لەم هەڤپەیڤینە تایبەتەی بەرنامەی دیاسپۆرا لەگەڵ فرێدریک مالم، پەرلەمانتاری پارتی لیبراڵی سوێدی، پرسی پاشەکشەی جەماوەریی پارتی لیبراڵ لە دوایین راپرسییەکاندا تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکە بوو. مالم ئاماژەی بەوە کرد کە بوون بە ئۆپۆزیسیۆن هەمیشە ئاسانترە لە بەشداریکردنی دەسەڵات، چونکە بەشداریکردن لە حکومەتدا بەرپرسیارێتیی گەورەتر و دانوستاندنی قورس لەگەڵ پارتەکانی دیکە دەخاتە ئەستۆی لایەنەکان، ئەمەش هەندێکجار دەبێتەهۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی یان ناکۆکیی نێوخۆیی لەسەر بڕیارە سیاسییەکان.
ئەو سیاسەتڤانە سوێدییە روونیکردەوە کە سەرەڕای ئاڵۆزییەکان و هەبوونی هەندێک بۆچوونی جیاواز لەسەر هاوپەیمانێتییەکان، بەشێکی زۆری ئەندامانی پارتەکەی هاوڕان لەسەر بەردەوامبوونی پشتگیرییان بۆ حکومەتی ئێستای سوێد و سەرکردایەتیی سیمۆنا مۆهامسۆن؛ هەروها ئاماژەی بە مێژووی هاوخەمی و پشتیوانیی بەردەوامی ئەو پارتە و بەتایبەتی خۆیشی بۆ دۆزی گەلی کوردستان کرد.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: دواجار کە یەکدیمان بینی، لەنێو ئەم باڵەخانەیەی پەرلەمان بوو. هەڤپەیڤینێکمان کرد و ئەوکات.. پارتی لیبراڵ پارتێکی زۆر بەهێز بوو لەنێو ئەم باڵەخانەیەدا. بەڵام بەپێی راپرسییەکان، دۆختان زۆر باش نییە بەراورد بە جارەکانی رابردوو… هۆکارەکەی چییە؟
فرێدریک ماڵم: چەند هۆکارێک هەن. پێموایە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە هەمیشە ئاسانترە لە ئۆپۆزیسیۆن بیت وەک لەوەی لە حکومەت بیت. دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵبگری؛ هەروەها دەبێت دانوستاندن لەگەڵ پارتەکانی دیکەش بکەی بۆئەوەی سیاسەت و چاکسازییەک بهێنیتە ئاراوە کە رەنگە لەسەرەتادا رێک ئەوە نەبووبێت کە ویستووتە. بۆیە دانوستاندنەکان زۆر زۆر سەخت بوون. ئێمە سێ پارتین لە حکومەت و پارتێکیش لە دەرەوەی حکومەت بە رێککەوتنێک پشتگیریی حکومەت دەکات. هەرسێ پارتەکەی دیکە لە پارتی لیبراڵ راستڕەوترن. هەروەها هەندێک ناکۆکیی ناوخۆییمان هەیە. چەندین ساڵە ئەوەمان هەیە، کە هەندێک لەنێو پارتەکەدا هەرگیز نایانەوێ پەیوەندییان بە پارتی (سوێدییە دیموکراتەکان)ەوە هەبێت. لەبری ئەوە، دەیانەوێ چارەسەری دیکە بۆ پێکهێنانی حکومەت بدۆزنەوە. زۆرینەی پارتەکەیشمان دەیانەوێ لەم حکومەتەدا بن. پێم وایە ئەوەی ئەمڕۆ بۆ پارتێکی سیاسی زۆر گرنگە یەکگرتووییە. پێم وایە زۆر زۆر گرنگە ئێمە لە پارتی لیبراڵ یەکگرتوو بین و ئێستاش واین. ئێستا پارتەکەمان یەکگرتووە لەسەر بەشداریکردن لەم حکومەتەدا. هەروەها لەپشت سەرۆکەکەشمان کە (سیمۆنا مۆهامسۆن)ە وەستاوین.
