رووداو دیجیتاڵ
"گوڵنار" ئەو کچە کوردە فەیلییەی ژیانی پیاوێکی گۆشەگیر ئاوەژوو دەکاتەوە و دەیخاتە نێو گێژاوێکی سۆزدارییەوە، ناوەڕۆکی ئەو رۆمانە عەرەبییەیە کە عەبدولڕەحمان فەرهادی، نووسەر و سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. فەرهادی دەڵێت، "سەرەڕای قورسی و شیعریبوونی دەقە عەرەبییەکە، بە کوردییەکی رەوان و پاراو وەرمگێڕاوە" و بڕیارە لە رێوڕەسمێکدا بڵاوی بکاتەوە.
عەبدولڕەحمان فەرهادی، نووسەر، وەرگێڕ و سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆمانەکە گەشتێکی دەروونیی قووڵ و پڕ لە ئاڵۆزییە بۆ نێو ژیانی پیاوێکی گۆشەگیر، کە بە هاتنی کچەکوردێکی فەیلیی شۆخوشەنگ بە ناوی "گوڵنار"، ژیانە سارد و بێدەنگەکەی ئاوەژوو دەبێتەوە و دەکەوێتە نێو گێژاوێکی سۆزداریی سەختەوە."
بە گوتەی عەبدولڕەحمان فەرهادی، رۆمانەکە لەپاڵ باکردنی عیشقی پیاوێک بۆ کچە کوردێک، دۆزینەوەی وەسیەتنامە و دەفتەرێکی کۆنی تەمومژاوی کە بە پیتی عیبری نووسراوە، دەرگا بەسەر رابردووێکی تاریک، خیانەت، خۆشەویستیی قەدەخەکراو و مەرگدا دەکاتەوە.
رۆمانی "گوڵنار" لە نووسینی نووسەر و رۆماننووس، عەبدولحەکیم ئەلوائیلییە، لە ساڵی 2022 یەکێتیی نووسەرانی عێراق بڵاوی کردەوە. وەرگێڕی رۆمانەکە دەڵێت: "ئایا مرۆڤ دەتوانێت لە تارماییەکانی رابردوو رزگاری بێت؟ ئەم رۆمانە بە چیڕۆکە چنراوەکەی، لە یەکەم لاپەڕەوە تاوەکو کۆتایی، خوێنەر بۆ نێو دونیایەک لە سۆز و نهێنی رادەکێشێت و ناچاری دەکات بە یەک هەناسە بیخوێنیتەوە."
عەبدولڕەحمان فەرهادی روونیکردەوە، "کە رۆمانەکەم خوێندەوە، زۆر سەرنجی راکێشام، بۆیە بڕیارم دا بیکەمە کوردی؛ پەیوەندیم بە رۆماننووسەکەوە کرد، تاوەکو رەزامەندیی کورداندنی لێ وەربگرم؛ رۆماننووس زۆر بە خۆشحاڵییەوە رازی بوو و پێشەکییەکیشی بۆ نووسیم."
سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی نووسەران لەبارەی کتێبەکەوە ئاماژەی بەوەشدا، "عەرەبییەکەی شیعری و زۆر قورس بوو؛ هەوڵم داوە بە کوردییەکی رەوان و پاراو بیکوردێنم. کتێبەکە بە تیراژی 500 دانە چاپ کراوە و لە رێوڕەسمێکی شایستە بڵاوی دەکەینەوە؛ بڕیارە رۆماننووسیش لە کۆڕەکە ئامادە بێت."
عەبدولحەکیم ئەلوائیلیی نووسەری ئەم رۆمانە لە ساڵی 1957 لە ناسڕییە لە دایک بووە، دۆستی کوردە و رۆمانەکەی بە تەکنیکێکی نوێ نووسیوە. بە رەچەڵەک لە بنەماڵەیەكی نـاوداری ئایینیی خەڵکی نەجەفن؛ ئەو بەرەو چەپڕەوی چووە و ئێستەش هەر لە نەجەف دەژی.



