رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق فیلمی (بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێت) لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، وەک نوێنەری خۆی بۆ کێبڕکێی خەڵاتی ئۆسکاری ساڵی 2027 دەستنیشان کرد. لیژنەی نیشتمانیی هەڵبژاردنی بەربژێری ئۆسکار لە عێراق رایگەیاند، فیلمەکە بە کۆدەنگیی ئەندامانی لیژنەکە هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی بە فەرمی ببێتە نوێنەری کۆماری عێراق لە کێبڕکێی خەڵاتەکانی ئۆسکار بۆ ساڵی داهاتوو.
لیژنە نیشتمانییەکە کە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و فەرمانگەی سینەما و شانۆی عێراقەوە راسپێردراوە و لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، دوای هەڵسەنگاندنێکی هونەریی ورد، ئەم فیلمەیان هەڵبژاردووە، چونکە خاوەن "دیدێکی دەرهێنەریی پێگەیشتووە و رەگەزە تەکنیکی و بینراوەکانی تەواون".
لیژنەکە دەڵێ، فیلمەکە ئەزموونێکی سینەماییە و رەنگدانەوەی "قووڵی مرۆیی و تایبەتمەندیی گێڕانەوەی نێوخۆییە"، ئەمەش وادەکات بە شایستەیی لە کێبڕکێ نێودەوڵەتییەکاندا ئامادەیی هەبێت.
فیلمی (بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێت) باس لە کچە پێشمەرگەیەکی قەناس بەدەست دەکات کە بۆ رزگارکردنی خوشکە بچووکەکەی، بە نهێنی دزە دەکاتە نێو رێکخراوی داعش. فیلمەکە وێنەیەکی ئەو ژنە پێشمەرگەیە پێشان دەدات کە رەتی دەکاتەوە لەبەردەم تاریکیدا سەر دابنەوێنێت.
هەڵکەوت مستەفا، نووسەر و دەرهێنەری فیلمەکە، ئامانجی لەم کارە بۆ "راکێشانی سەرنجی دنیا بۆ قارەمانێتیی ژنی کورد" دەگەڕێنێتەوە.
بڕیارە رۆژی 7ـی ئەیلوولی 2026، فیلمەکە لە 83ـەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس لە ئیتاڵیا، یەکەمین نمایشی جیهانی بۆ بکرێ و فەرشی سووری بۆ رابخرێ. پاشان لە 22ـی ئەیلوولی هەمان ساڵ، لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت.
هەڵکەوت مستەفا یەکێکە لە دەرهێنەرە ناسراوەکانی کورد و پێشتریش بە فیلمی (کلاسیکۆ) ناوبانگێکی نێودەوڵەتیی بەدەستهێنا کە لە 56 وڵاتی جیهان نمایش کرا. دوایین بەرهەمیشی فیلمی دۆکیومێنتاریی (شاردنەوەی سەدام حوسێن) بوو، کە وەک پڕبینەرترین فیلمی دۆکیومێنتاری لە مێژووی سینەمای عەرەبیدا تۆمارکرا. فیلمە نوێیەکەی بە هاوبەشی لەنێوان کۆمپانیاکانی (هێنێ فیلم)ـی نەرویجی، (لا میدیا) لە هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای (چیمنی پۆت)ـی سویدی بەرهەم هێنراوە.