رووداو: لەڕووی مێژووییەوە ئێوە هەمیشە پشتگیریی دۆزی کوردتان کردووە. تەنانەت پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستانیشتان کرد. ئەمەم لەبیرە. بەتایبەتی تۆ، لەنێو کورددا، تەنانەت لە دەرەوەی سوێدیش، ناسراوی بەوەی پشتگیرێکی گەورەی کوردستانیت. ئەوان بەو شێوەیە دەتناسن. بەڵام ئێستا کاتێک سەیری بەربژێرە کوردەکان دەکەم لەم هەڵبژاردنانەدا، دەبینم خەڵکێکی زۆر لەنێو پارتی لیبراڵ نین، کە بەربژێری کورد بن؛ هەروەها لە دەنگدەرە کوردەکانی سوێدیش نابیستم کە بیر لەوە بکەنەوە کاتی خۆی ئێوە چیتان بۆ کوردستان کردووە. چۆن پشتگیریتان لە کوردستان کردووە تاوەکو دەنگتان بدەنێ و ئەو ئەنجامەی راپرسییەکان بگۆڕن؟
فرێدریک ماڵم: یەکەم شت... من خۆم بۆ دووبارە بەربژێر ناکەم؟ چونکە 5 خول لە پەرلەمانی سوێد خزمەتم کردووە. بۆیە 20 ساڵ لەم باڵەخانەیەدا کارم بۆ مافەکانی کوردستان، مافی کورد، مافی مرۆڤ، هەروەها مافی خاک و خۆبەڕێوەبەری یان سەربەخۆیی، فیدراڵیزم و شتەکانی دیکە کردووە. بەڵام ئێستا خۆم بەربژێر ناکەمەوە، چونکە راستە تەمەنم درێژە، بەڵام زۆریش درێژ نییە. بۆیە دەبێت بزانم لە داهاتوودا دەتوانم چی بکەم. بەڵام سەرۆکەکەمان لە ستۆکهۆڵم، گولان ئاڤجی، کوردە. ئەو لە تەتوان لەدایکبووە، لەنزیک بەدلیس. بەربژێری کوردیشمان لە سەرتاسەری وڵات هەیە. بەڵام پێم وایە کاتێک داعش یان دەوڵەتی ئیسلامی هات و رەققە و موسڵی گرت و کوردستان کەوتە ژێر هەڕەشەوە، تیشکێکی زۆر خرایە سەر کوردستان . کورد و پێشمەرگە شەڕیانکرد و لە سووریاش ئازایانە دژی داعش جەنگان. بەڵام ئەوەی دوای ئەوە بینیمان، ئەوەیە کە رەنگە هەڕەشەیەکی گەورەتر لەلایەن حەشدی شەعبی و میلیشیا رادیکاڵەکانی لایەنگری ئێرانەوە لە عێراق بۆ نموونە هەبێت. من ئەو سەرنجەم نەبینیوە، نە لە سوێد، نە لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا، نە لە نەتەوە یەکگرتووەکان. بەڵام دەبێت زۆر نیگەران بین لەوە. هەروەها هێرشی درۆنەکانی ئێران دەبینین بۆ سەر باشوور، بۆ سەر گرووپە سیاسییەکانی ئێرانی لە کوردستان. لە کۆیە بۆ نموونە. هەروەها بۆ سەر ناوچەکانی هەولێر و شوێنەکانی دیکە. بۆیە پێم وایە دەبێت لانیکەم هەمان فۆکەسی 7 یان 8 ساڵ لەمەوبەر لەسەر کوردستان هەبێت. بەڵام ئێستا تەنیا تیشک خراوەتە سەر...بێگومان ئۆکراینا! چونکە لە ئەورووپایە و زۆر نزیکە لە سوێدەوە. پەیوەندییەکی ئاڵۆزیشمان لەگەڵ رووسیا هەیە. هەروەها تیشکێکی زۆر خراوەتە سەر ترەمپ، لەسەر ناتانیاهۆ، لەسەر تەنگەی هورمز و ئەوانی دیکە. بەڵام خەڵکی ناوچەکە... مەبەستم ئەوەیە بینیمان راپەڕینەکانی ئێران چەندین ساڵە بەردەوامن. لە کچە کوردەکەوە دەستیپێکرد، ژینا ئەمینی، کە لەلایەن بەسیج یان پۆلیسەوە لەکاتی دەستبەسەریدا لە ئێران کوژرا و ناڕەزایەتییەکان لە شارە کوردییەکانی ئێراندا چەندین ساڵە بەردەوامن. ئەوێ بەسەربازیکراوترین ناوچەیە لە وڵاتەکەدا، لەگەڵ بەلووچستان. هەروەها بەرزترین رێژەی خەڵکیان هەیە کە چاوەڕێی سزای لەسێدارەدانن لە ئێران. زۆرترین ئەو کەسانەی بە سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەکوژرێن لە کۆمەڵگەی کوردین.
