رووداو دیجیتاڵ
کارۆش تەها، رۆماننووسی کورد-ئەڵمانی بە نوێترین رۆمانی خۆی بەناوی "گولستان"، توانی بچێتە نێو کێبڕکێی لیستی خەڵاتی کتێبی ئەڵمانیا بۆ ساڵی 2026. رۆمانەکە گوزارشت لە ئازار و مەینەتییەکانی گەلی کورد لەژێر دەسەڵاتی رژێمی بەعس و سەردەمی حوکمی سەدام حوسێن دەکات.
کارۆش تەها، کە ساڵانێکە لە ئەڵمانیا دەژی و بە زمانی ئەڵمانی دەنووسێت، لەبارەی ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم رۆمانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ساڵی 2023دا گەڕامەوە باشووری کوردستان تاوەکو توێژینەوە بۆ رووداوەکانی رۆمانەکەم بکەم. لەوێ چاوپێکەوتنم لەگەڵ چەندین ژندا کرد کە قوربانیی دەستی رژێم بوون؛ ئەم چاوپێکەوتنانە گەشتێکی زۆر گرنگ بوون بۆ من و هاوکارم بوون لە خێرا بەڕێوەچوونی نووسینی رۆمانەکە."
چیرۆکی رۆمانەکە لە دەوری دوو کەسایەتیی سەرەکی بەناوەکانی "گوڵستان" و "چیا" دەسوڕێتەوە، کە دوو هاوژینی کوردن لە باشووری کوردستان لە سەردەمی حوکمی سەدام. لە رۆمانەکەدا "چیا" بەهۆی لێکچوونی رووخساری لەگەڵ سەدام حوسێن، لەلایەن رژێمەوە دەڕفێندرێت بۆ ئەوەی وەک هاوشێوەی ئەو لە شوێنە گشتییەکاندا دەربکەوێت، لە بەرامبەردا "گوڵستان" بەدوای هاوسەرە ونبووەکەیدا دەگەڕێت.
ئەو رۆماننووسە کوردە لەبارەی بەکارهێنانی بیرۆکەی هاوشێوەی دیکتاتۆر لە رۆمانەکەیدا گوتی: "بەکارهێنانی هاوشێوە لە دەسەڵاتدا ئامرازێکی ئەدەبییە و ئامانجێکی سیاسیی لەپشتەوەیە، بەتایبەتی لەلایەن سیستەمە فاشیستەکانەوە وەک ئەوەی سەدام حوسێن دەیکرد. زۆرداران ناوێرن بە راستەقینەیی بچنە نێو رای گشتی، بۆیە هەمیشە لەپشت ماسکی کەسێکی دیکەوە دەردەکەون، کە ئەو کەسە بە جەستە و گیانی خۆی ناتوانێت بەرگری لە خۆی بکات."
لە بەشێکی دیکەی رۆمانەکەدا، ئاماژە بە بەکارهێنانی زمانی ئایینی لەلایەن رژێمە کۆنترۆڵکەرەکانەوە کراوە، کارۆش لەوباریەوە گوتی: "لێکۆڵینەوەم لەسەر زمانی ئینجیل و زمان و دەقی قورئان کرد، چونکە رژێم زمانی ئایینی و عەرەبی وەک ئامرازێک بەکاردەهێنا. لە فایلە نهێنییەکاندا کاتێک بە 'بسم الله الرحمن الرحيم' دەستپێدەکات و دواتر باسی ئەشکەنجەدان یان سیخوڕیکردن بەسەر هاووڵاتییانەوە دەکات، هاوژدییەکی زۆر مەزن دەبینیت کە چۆن بەناوی بەزەیییەوە کارێکی بێبەزەییانەی وەها گەورە ئەنجام دەدرێت."
رۆمانی "گوڵستان" لەلایەن رەخنەگران و ناوەندە ئەدەبییەکانی ئەڵمانیاوە پێشوازییەکی گەورەی لێکراوە. رزگار تەها، برای کارۆش کە هاوکاریی خوشکەکەی کردووە لە کۆکردنەوەی زانیارییەکانی رۆمانەکەدا، بە رووداوی گوت: "من بوومە بەشێک لە پەرتووکەکە، چونکە یارمەتی کارۆشم دا. بابەتەکە زۆر لە هەست و ئەزموونی خێزانی ئێمە و زۆر لە خێزانە کوردییەکان نزیک بوو. باوکم و باوکی زۆر لە کوردانی دیکە بۆیان گێڕابووینەوە چی روویداوە، بۆیە ئەم پەرتووکە رەنگدانەوەی راستییەکانی مێژووی ئێمەیە."
کارۆش تەها، لەسەر ئاستی ئەڵمانیا وەک نووسەرێکی دیاری کوردی خاوەن خەڵاتی ئەدەبی دەناسرێت و بە رۆمانی "گوڵستان" توانیویەتی جارێکی دیکە سەرنجی ناوەندە ئەدەبییەکانی ئەڵمانیا بۆ سەر مێژوو و مەینەتییەکانی گەلی کورد رابکێشێت.



