رووداو دیجیتاڵ
کوردی دیاسپۆرا لە سوێد بەردەوامن لە بەدەستهێنانی پێگەی سیاسی لە دامەزراوەکانی ئەو وڵاتەدا. نووژین ئالاباجاک، بەربژێری ژمارە یەکی پارتیی چەپ لە شارەوانیی هودینگەی سەر بە هەرێمی ستۆکهۆڵم، ڕایدەگەیێنێت کە پارتەکەی هەمیشە پشتیوانێکی سەرەکیی پرسی کورد و مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد بووە.
نووژین ئالاباجاک، بەربژێری پارتیی چەپی سوێد، لە بەرنامەی (دیاسپۆرا)دا باسی لە هەوڵەکانی کرد بۆ خزمەتکردنی دیاسپۆرای کوردی لە سوێد و رایگەیاند: "لە چوار ساڵی رابردوودا توانیومانە 17 چاکسازی ئەنجام بدەین، بەتایبەتی لە بواری یەکسانیی رەگەزی و چەسپاندنی مافی خوێندن بە زمانی دایک بۆ منداڵانی کورد."
شارەوانیی هودینگە دووەم گەورەترین شارەوانییە لە هەرێمی ستۆکهۆڵم و ژمارەیەکی بەرچاو کورد لێی نیشتەجێن. ئالاباجاک جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە هەوڵەکانی ئەوان، سیستمی خوێندنی زمانی دایک ئاسانکاریی زۆری بۆ کراوە و دەڵێت: "پێشتر دەبوو لانیکەم سێ منداڵ لە قوتابخانەیەکدا هەبن تاوەکو وانەی زمانی دایکیان بۆ بگوترێتەوە، بەڵام ئێمە کارمان لەسەر ئەوە کردووە تەنانەت ئەگەر تەنیا یەک منداڵیش بێت، مافی ئەوەی هەبێت لە هەفتەیەکدا کاژێرێک بە زمانی دایکی بخوێنێت."
سەبارەت بە پشتیوانیی پارتەکەی بۆ دۆزی کورد و رەوشی سیاسیی سوێد، نووژین ئالاباجاک گوتی: "پارتیی چەپ یەکێکە لەو پارتانەیە کە لە مێژووی خۆیدا هەمیشە پشتیوانیی لە ئازادیی گەلی کورد و کوردستانێکی سەربەخۆ کردووە. لە کاتێکدا پارتە راستڕەوەکان زۆرجار سیاسەتی رەگەزپەرستانە دەگرنەبەر، ئێمە دەمانەوێ یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکەین."
ئەو بەربژێرەی پارتیی چەپ ئاماژەی بە رەگوڕیشەی خەباتی بنەماڵەکەی کرد و گوتی: "نەوەی پێش ئێمە خەباتێکی زۆریان لەپێناو ئازادیی کوردستاندا کردووە، باوکی من پێشمەرگە بووە. ئێستا ئەرکی ئێمەیە وەک نەوەی دووەم لە هەندەران بە شێوازێکی هاوچەرخ بەردەوامی بەو خەباتە بدەین و داخوازییەکانی گەلەکەمان بگەیێنین."
