکان بە دۆلاری ئەمریکین):
ئەلفابێت: 125 ملیار
ئەپڵ: 112 ملیار
مایکرۆسۆفت: 105 ملیار
نیڤیدا: 99 ملیار دۆلار
ئەمازۆن: 76.48 ملیار
بێرکشایەر هاتوەی: 67.46 ملیار
مێتا: 58.5 ملیار دۆلار
جەی پی مۆرگان چەیس: 56.6 ملیار
تایوان سیمیکۆندەکتەر: 50.7 ملیار
ئای دی سی بی وای: 50.6 ملیار
ماڵپەڕەکە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە پێنج ساڵی رابردوودا کۆمپانیای بێرکشایەر هاتوەی 304٪ قازانجی بەراورد بە هەمان ماوەی پێشتری زیادکردووە. بەمە بووە یەکەم کۆمپانیا لەڕووی زیادبوونی داهات لەو ماوەیەدا. لە دوای ئەو کۆمپانیای نیڤیدا بوو کە 156.2٪ داهاتەکەی زیادیکردووە.
رێژەی زیادبوونی داهاتی کۆمپانیا خاوەن زۆرترین داهاتەکان لە ساڵی 2025دا:
بێرکشایەر هاتوەی: 304٪
نیڤیدا: 156.02٪
ئەمەزۆن: 88.92٪
مێتا: 26.59٪
ئەلفابێت: 22.84٪
تایوان سیمیکۆندەکتەر: 21.38٪
جەی پی مۆرگان چەیس: 17.15٪
مایکرۆسۆفت: 14.54٪
ئەپڵ: 3.91٪
ئای دی سی بی وای: 0.82٪
بەشێکی راپۆرتەکە تایبەت بوو بە بەهای کۆمپانیاکان لە بازاڕەکانی جیهاندا. بەهای بازاڕی نیڤیدا چوار هەزار و 549 ملیار دۆلاری ئەمریکیە و زۆرترینە لە جیهاندا. دوای ئەو کۆمپانیای ئەپڵ بە چوار هەزار و 37 ملیار دۆلار و ئەلفابێتیش بە سێ هەزار و 796 ملیار دۆلار دووەم و سێیەم گرانترین کۆمپانیای جیهان بوون.
بە بەهاترین کۆمپانیاکانی جیهان بە دۆلاری ئەمریکی:
نیڤیدا: 4،549 ملیار
ئەپڵ: 4،037 ملیار
ئەلفابێت: 3،796 ملیار
مایکرۆسۆفت: 3،630 ملیار
ئەمازۆن: 2،481 ملیار
مێتا: 1،682 ملیار
تایوان سیمیکۆندەکتەر: 1،263 ملیار
بێرکشایەر هاتوەی:1،089 ملیار
جەی پی مۆرگان چەیس: 880 ملیار
ئای دی سی بی وای: 372 ملیار