رووداو دیجیتاڵ
سێیەمین گەڕی فێستیڤاڵی ساڵانەی فیلمی کوردی لە شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئیلینۆی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، کە لەلایەن سەنتەری کولتووریی کوردی لە ئیلینۆی رێکدەخرێ و تێیدا 18 فیلم نمایش دەکرێن.
دەلال حەسەن، هاوڕێکخەری فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بە رووداوی راگەیاند: "فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە شیکاگۆ رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی دووەم لە کاژێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆ تاوەکو 9:00ـی شەو و رۆژی یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەم لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ تاوەکو 9:00ـی شەو لە شاری شیکاگۆ بەڕێوەدەچێت."
دەلال حەسەن گوتی: "18 فیلم پێشان دەدرێن کە بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی بەرهەمهێنراون. لەنێو فیلمەکاندا بەرهەمی وەک (دۆسیەی ژمارە 1)، (من کێم؟)، (شوێنپێی مێروولەکان) و (شەو و تەم لە کوردستان) و چەندین فیلمی دیکە هەن."
هاوڕێکخەری فێستیڤاڵەکە ئاماژەی بەوەش کرد، لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا پانێڵێک بەڕێوەدەچێت کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر هونەر و ئەدەبی هاوچەرخی کوردی.
ئەمە سێیەمین ساڵی بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵەیە کە لە ساڵی 2024ـەوە دەستیپێکردووە و ساڵانە لە کۆتاییەکانی ساڵدا رێکدەخرێ. هاوڕێکخەری فێستیڤاڵەکە دەڵێت: "بانگهێشتی سەرجەم ئەندامانی رەوەندی کوردیمان لە شیکاگۆ و ناوچەی نێوەڕاستی رۆژئاوای ئەمریکا کردووە بۆ ئامادەبوون و پشتگیریکردنی فیلمسازانی کورد، هەروەها بەرپرسانی ویلایەتەکەیشمان بانگهێشت کردووە".
لەبارەی پەیامی سەرەکیی فێستیڤاڵەکەش، ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "دەمانەوێ نیشانی بدەین کە سینەمای کوردی دەتوانێت تێگەیشتنێکی نوێ بۆ مێژوو، کولتوور و زمانی کوردی لە جیهاندا دروست بکات، بەتایبەت لە کاتێکدا جیهان زۆرجار وێنەیەکی شێوێندراو دەبینێت. هونەر دەتوانێت ئەو تێگەیشتنە کەم بکاتەوە و شێوازێکی نوێی بیرکردنەوە و تێڕامان بخوڵقێنێت."
دەقی پرسیار و وەڵامەکان
رووداو: کەی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی بەڕێوەدەچێ؟
دەلال حەسەن: فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە شیکاگۆ لە شاری شیکاگۆ لە ویلایەتی ئیلینۆی، لە رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی دووەم لە کاژێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆ تاوەکو 9:00ـی شەو، و رۆژی یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەم لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ تاوەکو 9:00ـی شەو بەڕێوەدەچێت.
رووداو: چەند فیلم پێشان دەدرێن؟
دەلال حەسەن: ئێمە 18 فیلم نمایش دەکەین کە گوزارشت لە چەندین شاری جۆراوجۆری کوردستان دەکەن، بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی. لەنێو فیلمەکاندا بەرهەمی وەک (دۆسیەی ژمارە 1)، (من کێم؟)، (شوێنپێی مێروولەکان)، (شەو و تەم لە کوردستان) و چەندین فیلمی دیکە هەن. لە یەکەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، پانێڵێکی گفتوگۆیشمان لەگەڵ هونەرمەندی میدیای نوێی کوردی، شەنەر ئۆزمەن و دامەزرێنەری وەشانخانەی هەنار، ئاریان عومەر حەسەن دەبێت، کە تیایدا گفتوگۆ لەسەر گرنگیی هونەر و ئەدەبی هاوچەرخی کوردی دەکەن.
