ئامادەکردنی: محەممەد خالیس کورتەفیلمی کوردی (دەنگی شاخەکان) لە فێستیڤاڵێکی فیلم لە شاری ئەتڵانتای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نمایش کرا. فیلمەکە پەیامێکی رەخنەیی و مرۆییە و ناوەرۆکەکەی دژی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی نەتەوەی کوردە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکە. ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی تەممووزی 2026، ئارۆ هاوسەر، دەرهێنەری کورتەفیلمی (دەنگی شاخەکان) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم کورتەفیلمە شێوازێکی ئەزموونیی هەیە و چیرۆک نییە، پابەند نییە بە سەرەتا و ناوەرۆک و کۆتاییەوە، دژی جینۆسایدکردنی هزریی نەتەوەی کوردە لەلایەن وڵاتانی دراوسێمان، کە تێیدا ئاڵای کوردستان بە هێمای دەست دامانناوە، کە بە تەقاندنی گولـلەیەک رەنگی سپی نامێنێت و دەگۆڕێت بۆ سوور." دەرهێنەری فیلمەکە دەڵێ، "کاتی وێنەگرتنی کورتەفیلمەکە ئاداری ئەم ساڵ بوو و لە 19ی نیسان تەواو بوو. کاتی وێنەگرتن تەنیا یەک رۆژی خایاند، بەڵام بەهۆی کارەکانی ئامادەکردن و مونتاژ کرد بۆ مانگی نیسان دواکەوت." هەریەکە لە کیژان حوسێنی، باوان ئاوات و ساڤیا سەلام، وەکو ئەکتەر لە فیلمەکەدا رۆڵیان گێڕاوە. ئارۆ هاوسەر دەڵێ، "لەرێگەی ماڵپەری (فیلم فرێوەیەوە) فیلمەکەم پێشکەش بە چەندین فێستیڤاڵی جیاواز کردووە و لە یەکێک لە فێستیڤاڵەکانی شاری ئەتڵانتای ئەمریکا وەرگیرا. ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە نەیتوانیوە لەوێ ئامادەبێت. کە گرنگترینیان بەهۆی نەبوونی پاڵپشتیی دارایی و نەبوونیی دیاریکردنی وادەی چاوپێکەوتن بۆ وەرگرتنی ڤیزا. گوتیشی، "ژمارەی ئەوە ئەکتەرانەی کە بەشدارن چوار کەسن و بەخۆبەخشی کاریان کردووە، منیش یەکێکم لە بەشداربووەکان، هەموو ئەکتەرەکان کوردن و تێچووی ئەم کورتە فیلمە چوار هەزار دیناری عێراقییە."