رووداو دیجیتاڵ کچە گەنجێکی خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، دوای تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکانی شەڕ و کۆچبەری، توانیویەتی لە رێگەی ئینتەرنێت و بە شێوازی "خۆفێرکردن" زمانی ئەڵمانی فێربێت و بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندنی باڵا و بەدیهێنانی خەونەکانی، خۆی بگەیێنێتە ئەڵمانیا. دلڤا شێخی، کچێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە. سەرەڕای نالەباری باری گوزەران و ئاستەنگییەکانی شەڕ کە ناوچەکەی گرتبووەوە، کۆڵی نەدا و بڕیاری دا رێگەیەکی جیاواز بۆ داهاتووی خۆی بگرێتەبەر. ئەو هاونیشتمانییە دوای تەواوکردنی قۆناخی ئامادەیی، ئامانجی ئەوە بوو خوێندنی زانکۆ لە یەکێک لە زانکۆکانی ئەورووپا درێژەپێبدات. دلڤا چیرۆکی گەیشتنی بە ئەڵمانیا لە رێگەی خوێندنەوە بۆ (دیاسپۆرا) دەگێڕێتەوە و دەڵێ: "من وەک کچێکی شاری کۆبانێ، خواستم هەبوو کارێکی جیاواز بکەم و بڕیارێکی ئازایانە بدەم، تاوەکو بسەلمێنم کە ئێمەش دەتوانین بگەینە زانکۆکانی دەرەوە. سەرەڕای ئەوەی سنووردارکردن و ئاستەنگی زۆر هەبوون، بەڵام گرنگ بوو بەردەوام بین و دەستبەردار نەبین." چیرۆکی دلڤا پڕە لە زەحمەتی و ئاستەنگی؛ لە شەڕی کۆبانێدا خێزانەکەی بەرەو شاری هەولێر ئاوارە بوون. دوای رزگارکردنی کۆبانێ، گەڕانەوە شارەکەیان و تاوەکو پۆلی یازدەیەم بە زمانی کوردی خوێندی و دواتر بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناو وەرچەرخانی ژیانی ئەو کچە کاتێک دەستی پێکرد کە بڕیاری دا بچێتە ئەڵمانیا. لە کۆبانێ هیچ خولێکی فێربوونی زمانی ئەڵمانی یان ئاسانکارییەک بۆ وەرگرتنی ڤیزەی خوێندن بەردەست نەبوو. دلڤا بەبێ ئەوەی بچێتە هیچ خولێک یان مامۆستای هەبێت، لە ماڵەوە و بە رێگەی ئینتەرنێت دەستی بە خوێندنی زمانی ئەڵمانی کرد. ئەو هاونیشتمانییە هەنگاو بە هەنگاو سەرجەم قۆناخەکان دەبڕێ و دواتر بە ڤیزەی خوێندن خۆی دەگەیێنێتە ئەڵمانیا. ئێستا دلڤا لە شاری دویسبۆرگی ئەڵمانیا دەژی و لە زانکۆی دویسبۆرگ-ئێسن گەیشتووەتە ئامانجەکەی و رەزامەندی خوێندنی وەرگرتووە. وێنەی زانکۆی دویسبۆرگ کە رۆژانێک لە کۆبانێدا تەنیا خەونێک بوو بۆی، ئێستا بووەتە واقیع و لە هەمان زانکۆ لە بەشی پزیشکی وەرگیراوە؛ هاوکات لەگەڵ خوێندنەکەی لە بواری وەرگێڕانیشدا دەستی بە کارکردن کردووە. دلڤا شێخی باسی ئامانجی داهاتووی دەکات و دەڵێ: "ئامانجی سەرەکیم دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەکەم ئەوەیە کە سوودێک بە وڵاتەکەم بگەیێنم. دەمەوێ کارێک بکەم کە خێزانەکەم و وڵاتەکەم سەریان بە من بەرز بێت."
دیاسپۆرا21-08-2026دایک و باوکێکی کورد لە ئەڵمانیاوە دەنێردرێنەوە تورکیا و سێ منداڵەکەیان لێ جیادەکرێنەوە
دیاسپۆرا21-08-2026ئەڵمانیا مافی مانەوە لە سەتان هاووڵاتیی سووریا و هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان وەردەگرێتەوە