رووداو: چەند جار ئەم چالاکییەتان رێکخستووە؟ ئایا ساڵانەیە؟ کەی دەستیپێکردووە؟
دەلال حەسەن: ئێمە لە ساڵی 2024ـەوە فێستیڤاڵەکە رێکدەخەین، کەواتە ئەمە سێیەمین ساڵمانە. ساڵانە لە کۆتاییەکانی ساڵدا بەڕێوەدەچێت.
رووداو: بۆچی رێکخستنی ئەم چالاکییانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەتایبەت لە شیکاگۆ گرنگە؟
دەلال حەسەن: ئەم چالاکییانە زۆر گرنگن، چونکە زۆرجار لە گفتوگۆکانی پەیوەست بە کوردستان و پرسی کورد، هێزی هونەر، گێڕانەوە و چیرۆکبێژی پشتگوێ دەخرێ و شێوازە هونەرییەکانی وەک فیلم تێڕوانین لەسەر نزیکترین و قووڵترین ئەزموونەکانی تووندوتیژیی دەوڵەت، درزە کۆمەڵایەتییەکان و داگیرکاری دەخەنەڕوو. لە رێگەی ئەم فێستیڤاڵەوە، ئێمە داوا لە ئامادەبووان دەکەین خەیاڵی داهێنەرانەی هونەر و تواناکەی بۆ پێدانی ژیان بەو چیرۆکە بێکۆتاییانەی کە لە کوردستانی خۆشەویستمانەوە سەرچاوەیان گرتووە لە باوەش بگرن. هەروەها، بۆ کەسانی وەک من کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەدایکبوون و گەورە بوون، بەریەککەوتن لەگەڵ ئەم فیلمانە هۆکارێکی یەکجار مانابەخشە بۆ گرێدانەوە و پەیوەستبوونەوەی کولتووری.
رووداو: ئەو هاونیشتمانییانەتان بانگهێشت کردوون کە لەو ویلایەتە و ویلایەتەکانی دیکەی ئەمریکا دەژین؟
دەلال حەسەن: بەڵێ، ئێمە لە سەنتەری کولتووریی کوردی لە ئیلینۆی، پەیوەندییەکی قووڵمان لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی لە شیکاگۆ و ناوچەی فراوانتری ناوەڕاستی رۆژئاوا هەیە. ئێمە بانگهێشتی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەکەمان کردووە بۆ ئەوەی ئامادەی فێستیڤاڵەکە بن و پشتگیری لەو فیلمسازە کوردانە بکەن کە کارەکانیان نمایش دەکەین.
رووداو: دەتانەوێت چ پەیامێک بگەیێنن لە رێگەی رێکخستنی ئەم چالاکییانەوە؟
دەلال حەسەن: هیوادارین جوانیی دەربڕینی داهێنەرانە و هێزی گێڕانەوە و شایەتیدان بەرز رابگرین، بەتایبەت لەگەڵ ئەو ژمارە بەردەوام لە زیادبوونەی فیلمە کوردییانەی لە نێو کوردستان و دەرەوەی کوردستان بەرهەمدەهێنرێن. لە رێگەی ئەم فێستیڤاڵەوە، دەمانەوێ نیشانی بدەین کە سینەمای کوردی دەتوانێت تێگەیشتنێکی نوێ بۆ مێژوو، کولتوور و زمانی کوردی دروست بکات لە جیهانێکدا کە زۆرجار هەوڵی شێواندنی دەدرێ. باوەڕم وایە هونەر دەتوانێت پردی پەڕینەوە بەسەر ناتێگەیشتنەکاندا دروست بکات، بەتایبەت لە رێگەی توانای لە چاندنی شێوازی نوێی بیرکردنەوە، خەیاڵ و تێڕامان و ئەمەش رێک ئەو شتەیە کە هیوادارم لە رێگەی ئەم فێستیڤاڵەوە تیشکی بخەینە سەر.
رووداو: ئایا هەوڵتان داوە بەرپرسانی شارەکە، ویلایەت یان فیدراڵی بۆ چالاکییەکە بانگهێشت بکەن؟
دەلال حەسەن: بەڵێ، ئێمە بەرپرسانی ویلایەتەکەمان بۆ چالاکییەکە بانگهێشت کردووە و چاوەڕوانی وەڵامەکانین بۆ پشتڕاستکردنەوە.


.jpeg&w=3840&q=75)