رووداو دیجیتاڵ
سەید ئیبراهیم ئیسماعیلزادە، ناسراو بە "سەید ئیبراهیم سەقزی"، هونەرمەندی میللیی کورد، لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دواییکرد.
رۆژی دووشەممە، 24-08-2026، سەید ئیبراهیم سەقزی، لە تەمەنی 78 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە، لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆچی دواییکرد. سەید برایم ماوەی چەند ساڵێک بوو بەهۆی نەخۆشییەوە لە هونەرەکەی دابڕابوو.
ئەو هونەرمەندە زیاتر لە شەش دەیە لە تەمەنی خۆی بۆ خزمەتکردن بە گۆرانی، مۆسیقا و فۆلکلۆری کوردی تەرخان کرد. دەنگی ئەو بەشێک بوو لە یادەوەریی چەندین نەوەی خەڵکی سەقز و کوردستان و رۆڵێکی بەرچاوی لە گێڕانەوە و زیندوو راگرتنی ئاواز و نەریتە رەسەنەکاندا هەبوو.
ئیبراهیم سەقزی ساڵی 1948 لە گوندی حاجی لەکی ناوچەی چۆمی مەجیدخان لەدایکبووە. بەهۆی دەنگە خۆش و رەسەنەکەی و ژەنینی ئامێرەکانی وەک زەرب و دایەرە، بە یەکێک لە پارێزەرانی گۆرانیی فۆلکلۆری کوردی دادەنرا.
هونەرمەند سەید ئیبراهیم بە گۆرانییەکانی وەک "ئەی وەی بارانە"،" ئامینێ و ئامین"،"هاوار ئەی هاوار" و "شاییە زەماوەندە" لە رۆژهەڵاتی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان ناوبانگی پەیداکرد.
سەید ئیبراهیم سەقزی لە ماوەی چالاکیی هونەریی خۆیدا بەشداریی لە چەندین فێستیڤاڵ و بۆنەی هونەریدا کردبوو؛ لەوانە دوازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی سەرتاسەریی مۆسیقای ناوچە جیاوازەکانی ئێران لە کرمان، هەروەها لە چەندین فێستیڤاڵی مۆسیقای فۆلکلۆری لە شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان و وەک هونەرمەندێکی ملیللی رێزی لێگیراوە.
بەهۆی خزمەتەکانی بە موسیقای فۆلکلۆری کوردی ئەو هونەرمەندە لەلایەن ئەنجوومەنە کولتوورییەکانی رۆژهەڵاتەوە چەندین جار وەکو کەسایەتییەکی کاریگەر خەڵات کرا و ماڵەکەی وەک ناوەندێکی کولتووری لە شاری سەقز تۆمارکراوە.
بڕیارە سبەی لە رێوڕەسمێکی جەماوەریدا، تەرمی ئەم هونەرمەندە لە شاری سەقز بەخاک بسپێردرێت.

