رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی کوردی پارتی سەوزەکانی سوێد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەڵێ، لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا کار بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکی پەرلەمان دەکات و دەشڵێت: "پڕۆژەیەکم هەیە بۆ ئەوەی ئەزموونی پاراستنی ژینگەی سوێد بۆ کوردستان بگوازمەوە."
شوان کەریم، کە لە بەشی کواڵیتی کۆنترۆڵی خۆراک لە پارێزگای ستۆکهۆڵم کاری کردووە، بە ژمارە 26 لە بازنەی ستۆکهۆڵم بەربژێرە. لە هەڤپەیڤینێکدا بۆ بەرنامەی دیاسپۆرا باسی لە هۆکارەکانی خۆبەربژێرکردنی و بەرنامەی پارتی سەوزەکان کرد.
لەبارەی بایەخی بابەتی ژینگە لە سایەی گۆڕانکارییە سیاسی و ئاساییشیەکانی ئەورووپادا، شوان کەریم گوتی: "راستە شەڕی ئۆکراینا بابەتی رۆژە، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگە کێشەیەکی بنەڕەتییە و کاریگەری لەسەر ئێستا و داهاتوومان هەیە. شەڕ رەنگە بووەستێت، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا ئەگەر ئەمڕۆ رووبەڕووی نەبینەوە، داهاتوومان دەخاتە مەترسییەوە."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆچی کوردانی نیشتەجێی سوێد پێویستە دەنگی پێبدەن، بەربژێرەکەی پارتی سەوزەکان گوتی: "من لە سفرەوە دەستم پێکردووە، لە ئازار و کێشەکانی دیاسپۆرانشینان گەیشتووم و خوێندنم تەواو کردووە و لە دامودەزگا فەرمییەکاندا کارم کردووە. دەمەوێ ببمە ئاوێنەی دەنگی ئەوان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا."
لەبارەی هەڵوێستی پارتی سەوزی سوێد بەرامبەر دۆزی کورد، شوان کەریم جەختی لەوە کردەوە کە پارتی سەوز هەمیشە پشتیوانی لە مافەکانی گەلی کورد کردووە و گوتی: "پارتی سەوز پشتیوانیی خۆی بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەربڕیوە."
سەبارەت بە بەرنامەی تایبەتی خۆی بۆ باشووری کوردستان لە ئەگەری سەرکەوتنیدا، ئەو بەربژێرە گوتی: "پڕۆژەیەکم هەیە لەژێر ناوی 'لە دارستانەکانی سوێدەوە بۆ شاخەکانی کوردستان'، کە پڕۆژەیەکی زانستی و ئەکادیمییە بۆ پێشخستن و پاراستنی ژینگەی کوردستان."