رووداو: دوایینجار کە یەکدیمان بینی و هەڤپەیڤینێکمان کرد، کاتی گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ. لەبیرتە! ئەوکات، سوێد پشتگیریی رۆژاوای کوردستانی دەکرد، پشتگیریی یەپەگە و یەپەژەی دەکرد. بینیشمان هەموو شتێک گۆڕدرا، تەنیا لەپێناوی ئەوەی ببنە ئەندامی ناتۆ. من قسەم لەگەڵ چەند سیاسەتمەدارێکی دیاری پارتی سۆسیال دیموکرات کرد، چونکە لە راپرسییەکاندا دۆخیان باشە. ئەوان گوتیان باشە 4 ساڵ لەمەوبەر دۆخێکی سەخت بوو، ناچار بووین واز لە ئایدیاڵەکانمان بهێنین دەربارەی کوردستان، بەڵام ئەمجارە جیاوازە، چونکە ئەوە کۆتایی هات. ئێستا دۆخێکی نوێمان هەیە. پێتوایە وا دەبێت؟ مەبەستم ئەوەیە ئەگەر سۆسیال دیموکراتەکان دووبارە حوکمی سوێد بکەن، دۆخێکی باشتر بۆ کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبینین؟ مەبەستم لە سیاسەتی دەرەوەی سوێدە.
فرێدریک ماڵم: پێموایە زۆر گرنگ نییە کە ئایا حکومەتێکی راستڕەوی مامناوەند یان چەپڕەوی مامناوەند لە سوێد هەبێ. سیاسەتی دەرەوە کەم تا زۆر هەر هەمان شت دەبێت. پەیوەندیشی بە ئەندامێتیی سوێدەوە هەیە لە ناتۆ. ئێمە 200 ساڵ لە دەرەوەی هەر هاوپەیمانییەکی سەربازی بووین. کاتێک رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا هەموو شتێک گۆڕا. بۆیە بۆ ئێمە ئەمە پرسێکی ئاسایشی نیشتمانی و سەروەریی نیشتمانییە. ئێستا بۆنموونە لەماوەی چەند ساڵێکدا رێژەی 5%ی تەرخانکردنی بودجە بۆ بەرگری دابین دەکەین. پێویستمان بە رێگەی دیکەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تورکیا. ناتوانین بەڕاستی ئەوە بە شێوەیەک بکەین کە سوێد لە دەرەوەی ناتۆ بێت. پێموایە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا رێگەیەکە بۆ کاریگەریدانان لەسەریان، بەڵام لەکۆتاییدا ئەوە رێڕەوێکی تایبەتە. لە تورکیا ئێستا دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا یان لە راستیدا پارتی ناسیۆنالیستی مەهەپە لە تورکیا بەڕێوەدەچێت. بەڵام ئەوەی پێموایە گرنگترە بۆ پرسی کورد بکرێت، ئەوەی سوێد دەتوانێت زۆر زۆرتر بیکات، دروستکردنی دەرفەتی زۆرترە بۆ بازرگانی و ئاڵوگۆڕ. پێموایە باشترین رێگە بۆ باشوور، ئێستا بەتایبەتی باسی باشوور دەکەم، ئەوە ناوچەیەکە کە هێشتا بەستراوەتەوە بە بەغداوە. چونکە ئەوان مووچە دەدەن، ئەگەر بیدەن ئەوا دەیدەن. هەروەها نەوتتان هەیە لە کەرکووک و تەق تەق و ئەو کێڵگانە. بەڵام بۆ داهاتووی کوردستان، پێموایە داهاتوو لە کرانەوەدایە بۆ بازرگانیی زۆرتر لەگەڵ ئەوروپا. چونکە دەوروبەرتان ئێستا زۆر وێران بووە بەهۆی جەنگەکانی سووریاوە. ئێران و عێراقیش لە دۆخێکی خراپدان. دەتوانن لەگەڵ تورکیا بازرگانی بکەن، بەڵام بەتایبەتی ئەگەر بتوانن بازرگانیی زۆرتر بەدەستبهێنن. دەبێت کۆمپانیا سوێدییەکان بچنە باشوور. شاندی بازرگانی، گرووپی بازرگانی، کرانەوە، ئەمانە گرنگن... ئێمە کونسوڵخانە و بەشی باڵیۆزخانەمان لە هەولێر هەیە. دەتوانین زۆر زۆرتر بکەین بۆ باشترکردنی ئابووری.
