رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز لە سلێمانی دەڵێ، کتێبی (لینینیزم و مەسەلەی نیشتمانی) بۆ یەکەمجار بە ئەلفوبێی ئارامی بڵاودەکرێنەوە. ئاماژە بەوەش دەکات: "کۆمەڵە گوتارێکی ساڵی 1960ی د. جەمال نەبەز بۆ یەکەم جار کراونەتە کوردی و چاپ دەکرێن."
رۆژی دووشەممە 7-9-2026، عەبدولڕەحمان فەرھادی، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی نووسەران بە رووداوی گوت: "لقەکەمان لە چالاکییەکانی بەردەوامە و لەگەڵ رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز، کە لە سلێمانییەوە میوانی ئێمەن، رێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی کتێبی (لینینیزم و مەسەلەی نیشتمانی) نووسەری گەورە و نەمر د. جەمال نەبەز لە هەولێر و لە هۆڵی لقەکەمان بەڕێوە دەبەین".
بە گوتەی عەبدولڕەحمان فەرھادی، ئەم کتێبەی جەمال نەبەز کاتی خۆی بە پیتی لاتینی بە کوردی بڵاوکراوەتەوە، ئەمە یەکەمین جارە بە پیتی ئارامی بڵاودەکرێتەوە.
سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی هەولێر دەڵێ: "کتێبەکە وەک هەموو بەرهەمەکانی مامۆستا جەمال بایەخی خۆی هەیە، بۆ زۆربەی زمانانی دنیا وەرگێڕدراوە".
دەوەن مەعرووف، بەڕێوەبەری رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "ماوەیەکی زۆر سەرقاڵی یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی د. جەمال نەبەز بووین. کتێبەکە جۆزێف ستالین نووسیویەتی و لە ساڵی 1956دا د. جەمال نەبەز کردوویەتی بە کوردی."
بەڕێوەبەری رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز لە سلێمانی روونیکردەوە، کتێبەکە کۆمەڵێک وێنەی د. جەمال نەبەز و نووسەرانی دیکەی تێدایە، لەوانە وێنەیەکی لەگەڵ ئاپۆ عوسمان سەبری گرتووە و لە دیمەشق سەردانی ئارامگەی سەڵاحەدین ئەیووبییان کردووە.
دەوەن مەعرووف دەشڵێت: "کتێبەکە خۆی بە شێوەزاری کورمانجییە و ساڵح بێچار کردوویەتییە کوردیی ناوەندی بە ئەلفوبێی ئارامی. بڕیارە رۆژی پێنجشەممە کە دەکاتە 10ی ئەیلوولی 2026، بۆ یەکەم جار کتێبەکە لە یەکێتیی نووسەرانی هەولێری پایتەخت، بە تیراژی 500 دانە بڵاوبکەینەوە. کتێبەکە لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی چاپ کراوە."
دەوەن مەعرووف گوتیشی: "پرۆژەی ئەوەمان لەژێر دەستە کە ئەلبوومی وێنەکانی د. جەمال نەبەز بڵاوبکەینەوە و ناوی دەنێین (وێنەکانی نەبەز)."
بەڕێوەبەری رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز لە سلێمانی دەڵێ: "لە رێگەی رووداوەوە حەز دەکەم ئەوەش ئاشکرا بکەم کە کتێبێکی دیکەی دکتۆر جەمال دەنێرینە چاپ، کە لە 22 گوتار پێکهاتووە. لە ساڵی 1960 لە رۆژنامەی (الصوت الآکراد) بڵاویکردووەتەوە و رۆژنامەکە لە بەغدا دەردەچوو."
بە گوتەی دەوەن مەعرووف، یەکەم جارە ئەو گوتارانە دەکرێنە کوردی و بڵاودەکرێنەوە. مامۆستا مەلا بێستوون لە عەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی. دەشڵێ: "د. جەمال نەبەز لەو کتێبەدا شەڕێکی گەورە دەکات، بەوەی کە کورد وەک نەتەوەکانی دیکە خاوەن زمان، کولتوور و فەرهەنگی خۆیەتی. ئەویش بە تیراژی 500 دانە چاپ دەکرێ."
جەمال نەبەز لە ساڵی 1933 لە شاری سلێمانی لەدایکبوو، لە رۆژی 11-11-2018 لە شاری بەرلین بەهۆی نەخۆشییەكی سەختەوە لە نەخۆشخانەدا خەوێندرا و دوای چەند رۆژ لە کەوتنە نێو كۆماوە، رۆژی 08-12-2028 كۆچی دوایی كرد.




