رووداو دیجیتاڵ
لە جیهانی فاشندا، دیزاینەرێکی کورد هەوڵ دەدات سنوورەکان ببەزێنێت و جلوبەرگ وەک زمانێک بۆ گێڕانەوەی مێژوو و پاراستنی ژینگە بەکاربهێنێت. ئەژین گەردی، دیزاینەر و دامەزرێنەری براندی (Riviera Reverie)، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو باس لە پەیامی براندەکەی دەکات.
فاشن وەک چیرۆک و هەست
ئەژین گەردی، ژنە کوردێکی خەڵکی هەولێرە لە بواری فاشندا کار دەکات و چالاکە و دەڵێت: "باوەڕم وایە جلوبەرگ تەنها پۆشاک نییە بۆ داپۆشینی جەستە، بەڵکو دەبێت چیرۆک بگێڕێتەوە، هەست دروست بکات و کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر جیهان جێبهێڵێت." ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە براندەکەی لە دڵسۆزیی بۆ فاشن و ئیلهامی گەشتەکانییەوە دروست بووە، تاوەکو ژنان پۆشاکێک بپۆشن کە خاوەن بەها و مانا بێت.
هونەرێکی پۆشراو
سەبارەت بە شێوازی دیزاینەکانی، ئەژین گەردی بۆ رووداو روونی کردەوە، کە ئەوان لەبری نەخشی ئاسایی، هاوکاری هونەرمەندان دەکەن بۆ ئەوەی کارە هونەرییە رەسەنەکان بگۆڕن بۆ جلوبەرگ. "هەر کۆلێکشنێک لای ئێمە بە چیرۆکێک یان هەستێکی کولتووری دەست پێدەکات و لە رێگەی هونەرەوە دەبێتە بەشێک لە پۆشاک؛ ئەنجامەکەش فاشنێکە کە هەست و مانای هەمیشەیی هەیە."
پابەندبوون بە ژینگە و ئەخلاقی کار
لە کاتێکدا پیشەسازی فاشن رەخنەی زۆری لێ دەگیرێت، Riviera Reverie رێگایەکی جیاوازی گرتووەتە بەر. ئەژین گەردی دەڵێت: "ئێمە ماددەی سەلمێنراوی بەردەوام بەکاردەهێنین کە لەلایەن رێکخراوە جیهانییەکان پشتڕاستکراونەتەوە. هەروەها سوود لە چاپکردنی دیجیتاڵی و مەرەکەبی سروشتی وەردەگرین کە لە رووەک و گوڵ وەرگیراون، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی زیانە ژینگەییەکان." جەختیشی کردەوە، کە تەنها لەگەڵ ئەو کارگانە کار دەکەن کە پابەندی مافی کرێکاران و ستانداردە جیهانییەکانن.
"ژن، ژیان، ئازادی" بە زمانی بزماری
یەکێک لە دیارترین پڕۆژەکانی ئەم براندە، هاوکارییەکی هونەرییە لەگەڵ هونەرمەندی شێوەکار پرسیار. ئەژین گەردی لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو باسی لەم کارە کرد و گوتی: "ئەم کۆلێکشنە ئیلهامی لە وشە بەهێزەکانی (ژن، ژیان، ئازادی) وەرگرتووە. ئێمە پڕینتەکەمان بە شێوەی نووسینی بزماری (Cuneiform) دیزاین کردووە، کە مێژوو و پەیامی ئازادی تێکەڵ دەکات."
ئەو دەڵێت ئەم دیزاینە تەنها جوانی نییە، بەڵکو چیرۆکی ئەو ژنانەیە کە بە بێدەنگی شۆڕش دەکەن بۆ گەیشتن بە خەونەکانیان. "بۆ ئێمە، ژن ژیان ئازادی تەنها دروشم نییە، بەڵکو بانگەوازێکە بۆ یەکسانی و مافی هەر ژنێک کە ژیانی خۆی وەک خۆی هەڵبژێرێت."
ناسنامەی کورد لە بازاڕە جیهانییەکاندا
وەک ژنێکی چالاکی کورد، ئەژین گەردی توانیویەتی براندەکەی بگەیەنێتە ئاستی نێودەوڵەتی و ئێستا بەرهەمەکانی بۆ سەرانسەری جیهان دەنێرێت. ئەو دەڵێت: "فاشن زمانێکە بۆ پاراستنی چیرۆکەکان و پێزانینی ژنان. ئێمە دەمانەوێت نیشانی بدەین کە دەکرێت لوکسی جیهانی دروست بکرێت و لە هەمان کاتدا رەگ و ریشە و کولتوور و بەها مرۆییەکانمان بپارێزین."
ئەژین گەردی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دووپاتی کردەوە کە Riviera Reverie بەردەوام دەبێت لە فراوانکردنی ئامادەییی خۆی لە جیهاندا، بەڵام هەمیشە لەسەر بنەماکانی "هونەر، بەردەوامی و راستگۆیی" بەردەوام دەبێت.