رووداو: کەواتە لەڕووی دیپلۆماسی و ئابوورییەوە و هیچی دیکە!
فرێدریک ماڵم: بەڵێ پێموایە ئاوایە. پاشانیش لێرە دیاسپۆرامان هەیە.
رووداو: پێتوایە ئەوە واقیعیترین نزیکبوونەوەیە.
فرێدریک ماڵم: بەڵێ. پێشموایە ئێمە ناتوانین ئەو تێڕوانینەمان هەبێت بۆ ناوچە کوردییەکان کە تەنیا شاخ و مەڕ و جووتیاری لێن. مەبەستم ئەوەیە ئەمە ئێستا ناوچەیەکی مۆدێرنە. خەڵک پەیوەندییان هەیە، خەڵک بەجیهانی بوونە، خەڵک هەمان ئەو سۆشیال میدیایە بەکاردەهێنن کە ئێمە بەکاریدەهێنین. خەڵک کارلێک دەکەن و دیاسپۆرایەکی کوردی هەیە، بە ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهان. دەتوانین زۆر شتی دیکە بکەین.
رووداو: تۆ پەرلەمان جێدەهێڵیت، بەڵام هاوکاریی ئەندامانی دیکەی پەرلەمانیشت کردووە لە ماوەی، مەبەستم چەندین ساڵە وەک تۆڕی سوێدی-کوردی لەنێو پەرلەماندا. لەبیرمە لەڕووی مێژووییەوە زۆر جار ئەندامانی پەرلەمان هەبوون لە پارتەکەی ئێوە کە کورد بوون. پێشبینیی تۆ چییە؟ با بڵێین پێشبینی بۆ ئامادەیی کورد لەنێو ئەم باڵەخانەیەدا لە 4 ساڵی داهاتوودا چییە و چی بەسەر تۆڕی سوێدی-کوردی دێت؟
فرێدریک ماڵم: پێموایە تۆڕەکە بەردەوام دەبێت و دەڕواتە پێشەوە. دەستەیەکی نوێ هەڵدەبژێرن لەلایەن ئەو ئەندامانەوە کە دوای هەڵبژاردن لێرە هەڵدەبژێردرێن. پاشانیش پێموایە ئەگەر سەیری ئەو 5 خولە بکەمەوە کە خزمەتم کردووە، نزیکەی 5، 6، هەندێک جار تەنانەت 7 پەرلەمانتاری کورد هەبوونە. پێدەچێ هەر نزیکەی ئەو ژمارەیە بێت. زۆر باشیشە کە ئەوان لە هەمان پارت نین. لە پارتی جیاوازن. هەم لە بلۆکی راستئاژۆ و هەم لە بلۆکی چەپیش. هەروەها لە ناوچە کوردییە جیاوازەکانەوە هاتوونە. ئێمە لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە ئەنداممان هەبووە و تەنانەت لە پارچەی پێنجەمیش! کە یەکێکیان لە سوێد لەدایکبووە. پێشموایە ئەوە زۆر باشە. بەڵام شتەکە ئەوەیە کە ئەگەر تۆ 6 یان 7 سیاسەتمەداری کورد لە پارتی جیاواز و ناوچەی جیاوازی کوردستانەوە بخەیتە یەک ژوورەوە، ئەوان لەسەر هەموو شتێک رێکناکەون. بەڵام لەسەر کوردستان رێکدەکەون. راستە لەسەر سیاسەتی کوردستان رێکناکەون، بۆیە دەکرێ لەنێوان خۆشیاندا رای جیاوازیان هەبێ. بەڵام کۆمەڵگەی کوردی لێرە زۆر زیندوو و دینامیکییە. بۆ کۆمەڵگەی ئێرانیش لێرە هەمان شتە. هەروەها بۆ گرووپی ئاشووری، سریانی، کلدانیش، کە لە سوێد زۆر گەورەن هەمان شتە. پێشموایە هەندێکجار ئەوان لەگەڵ یەکدی رێکناکەون.. هەندێکجاریش زۆرتر لەگەڵ یەکدی رێکدەکەون، وەک لەگەڵ سوێدییەکان.
رووداو: فرێدریک ماڵم، دۆستێکی گەورەی کورد. زۆر سوپاس.
فرێدریک ماڵم: سوپاس. زۆر زۆر سوپاس.
