رووداو دیجیتاڵ
دادگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای ساڵێک زیندانیکردن و دوو ساڵ قەدەخەکردنی لە کاری هونەری بە سەر ئیلناز شاکردووست، خانمە ئەکتەری ناسراوی ئێرانیدا پەسند کرد.
میدیای فەرمیی ئێران، ئەمڕۆ 2-10-2026 بڵاویکردەوە، لقی 23ـی دادگەی شۆڕشی تاران بە تۆمەتی "چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران"، سزای ساڵێک زیندانیکردنی بە سەر ئیلناز شاکردووست، ئەکتەری ناسراوی سینەمای ئێراندا سەپاند.
هەروەها دادگەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیاری دابوو ئیلناز شاکردووست بۆ دوو ساڵ لە هەر جۆرە چالاکییەکی هونەری، سیاسی و چالاکیکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێبەش بکرێت، سزاکەش لە لایەن دادگەی پێداچوونەوەوە وەک خۆی پەسند کرا.
هوشەنگ پووربابایی، پارێزەری ئیلناز شاکردووست دەڵێت، سزادانی ئەو هونەرمەندە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک بووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی کانوونی دووەمی ساڵی رابردووی ئەو وڵاتە.
ئیلناز شاکردووست مانگی شوباتی رابردوو و دوای خۆپیشاندانەکانی کانوونی یەکەم، بە ئاماژەدان بە فێستیڤاڵی فیلمی فەجر، لە ئینستاگرام نووسی: "نە بەشداری لە هیچ ئاهەنگێکدا دەکەم و نە جارێکی دیکەش هەرگیز لە ئەم خاکەدا کە بۆنی خوێنی لێدێت، رۆڵ دەگێڕم."
ئیلناز شاکردووست یەکێکە لە ئەکتەرە ناسراو و دیارەکانی سینەمای ئێران و بەشداریی لە چەندین فیلمی سینەماییدا کردووە.
ئەو خانمە سەرەڕای ئەوەی کۆتاییهێنان بە کاری لەگەڵ سینەمای ئێرانی رایگەیاندبوو، لە ئەیلوولی 2026 لە فیلمێک بە ناوی (عروس چشمە) لە سی و هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفەهان بەشداریی کرد.
.jpg&w=3840&q=75)
