رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی برێمنی ئەڵمانیا، سەرەڕای ئەوەی بەپێی یاسا رێگە بە خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانە فەرمییەکان دراوە، بەڵام کەمیی مامۆستای شارەزا بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم بەردەوامیی وانەکان. بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، پرۆژەیەکی نوێی ئەکادیمی بۆ پێگەیاندنی مامۆستایانی زمانی کوردی دەستیپێکردووە.
هەرێمی برێمن لە باکووری ئەڵمانیا، ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردستانییانی تێدا دەژین. لەم هەرێمەدا رێگە بە خوێندنی زمانی کوردی دراوە، بەڵام کەمیی مامۆستایانی پسپۆڕ، ئیدارەی ناوچەکەی سەرقاڵ کردووە. مێژووی خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانە فەرمییەکانی برێمن بۆ 36 ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە. سلێمان گوڵپینار، یەکەم مامۆستای زمانی کوردییە کە لە قوتابخانەیەکی فەرمیی ئەڵمانیا وانەی کوردیی گوتووەتەوە، سەبارەت بە دەستپێکی خوێندنی کوردی بە تۆڕی میدیای رووداوی گوت، "ساڵی 1990 لە وەزارەتی پەروەردە یەکەمجار لە سەرانسەری ئەڵمانیا دەستمان بە وانەی زمانی کوردی کرد. سەرەتا ژمارەی خوێندکاران کەم بوو، بەڵام ساڵ بە ساڵ ژمارەی بەشداربووان و کاژێرەکانی زیادیان دەکرد، بە جۆرێک کە لە چوار قوتابخانە ژمارەیان گەیشتە 150 کەس."
گوڵپینار ئێستا خانەنشین بووە، ئاماژە بە سەختییەکانی ئامادەکردنی پرۆگرامی خوێندن لەو سەردەمەدا دەکات و دەڵێت، "شەوانە 5 تا 6 کاژێر خەریکی ئامادەکردنی وانەکان بووین، وێنەمان کۆپی دەکرد. دواتر لەگەڵ مامۆستا ئەمین و دکتۆر زەردەشت حاجۆ هەفتەی جارێک کۆدەبووینەوە و وانەکانمان ئامادە دەکرد."
لە ساڵی 2013ەوە، مامۆستا رۆنی ستێرک شوێنی مامۆستا سلێمانی گرتووەتەوە و لە چەندین قوتابخانەی بنەڕەتی وانە دەڵێتەوە. ئەو سەبارەت بە فرە زاراوەیی و ژمارەی قوتابییان دەڵێت، "ئێمە لە 8 قوتابخانە وانە دەڵێینەوە و نزیکەی 250 قوتابیمان هەیە. بە زاراوەی کورمانجی وانە دەڵێمەوە، بەڵام قوتابیمان هەیە لە زاراوەکانی هەورامی، سۆرانی و زازاکی. لەم پرۆسەیەدا رۆڵی دایک و باوکان یەکلاکەرەوەیە؛ ئەگەر ئەوان رێگە نەدەن یان منداڵەکانیان نەنێرن بۆ وانەی زمانی دایک، پرۆسەکە سەرناکەوێت."
بۆ پڕکردنەوەی کەمی لە ژمارەی مامۆستایان، دامەزراوە ئەکادیمییەکان بە هاوکاریی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی برێمن و زانکۆی دویسبۆرگ و رێکخراوی یەکمال، پرۆژەیەکی مەشق و راهێنانیان راگەیاندووە. ئارام عەقێل، چالاکە لە رێکخراوی یەکمال و جەخت لەسەر گرنگیی راهێنانی ئەکادیمی دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، "ئەم پرۆگرامە تەنیا جەخت لەسەر فێرکردنی رێزمان ناکاتەوە، بەڵکو گرنگییەکی تایبەت بە مێتۆدۆلۆژیای فێرکردنی زمان و تەکتیکەکانی پەروەردە دەدات. بەشداربووان کە 25 مامۆستان، پێویستە پاشخانێکی پەروەردەییان هەبێت یان پێشتر لە بواری مامۆستایەتیدا چالاک بووبن."
پەرلەمانی هەرێمی برێمن و پەرلەمانتارانی کورد لەنێو پارتە جیاوازەکان، بەتایبەت شاهانیم گیورگیو فیلیپ، پەرلەمانتاری خەڵکی باکووری کوردستان، رۆڵێکی گەورەیان بینیوە لە بەردەوامیدان بە وانەکانی زمانی کوردی، کە بووەتە مۆدێلێک بۆ هەرێمەکانی دیکەی ئەڵمانیا. لەو پڕۆژەیە ئامانج ئەوەیە نەوەیەکی نوێ لە مامۆستایانی پێبگەیێندرێن تاوەکو زمان و کلتووری کوردی لە ناوەندەکانی خوێندنی ئەڵمانیادا بە زیندوویی بمێنێتەوە.


