رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنە گشتی و نێوخۆییەکانی سوێد، چالاکیی بەربژێرە کوردەکان لەناو پارتە جیاوازەکاندا گەرموگوڕیی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت. لەنێو زیاتر لە 200 بەربژێری کورد لە سوێد؛ هانا ئەمین، کچە گەنجێکی تەمەن 25 ساڵ، وەک بەربژێری پارتی سۆسیال دیموکراتەکان بۆ پەرلەمانی سوێد هەوڵی بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەران و دیاسپۆرای کوردی دەدات.
هانا ئەمین، تەمەن 25 ساڵانە و لە سوێد لەدایکبووە، لە بواری نەخشەسازی و ئەندازیاری خوێندوویەتی، ئێستاش ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی سۆڵنتۆنای ستۆکهۆڵمە. ئەو داوا دەکات هەماهەنگیی بەهێزتر لەنێوان دیاسپۆرای کوردی و ناوەندەکانی بڕیاردان لە سوێد دروستبکرێت.
کێشەی نیشتەجێبوون و ئابووریی گەنجان
هانا ئەمین لە هەڤپەیڤینێکدا لە بەرنامەی دیاسپۆرا، لەسەر گرانبوونی ئاستی بژێوی و کێشەی خانووبەرە لە ستۆکهۆڵم جەخت لەسەر پێویستیی ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵاتدا دەکاتەوە و دەڵێت، "لە ستۆکهۆڵم دەبینین زۆر خەڵک خانوویان دەستناکەوێت، بەتایبەت گەنجان. لە کۆی 10 گەنج لە ستۆکهۆڵم، 9یان دەیانەوێت ماڵی خۆیان هەبێت، بەڵام خانوو زۆر گران بوون و کەمیش دروست دەکرێن. ئێمە دەمانەوێت دەسەڵات بگرینە دەست و گەنجان بتوانن خانوویان هەبێت و ژیانی خۆیان دەستپێبکەن."
لەبارەی بارودۆخی ئابووری و سەختیی 4 ساڵی رابردووی ژێر سایەی حکومەتی ئێستای سوێد ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکانی حکومەت زیاتر لە بەرژەوەندیی دەوڵەمەندان بووە و خەڵکی کەم دەرامەت زیانیان پێگەیشتووە، "ئەم 4 ساڵە ژیان لە ئەورووپا و سوێد زۆر گران بوو، حکومەتی ئێستا گرنگی بە خەڵکی دەوڵەمەند دەدات، هەروەها زۆر لە کوردانی سوێد کێشەی دۆزینەوەی کار و کێشەی فێربوونی زمانیان هەیە. زۆر گرنگە، ئەمجارە دەنگ بدەن بۆ ئەوەی بتوانین حکومەت بگۆڕین."
مافی مانەوە، پاسپۆرت و یاسای تاوان
دەربارەی گۆڕانکارییەکانی یاسای کۆچبەری و دەستکاریکردنی مافی مانەوە لەلایەن راستڕەوەکانەوە، هانا ئەمین پشتیوانیی پارتی سۆسیال دیموکراتی بۆ کۆچبەران دووپاتکردەوە و گوتی، "مەبەستی ئێمە ئەوەیە کۆمەڵگە بەهێزتر بکەین، نەک سزای بدەین. ئەوانەی دێنە سوێد، زمانی سوێدی فێردەبن و ئیش دەدۆزنەوە، نابێت لە وەرگرتنی پاسپۆرت و ئیقامە سزایان بدەین."
سەبارەت بە لێسەندنەوەی وڵاتینامە لەو کەسانەی تاوانی قورس یان تیرۆر ئەنجامدەدەن و خاوەنی دوو پاسپۆرتن، هانا روونیکردەوە، "ئەگەر کەسێک تیرۆریست بێت، نابێت لە سوێد پاسپۆرتی هەبێت و بمێنێتەوە."
پردی پەیوەندی و نوێنەرایەتیی کورد
سەرەڕای ئەوەی لە سوێد گەورە بووە، هانا بە کوردییەکی پاراو قسە دەکات و هۆکارەکەی بۆ پەروەردەی خێزانەکەی دەگەڕێنێتەوە. ئەو ئامانجی خۆی لە بەربژێربوونی رادەگەیەنێت و دەڵێ، "دەمەوێت کوردییەکەم باشتر بێت، چونکە دەمەوێت وەک پردێک بم لەنێوان کوردستان و سوێد. لەنێو 349 ئەندامی پەرلەمانی سوێد دا، تەنیا چەند کوردێک گەیشتوونەتە پەرلەمان، ئەوەش کەمە بەراورد بە ژمارەی دیاسپۆرای کوردی. پێموایە ئەگەر کورد زیاتر بچنە پەرلەمان، دەتوانین گۆڕانکاریی راستەقینە بکەین."




