رووداو دیجیتاڵ
نوێترین فیلمی سینەماکاری کورد بەهمەن قوبادی بە ناوی (درەختەکان دەڕوانن)، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنتۆ لە کەنەدا پێشان دەدرێ. بەرهەمەکە کە لە فیلمە خەمگینەکانە، بە بەشداریی ئەستێرەی جیهانی ئیڤا گرین و بە سەرپەرشتیی دەرهێنەری ناوداری هۆڵیوود، مارتن سکۆرسێزی وەک بەرهەمهێنەری جێبەجێکار بەرهەم هێندراوە.
ماڵپەڕە سینەماییە جیهانییەکانی وەک Screen Rant، ComingSoon، Cinefilos و Yahoo Entertainment بڵاویانکردەوە، هاتنەپێشەوەی مارتن سکۆرسێزی بۆ نێو پڕۆژەکەی قوبادی وەک بەرهەمهێنەری جێبەجێکار دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە میدیای سینەمایی جیهاندا دروستکردووە، بەتایبەت کە هاونیشتمانییەکە یەکێک لە دیارترین دەرهێنەرە خاوەن خەڵاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و پێشتریش خەڵاتی لە فیستیڤاڵەکانی وەک کان و بەرلین بەدەستهێناوە.
بەهمەن قوبادی لە پەیامێکدا لە ئینستاگرام سەبارەت بە پێشاندانی فیلمەکەی رایگەیاند: "ئەم فیلمە بۆ من گەشتێکی درێژ و زۆر تایبەتی بوو؛ بیرەوەری، ترس، شوێن و ئەو کەسانە لەخۆدەگرێ کە بۆ چەندین ساڵ لەگەڵم ماونەتەوە." هاوکات لە پەیامەکەیدا سوپاسی تەواوی تیم و ستافی بەرهەمهێنانی فیلمەکەی کرد کە هاوشانی بوون لەم پڕۆژەیەدا.
بە گوێرەی ترەیلەری فیلمەکە، رووداوەکان لە کەشێکی تاریک، پڕ لە دڵەڕاوکێ و هەست بزوێندا دروست دەبن، بە جۆرێک کە سرووشت و ژینگە و تەنانەت درەختەکانیش دەبنە چاودێر بەسەر کردار، هەست و نهێنییە شاردراوەکانی مرۆڤەوە. بەرهەمەکە ئاوێتەیەکی هونەرییە لە نێوان شێوازی تایبەتی قوبادی لە گێڕانەوەی ململانێ دەروونی و مرۆییەکان و دیدگای سینەمایی هۆڵیوود، کە بە پشتیوانیی مارتن سکۆرسێزی وەک بەرهەمهێنەری جێبەجێکار بەرجەستە کراوە. ئەم فیلمە تیشک دەخاتە سەر رووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ تاوان، ترس و رابردووی خۆیدا.
ئەستێرە جیهانییەکان و تیمی بەرهەمهێنان
فیلمەکە لە نووسین و دەرهێنانی بەهمەن قوبادییە و چەندین ئەکتەری بەناوبانگ رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن:
ئیڤا گرین: ئەستێرەی فەڕەنسی و ئەستێرەی فیلمی (Casino Royale)ی جەیمس بۆند رۆڵی تێدا دەگێڕێ.
موڕات یڵدرم، زەینەب چامجی و نێڤا کوش: ئەستێرە و ئەکتەرە ناسراوەکانی تورکیا.
بەرهەمهێنەران: جگە لە بەهمەن قوبادی، هەر یەک لە سەیفی شاهین، لیدیا دین پیلچەر و گوڵڕێز ئیحتیاتی وەک بەرهەمهێنەر بەشدارن.
بەرهەمهێنەرانی جێبەجێکار: مارتن سکۆرسێزی لەگەڵ لۆکاس ئاکۆسکین و باهۆز نەسرەدین وەک بەرهەمهێنەری جێبەجێکار لە فیلمەکەدان.
وێنەگرتنی سەرەکیی فیلمەکە لەلایەن سەبا مەزڵووم و لە بەشی دووەمیشدا لەلایەن توورەج ئەسڵانییەوە ئەنجامدراوە. فەربۆد خۆشتینەت مۆنتاژی بۆ کردووە و میوزیکی فیلمەکەش لەلایەن بامداد ئەفشارەوە دانراوە، هەروەها بابەک تەحمیلی وەک دیزاینەری بەرهەمهێنان و گۆکبێن ساس وەک بەڕێوەبەری هونەری بەشدارییان تێدا کردووە.


