دامەزراوەیەک لە پارێزگای سلێمانی، پەیکەرێک بۆ نووسەر و چیرۆکنووس شێرزاد حەسەن دروست دەکات. بەڕێوبەری دامەزراوەکە دەڵێ: "سەرەتای مانگی داهاتوو تەواو دەبێت." ئەمڕۆ سێشەممە 7-7-2026، شاخەوان سدیق، بەڕێوبەری دامەزراوەی (کەریمی ئەلەکە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەسەر ئەرکی د. تەها رەسوول، پەیکەرێک بۆ نووسەر و رۆشنبیر شێرزاد حەسەن دروست دەکرێت." بە گوتەی بەڕێوبەری دامەزراوەی کەریمی ئەلەکە، دروستکردنی پەیکەرەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە و سەرەتای مانگی داهاتوو تەواو دەبێت. پەیکەرەکە لەلایەن هونەرمەند (سامان ئەبوبەکر)ەوە دروست دەکرێت. شاخەوان سدیق دەڵێ: "لەبارەی شوێنی پەیکەرەکەوە جارێ رێکنەکەوتووین؛ پێویستە قسە لەگەڵ نووسەر و لایەنی حکومی بکرێت." تاوەکو ئێستا دامەزراوەی کەریمی ئەلەکە چەندین پەیکەری بۆ کەسایەتی، نووسەر و رۆشنبیران دروست کردووە؛ لەوانە سەلاحەدینی ئەیووبی، رەفیق سابیر، محەممەد موکری و حوسێن میسری. لەبارەی پێکهاتەی پەیکەرەکەی شێرزاد حەسەنەوە، ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "بەردی هاڕاوە و ئێستا لە قۆناخی قوڕ و قاڵبکردندایە." شێرزاد حەسەن لە ساڵی (1951 یان 1952) لە شاری ھەولێر لە گەڕەکی خانەقا لەدایکبووە. لە ساڵی 1974-1975 لە زانکۆی بەغدا بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی بەدەستهێناوە. ئەو نووسەرە 26 ساڵ لە بواری پەروەردەدا وەک مامۆستا و سەرپەرشتیار کاری کردووە، لە ساڵی 1994 تاوەکو حوزەیرانی 1997 لە بەشی پەروەردە و راگەیاندن لە رێکخراوی MAG کاری کردووە، بۆ ماوەی دوو ساڵیش سەرنووسەری گۆڤاری ئاوات و ھێڤی بوو، بۆ ماوەی شەش ساڵ لە رێکخراوی (یونیسکۆ) بۆ کاروباری پەروەردە کاری کردووە. کۆمەڵێک بەرهەمی ئەدەبی نووسیون و وەریگێڕاون؛ هاوکات چەندان کتێبی فیکریشی کردوونەتە کوردی.