رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە، فەرشی سوور بۆ فیلمی (ماڵی نەنە) لە سلێمانی رادەخرێ. دەرهێنەری فیلمەکە دەڵێ، "بەشێوەیەکی پەروەردەیی فیلمەکەمان بەرهەمهێناوە."
ئەمڕۆ دووشەممە 24ی ئابی 2026، محەممەد مستەفا، دەرهێنەری فیلمی (ماڵی نەنە) لەکاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی رووداو لە سلێمانی پێشکێشی دەکات، گوتی: "رۆژی چوارشەممە 26ی ئاب لە سلێمانی رێوڕەسمی فەرشی سوور بۆ فیلمی (ماڵی نەنە) بەڕێوەدەچێ. لە ئێستاوە بینەران دەتوانن بلیت بکڕن بۆئەوەی بچنە سینەماکان."
محەممەد مستەفا دەڵێت، "فیلمەکە باس ژیانی ماڵی نەنە دەکات و چیرۆکی خێزانێک دەگێڕینەوە کە تێیدا کوڕێک لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی دەگەڕێنەوە بۆ ماڵی باوکی، بەڵام منداڵەکانی لەگەڵ باپیریاندا چەند کێشەیەکیان دەبێت و چەندین بابەتی سەرنجڕاکێش و کۆمیدی تێدایە."
فیلمی (ماڵی نەنە) حەوتەمین بەرهەمی کۆمپانیای (میترۆنۆم پرۆدەکشن)ە و بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە سینەماکانی باشووری کوردستان و عێراق پیشان بدرێ. محەممەد مستەفا دەڵێت، "وەک کۆمپانیای میترۆنۆم پڕۆداکشن دەمانەوێ ئەکتەرە بەئەزموونەکان لەگەڵ ئەو کەسانەدا دابنێین کە یەکەم ئەزموونی رۆڵبینیان دەبێت لە فیلمەکەدا بۆ ئەوەی ژمارەیەک ئەکتەری نوێ دەربکەون و کێشەی کەمی ئەکتەر کەم ببێتەوە."
هەر لەبارەی فیلمەکەوە محەممەد مستەفا دەڵێ، "فیلمی ماڵی نەنە زۆر سەردەمیانە و پەروەردەییانە کاری تێداکراوە و هەمان تام و بۆنی ساڵانی رابردوو دەخاتەوە بیری ئەو کەسانەی سەیری فیلمەکە دەکەن، بەڵام چیرۆکەکانی فیلمەکە باسی رابردوو ناکەن و پەیوستن بە دۆخی ئێستاوە."
فیلمی سینەمایی (ماڵی نەنە) کە تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیاییەتی، وەک نوێترین بەرهەمی سینەمای کوردی خۆی بۆ پیشاندان ئامادە دەکات. فیلمەکە ژێرنووسی عەرەبی بۆ کراوە بۆ بینەرانی هاووڵاتییانی عەرەب.


