رووداو دیجیتاڵ
کوردێک لە شاری ڤۆڵفسبۆرگی ئەڵمانیا، بە بەربژێربوونی لەسەر لیستی کریستیان دیموکراتەکان، توانیویەتی سەربکەوێت بۆ ئەنجوومەنی شارەوانی و ئێستاش کێبڕکێ لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی نۆردشتاتی ئەو شارە دەکات.
زەکەریا گۆران لە بەرنامەی "دیاسپۆرا" رایگەیاند، توانیویەتی لە رێگەی دەنگی راستەوخۆی دەنگدەرانەوە سەربکەوێت بۆ ئەنجومەنی شارەوانی.
لەبارەی دابەشبوونی کورسییەکانی ئەنجومەنی شارەوانی لەو ناوچەیە، زەکەریا گۆران گوتی: "کۆی گشتی 15 کورسییە؛ ئێمە توانیومانە 7 کورسی و سۆسیال دیموکراتەکان و سەوزەکانیش یەک کورسی بەدەستبهێنن."
بۆ مسۆگەرکردنی پۆستی سەرۆکی شارەوانی، پارتی کریستیان دیموکراتەکان پێویستی بە دروستکردنی هاوپەیمانییە لەگەڵ حیزبی سەوز تاوەکو ببنە خاوەنی 8 کورسی و زۆرینەی ئەنجوومەنەکە پێکبهێنن.
زەکەریا گۆران، ستراتیژی پارتەکەی بۆ رازیکردنی پارتی سەوز ئاشکرا کرد و گوتی: "لە پلانماندایە پۆستێکی گرنگیان بدەینێ، وەکو جێگری سەرۆکی شارەوانی، تاوەکو بتوانین هاوپەیمانییەتییەکە پێکبهێنین و پۆستی سەرۆکی شارەوانی بەدەستبهێنین."
زەکەریا گۆران، جەختی لە گرنگیی بەدەستهێنانی ئەم پۆستە کردەوە: "وەکو کوردێک زۆر گرنگە بەلامەوە ئەو پۆستە بەدەستبهێنم؛ ئەگەر ببمە یەکەم سەرۆکی شارەوانی لە ڤۆڵفسبۆرگ، بەڕاستی بۆ خۆم و وەکو کوردێک شانازییەکی زۆرە و پێم وایە بۆ هەموو کورد و کوردستان شتێکی تایبەت دەبێت."



