رووداو دیجیتاڵ
شاری ماگدیبۆرگ، پایتەختی هەرێمی 'زاکسن ئەنهالت' لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا بووەتە ناوەندی ململانێیەکی سیاسیی چارەنووسساز، کە بەشێکی بەرچاو لە داهاتووی سیاسیی ئەڵمانیا و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی کۆچبەران دیاری دەکات. لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمەکە لە 6ی ئەیلوولی 2026، پارتی "جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا - AfD" کە حیزبێکی راستئاژۆی پەڕگیرە، کەمپینێکی بەهێزی دەستپێکردووە بە ئامانجی بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەکان و گرتنەدەستی حکومەتی ویلایەتەکە.
دۆسیەی کۆچبەران؛ کەرەستەی سەرەکیی کەمپینی AfD
پارتی AfD ئامانجی سەرەکیی خۆی لە گەیشتن بە دەسەڵات بە "گەڕاندنەوەی سەروەریی یاسا" دەناسێنێت و رەخنەی تووند لە حکومەتی ئێستای ئەڵمانیا دەگرێت. ئۆلیڤەر کیرشنەر، جێگری سەرۆکی پارتی AfD بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەمانەوێت حکومەت بگەڕێنینەوە سەر رێڕەوی یاسا. حکومەتی ئێستا بە ئاسانکاری بۆ کۆچی نایاسایی و دابینکردنی هاوکاریی دارایی بۆ پەناخوازان، پێشێلکاری بەرامبەر مافی هاووڵاتییان دەکات."
زیادبوونی رەگەزپەرستی؛ نیگەرانیی قووڵی کەمینەکان
لە بەرامبەردا، کۆچبەران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هۆشداریدەدەن لەوەی کە رەگەزپەرستی لە زاکسن ئەنهالت لە حاڵەتەوە بووەتە دیاردەیەکی رۆژانە.
ئاراس بەدر، کۆچبەرێکی کوردی رۆژئاوای کوردستانە و لە ماگدیبۆرگ دەژی، لەبارەی بارودۆخەکەوە بە رووداوی گوت، "رەگەزپەرستی بووەتە بەشێک لە ژیانی رۆژانە. بیانییەکان چ لەسەر کار یان لە شەقام و بازاڕەکاندا رووبەڕووی بێڕێزی و تووندوتیژی دەبنەوە، بەتایبەت ئەو ژنانەی حیجابیان کردووە یان کەسانێک کە رەنگی پێستیان جیاوازە."
هاوکات چالاکوانانی بەرهەڵستکاری راستڕەوەکانیش جەخت دەکەنەوە، بە دەسەڵات گەیشتنی AfD، زەمینە بۆ زیاتربوونی تووندوتیژی دژی کۆچبەران خۆش دەکات و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە.
بەرهەڵستکاری و هەڵوێستی دیاسپۆرای کوردی و لایەنە دیموکراتییەکان
سەبارەت بە ئەگەری سەرکەوتنی AfD، بەشێک لە رەوەندی کوردی بڕیاری مانەوە و خەباتی مەدەنییان داوە. هاونیشتمانییەکی دانیشتووی هەرێمەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەن لەڕێگەی خۆپێشاندان و چالاکییە دیموکراتییەکانەوە بەرگری لە ئاییندەی ئازادی ئەڵمانیا بکەن.
لە لایەکی دیکەوە، سۆزان شیبۆرا زایدلیتس، نوێنەری پارتی سەوزەکان (Die Grünen) داوای لە کۆچبەران و بیانییەکان کرد هەرێمەکە جێنەهێڵن و رایگەیاند، "تکامان ئەوەیە بەیەکەوە بمیێنینەوە و بەرەنگاری ئەم ئاراستەیە ببیینەوە، تاوەکو زاکسن ئەنهالت بە فرەڕەنگی و جوانییەکەی بمێنێتەوە."
پاشەکشەی خزمەتگوزارییەکان؛ هۆکاری بەهێزبوونی راستڕەوەکان
شارەزایان و بەشێک لە دانشتووانی ناوچەکە پێیانوایە کە شکستی پارتە نەریتییەکان لە چارەسەرکردنی کێشە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان، زەمینەی بۆ گەشەی AfD رەخساندووە.
مستەفا گرونەر، بەربژێری سەوزەکانە لەو هەرێمە و ئاماژەی بەوە کرد، گرانبوونی بژێویی ژیان، کێشەکانی گواستنەوەی گشتی لە ماگدیبۆرگ و کەمیی مامۆستا لە قوتابخانەکاندا، بوونەتە هۆی بێئومێدبوونی خەڵک لە حکومەت و روویان لە پارتە راستئاژۆکان کردووە.
هەڵبژاردنی 6ی ئەیلوولی زاکسن ئەنهالت، تەنیا رووبەڕووبوونەوەیەکی پارتەکان نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ بەها دیموکراتییەکانی ئەڵمانیا و ئاییندەی ملیۆنان کۆچبەر کە ئەو وڵاتەیان بە نیشتمانی دووەمی خۆیان هەڵبژاردووە.



