رووداو دیجیتاڵ
ئەم ئێوارەیە لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئەستێرە دیارەکانی هۆڵیوود، 51ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ (TIFF) دەستپێدەکات، رووداوێکی گەورەی سینەمایی کە بە دووەم گەورەترین فێستیڤاڵی جیهان دادەنرێت و ئاراستەی کێبڕکێی خەڵاتەکانی ئۆسکار یەکلادەکاتەوە.
فێستیڤاڵەکە ئەم ئێوارەیە، 10ـی ئەیلوول، کاژێر 05:00 بە کاتی ئەمریکا (کاژێر 12:00ـی شەو بە کاتی کوردستان) دەستپێدەکات و بۆ ماوەی دە رۆژ بەردەوام دەبێت.
لە دوای فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، تۆرۆنتۆ بە دووەم گەورەترین فێستیڤاڵی فیلم لە جیهاندا هەژمار دەکرێت، بەڵام جیاوازیی سەرەکیی تۆرۆنتۆ لەگەڵ کان لەوەدایە کە تەنیا بۆ رەخنەگران، ئەکتەران و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو فێستیڤاڵێکی جەماوەرییە، ساڵانە بە هەزاران بینەر بلیت دەکڕن و لە هۆڵەکاندا لە تەنیشت ئەستێرە جیهانییەکان دادەنیشن و سەیری فیلمەکان دەکەن.
خاڵێکی دیکەی گرنگیی فێستیڤاڵەکە ئەوەیە، خەڵاتی سەرەکی کە بریتییە لە (باشترین فیلم)، لەلایەن لیژنەی دادوەرییەوە بڕیاری لەسەر نادرێت، بەڵکو بە دەنگی راستەوخۆی بینەران یەکلادەکرێتەوە، خەڵاتێک کە بە یەکێک لە گرنگترین پێوەرەکانی پێشبینیکردنی براوەی خەڵاتەکانی ئۆسکار دادەنرێت.
بازاڕێکی ملیۆن دۆلاری بۆ فیلمە سەربەخۆکان
چوار رۆژی یەکەمی فێستیڤاڵی تۆرۆنتۆ تایبەتە بە بازاڕێکی گەورەی فیلم، لەو ماوەیەدا کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک (نێتفلێکس، A24 و فۆکس فیوچەر) کێبڕکێ دەکەن بۆ کڕینەوەی مافی پەخشی فیلمە سەربەخۆکان.
بازاڕی فیلمی تۆرۆنتۆ بەوە ناسراوە، کە دەرفەتی پەرجووئاسا و پێشبینینەکراو دەڕەخسێنێت، ساڵی رابردوو دەرهێنەر و ئەکتەری ئەمریکی کۆری بارکەر، فیلمی ئۆبسێشن (Obsession)ـی بە تێچووی تەنیا 750 هەزار دۆلار بەرهەمهێنا، بەڵام بیرۆکە جیاوازەکەی بووە جێی سەرنجی کۆمپانیای فۆکس فیوچەر و بە 15 ملیۆن دۆلار مافی پەخشەکەی لێ کڕییەوە. دواتر فیلمەکە لە سینەماکانی جیهاندا سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمارکرد و توانی زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار لە بۆکس ئۆفیس بەدەستبهێنێت.
ئەم خولەی فێستیڤاڵەکە قەرەباڵغتر دەبێت، بە شێوەیەک نزیکەی 6,000 نوێنەری کۆمپانیاکان تێیدا ئامادە دەبن، ئەمەش لە کاتێکدایە لە خولی پێشوودا تەنیا 1,000 نوێنەر بەشدارییان کردبوو.
پلانی دە رۆژەی فێستیڤاڵەکە بەم شێوەیە دەبێت:
شەوی یەکەم: بە نمایشی فەرمیی فیلمی بیینگ هیومان (Being Heumann) و رێوڕەسمی فەرشی سوور بە ئامادەبوونی ئەستێرەکان دەستپێدەکات. پاشان بازاڕی کڕین و فرۆشتنی فیلمەکان بە ئامادەبوونی دەرهێنەران، ئەکتەران و نوێنەرانی کۆمپانیا جیهانییەکان بەڕێوەدەچێت، ئەم بازاڕە تاوەکو شەوی چوارەم بەردەوام دەبێت، شەوانی پێنجەم، شەشەم و حەوتەم تایبەت دەبێت بە نمایشکردنی فیلمە میوزیکییەکان، فیلمە سەربەخۆکان و فیلمەکانی ژانری ترسناک و خەیاڵی زانستی.
لە رۆژانی هەشتەم و نۆیەمی فێستیڤاڵەکە سەرکەوتووترین فیلمەکانی ئەم خولە بۆ بینەران دووبارە نمایش دەکرێنەوە و چەندین پانێڵی گفتوگۆ لەنێوان دەرهێنەران و جەماوەردا بەڕێوەدەچێت، دەربارەی بەربژێربوونی فیلمەکان بۆ خەڵاتی ئۆسکار. لە شەوی کۆتاییدا براوەی خەڵاتی هەڵبژاردەی جەماوەر (People's Choice Award) رادەگەیێندرێت و لە کۆتایی رێوڕەسمەکەشدا فیلمە براوەکە جارێکی دیکە بۆ ئامادەبووان نمایش دەکرێتەوە.


