رووداو دیجیتاڵ راپۆرتێکی میدیایی لە بەریتانیا مشتومڕێکی گەورەی لەبارەی سیستەمی پەنابەریی ئەو وڵاتە دروست کردووە، دوای ئەوەی ئاشکرا بوو گەنجێکی کورد کە پێشتر لە فەرەنسا بە تۆمەتی قاچاخچێتی زیندانیکراوە، لە بەریتانیا داوای مافی پەنابەریی کردووە و کاری نایاسایی دەکات. بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، ئەو گەنجە کوردە کە بە ناوی خوازراوی (توانا جەی) ناسێنراوە، لە گوندێکی ئینگلتەرا کاری نایاسایی (رەش) دەکات و بەبێ مۆڵەت ئۆتۆمبێل لێ دەخوڕێت. میدیاکانی بەریتانیا دەڵێن، ناوبراو پێشتر لە وڵاتی فەرەنسا بە تۆمەتی تێوەگلان لە قاچاخچێتیی مرۆڤ دەستگیر کراوە و زیندانی کراوە و لەوێ بە نازناوی (پاشا) ناسراو بووە. توانا لەجیاتی ئەوەی دوای تەواوبوونی سزاکەی دیپۆرتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە، توانیویەتی خۆی بگەیێنێتە بەریتانیا و لەوێ داوای مافی پەنابەری بکات. لە ڤیدیۆیەکدا کە لەلایەن رۆژنامەڤانانی بەریتانییەوە تۆمارکراوە، توانا رووبەڕووی رۆژنامەڤانەکە دەبێتەوە و دەڵێت "هیچ بەڵگەیەکتان نییە بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتانە"، بەڵام رۆژنامەڤانەکە جەخت دەکاتەوە کە بەڵگەی تەواویان هەیە کە ئەو هەمان ئەو کەسەیە لە فەرەنسا قاچاخچی بووە. بڵاوبوونەوەی ئەم کەیسە گەنگەشەیەکی فراوانی لە ناوخۆی بەریتانیا لێ کەوتووەتەوە. رەخنەگران دەپرسن چۆن دەکرێت کەسێک لە وڵاتێکی دیکەی ئەورووپی بە تۆمەتی قاچاخچێتی زیندانی کرابێت و بتوانێت لە بەریتانیا داوای پەنابەری بکات، لە کاتێک دا بەپێی یاساکانی بەریتانیا، هەر کەسێک لە دەرەوەی وڵات بۆ ماوەی 12 مانگ یان زیاتر زیندانی کرابێت، مافی پێشکەشکردنی داواکاریی پەنابەریی نییە. هاوکات لە هەمان هەفتەدا، کەیسێکی دیکەش کاردانەوەی لێکەوتەوە کە تێیدا هاووڵاتییەکی بەریتانیی بەڕەچەڵەک پاکستانی، دوای ئەوەی ساخ بووەوە کە سەرۆکایەتیی باندێکی تاوانکاریی کردووە، وڵاتینامەی بەریتانییەکەی لێ سەندرایەوە، بەڵام دواتر بڕیاری دیپۆرتکردنەوەکەی بۆ پاکستان هەڵوەشێندرایەوە.
دیاسپۆرا10-07-2026پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیارێکی بۆ زیادکردنی باج و خەرجییەکانی بیمەی تەندروستی پەسەندکرد