رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندی نێودار سەنا بەرزنجی بەرهەمێکی نوێی بە ناوی 'دوو کۆتر' بڵاوکردەوە. ئەم گۆرانییە کە بەشێکە لە ئەلبوومە نوێیەکەی بە ناوی 'پەپوولە'، لە گەڕەکە مێژووییەکانی شاری سلێمانی وێنەگیراوە. سەنا بەرزنجی لە لێدوانێکدا بۆ ڕووداو باس لە وردەکارییەکانی ئەلبوومەکە دەکات و جەخت دەکاتەوە کە ئەم بەرهەمەی وەک دیارییەک پێشکەشی خەڵکی سلێمانی کردووە.
سەنا بەرزنجە لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو ئاشکرای کرد، کە تەواوی کارە هونەرییەکانی ئەو ئەلبوومە، لە میلۆدییەوە تا دابەشکردنی مۆسیقا، لە ئێران و لەلایەن تیمی "SPB Production"ەوە ئەنجامدراون، کە ماوەی سێ ساڵە لەگەڵیان کار دەکات.
سەنا خۆی تێکستی ئەم گۆرانییەی نووسیوەو لە کۆپڵەیەکی گۆرانییەکەیدا دەڵێت:
وەک هەوری دوای باران جوانی
وەک ئاگرێک بۆم، گەرمی گیانی
گەر دڵم نیشتمانێک بێ تۆ کوردستانی
گەر باسی جوانیت بۆ بکەم تۆ سلێمانی
سەنا دەڵێت، سلێمانی شارێکی ئەوەندە جوانە، ویستوویەتی عەشقی دڵی خۆی بە جوانیی سلێمانی وەسف بکات. سەبارەت بە شوێنی وێنەگرتنی کلیپەکە، هونەرمەند ئاماژەی بەوە کرد کە گەڕەکەکانی سابوونکەران و گۆیژەی شاری سلێمانی هەڵبژاردووە تا بەم شێوەیە خۆشەویستیی خۆی بۆ ئەم شارە نیشان بدات.
سەنا بەرزنجی ئەم بەرهەمەی وەک دیارییەک پێشکەشی خەڵکی سلێمانی کردووە و راشیگەیاند کە لە ماوەیەکی نزیکدا ڤیدیۆی پشتپەردەی ئامادەکردنی کلیپەکەش بڵاودەکاتەوە.