رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئامارە نوێیەکانی فەرمانگەی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا، لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا وەرگرتنەوە و رەتکردنەوەی مافی مانەوە لە هاووڵاتییانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
لە بەرنامەی دیاسپۆڕای تۆڕی میدیای رووداو، داود عەتێ، راوێژکاری پەنابەران رایگەیاند: "لە ساڵی 2024 لە کۆی 17 هەزار کەس کە کەیسەکەیان پێداچوونەوەی بۆ کرابوو، مافی مانەوەی 750 کەس رەتکرایەوە یان هەڵوەشێندرایەوە. لە ساڵی 2025دا لە کۆی 17 هەزار و 700 کەس، 659 کەسیان مافی مانەوەیان رەتکرایەوە. بەڵام لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2026دا لە کۆی 8 هەزار و 320 کەس کە کەیسەکانیان پێداچوونەوەی بۆ کراوە، مافی مانەوەی هەزار و 932 کەس رەتکراوەتەوە."
داود عەتێ ئاماژەی بەوەش کرد، یاساکانی ئەڵمانیا جیاوازی لەنێوان کوردی رۆژئاوای کوردستان و هاووڵاتیی عەرەبی سووریا ناکەن و گوتی: "دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا پێیان وایە رەوشی گشتیی سووریا گۆڕانی بەسەردا هاتووه و مەترسیی ئەمنی کەمبووەتەوە، بۆیە یاساکانی وەرگرتنی پەنابەری تووندتر بوون. بەڵام رەتکردنەوەی مافی مانەوە بە واتای دیپۆرتکردنەوەی راستەوخۆ نایەت، چونکە پرۆسەی گەڕاندنەوەی پەناخوازان ئاڵۆزە."
حوسێن، گەنجێکی پەناخوازی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و لە ساڵی 2022وە لە ئەڵمانیایە، بەڵام داواکاریی پەنابەریی رەتکراوەتەوە.
حوسێن بە دیاسپۆرای گوت: "دوای ساڵ و نیوێک داواکارییەکەم رەتکرایەوە. ئێستا لەنێوان هیوا و ناڕوونییدا دەژیم. کۆڵم نەداوە، خەریکی فێربوونی زمانم و تێدەکۆشم کە لە رێگەی خوێندنی پیشەیی مافی مانەوەی کار بەدەستبهێنم تاوەکو خێزانەکەشم بهێنم."
لەلایەکی دیکەوە، بێریڤان کە ئەندازیارێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و بە ڤیزەی خوێندن رووی لە ئەڵمانیا کردووە، باس لە ئەزموونی خۆی دەکات.
بێریڤان بە دیاسپۆرای راگەیاند: "من بە ڤیزەی خوێندن هاتم، ماستەرم تەواو کرد و دەست بە کار بووم، بەڵام بڕیارە نوێیەکان و مامەڵە کارگێڕییەکان بەرامبەر کەسانی ئەکادیمیش ئاسان نین. یاساکانی بازار و کاری ئەڵمانیا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە."
زۆربەی ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان درێژنەکراوەتەوە یان رەتکراوەتەوە، هەوڵ دەدەن لە رێگەی فێربوونی زمان و خوێندنی پیشەییەوە جۆری مافی مانەوەکەیان بگۆڕن بۆ مانەوەی لەسەر بنچینەی کار.


