رووداو دیجیتاڵ
دوزەن تەککال، رۆژنامەڤان و چالاکڤانی دیاری ئێزدی لە ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، هۆشداری لە بەهێزبوونی ئاراستەی راستڕۆی تووندڕەو لەو وڵاتە دەدات و دەڵێت، "پێویستە کۆمەڵگەی ئەڵمانی زیاتر گوێ لە ئێمەی کورد بگرێت، چونکە ئێمە قوربانیی تووندڕەویی ئایینی و رەگەزپەرستین."
تەککال، کە لەڕێگەی دەستپێشخەریی "خەونی ئەڵمانی" (German Dream) هەوڵی رەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ کۆچبەران دەدات، جەخت لەوە دەکاتەوە، کۆچبەران کێشە نین، بەڵکو بەشێکی سەرەکین لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیا.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: خاتوو دوزەن، گەشەکردن و سەرکەوتنی راستڕۆکان لە ئەڵمانیا تاچەند دروستکەری نیگەرانی و خەمە بۆ ئێوە؟
دوزەن تەککال: راستڕەوی تووندڕەو لە ئەڵمانیا، بەبەرچاوگرتنی مێژووی ئەم وڵاتە، بابەتێکی زۆر گەورەیە. بەڵێ، من بە قووڵی هەستی پێدەکەم و کاتێک لێرە لە ئەڵمانیا روودەدات، دوو هێندە خراپترە. ئەنجامی هەڵژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمەکان کە پارتی AfD سەرکەوتنی گەورەی تێدا بەدەستهێنا، دەبێت هەموومان نیگەران بکات؛ وەک مرۆڤ، وەک کۆچبەر، وەک کورد و وەک ئێزدی. سەرم دەسوڕمێت کاتێک دەبینم خۆمان لە بابەتە لاوەکییەکاندا وندەکەین، لەجاتی ئەوەی بە جددی رووبەڕووی راستڕەوی تووندڕەو ببیەنەوە. وەک کوردێک دەزانم کە بەداخەوە ئەمە تەنیا "ئیزم" نییە کە دەبێت شەڕی دژ بکەین؛ بابەتەکە لەلایەکەی دیکەشەوە پەیوەندی بە ئیسلامیزمەوە هەیە.
ئاواتەخوازم کۆمەڵگەی زۆرینەی ئەڵمانی زیاتر گوێیان لە ئێمەی کورد بگرتبا، چونکە ئێمە وەک ئێزدییەکان، قوربانیی تووندڕەویی ئایینی، ئیسلامیزم و رەگەزپەرستین. ئەمەش وایکردووە توانست و ئامرازی وەها پەرەپێبدەین تاوەکو بتوانین تاوەکو ئەمڕۆش بەرگە بگرین و رزگارمان بێت. ئەوەی من نیگەران دەکات، ئەوەیە کە خەڵکانی خاوەن پاشخانی کۆچبەری لێرە وەک کێشە سەیر دەکرێن. بەڵام ئێمە کێشە نین! ئێمە خاوەنکارین، رۆژنامەڤانین، چالاکڤانین و بەشێکین لەم کۆمەڵگەیە. هەموو چوارەم کەسێک لەم وڵاتەدا پاشخانی کۆچبەری هەیە. ئێمە دەبێت ئامادەییمان هەبێت؛ نامەوێت تەنیا لە دیبەیتەکانی گۆڕانی سیمای شار یان لەژێر چەمکی کەمکەرەوەدا قسەمان لەسەر بکرێت. ئێمە لەوە زۆر زیاترین. ئەم گێڕانەوە نەرێنییانە زەرەرمان پێدەگەیەنن. لەجیاتی ئەوەی تەنیا تەماشا بڕوانین کا چۆن AfD و توندڕەوان پێناسەی ئەم وڵاتە دەستبەسەردا دەگرن، دەبێت کار لەسەر بەهێزکردنی پرەنسیپەکانی "خەونی ئەڵمانی" بکەین.
رووداو: بەڵام دیموکراسی دەنگی خەڵکە و ئەو دەنگدەرانەش بەپێی ئیرادەی خۆیان دەنگیان بە AfD داوە؟
دوزەن تەککال: پارتی AfD چیتر بەرهەمی قەیرانێک نییە، بەڵکو بووەتە دروستکەری ناسنامە، ئەمەش زۆر مەترسیدارە. ئێمە ئەم مەترسییەیان بەکەم سەیرکرد. تەنیا نیشاندانی داخی ئەخلاقی بەس نییە، بەڵکو دەبێت پرسیار لە خۆمان بکەین: لە کوێدا پارتە نەریتییەکان شکستیان هێنا؟ بۆچی پارتەکانی ناوەڕاست سەرکەوتوو نەبوون لە پاراستنی ئەم ناسنامەیە؟ هەرکەسێک دەنگ بە راستڕەوەکان دەدات بەرپرسیارێتییەکەی لەسەر شانی خۆیەتی، بەڵام ئەم رێژە بەرزەی دەنگەکان دەبێت نیگەرانمان بکات. هێزە سیاسییەکانی ناوەڕاست نەیانتوانیوە لە کێشە راستەقینەکانی خەڵک تێبگەن؛ جا ترسی داهاتوو بێت، کێشەی نیشتەجێبوون، کەرتی پەروەردە، یان رەفتارکردن لەگەڵ سیاسەتی کۆچبەری لەنێوان واقیعبینی و مرۆڤدۆستیدا. بێ وەڵام هێشتنەوەی ئەم پرسیارانە زەمینەی بۆ تووندڕەوی خۆشکردووە و باجەکەشی لەسەر پشتی کۆچبەران دەدرێت. دیموکراسی گوڵێکی ناسکە و پێویستی بە پاراستنە.
رووداو: بۆچی وەک وڵاتانی دیکەی ئەورووپا، لە ئەڵمانیاش دەرفەتی حکومڕانی بە راستڕەوەکان نەدرێت تاوەکو عەمەلییەن تاقی بکرێنەوە؟
دوزەن تەککال: ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە. ئەو چرکەساتەی راسیزم و راستڕەوی خەڵات دەکرێن و دیموکراسی و فرەیی سیاسی سزا دەدرێن، چرکەساتێکی زۆر مەترسیدار دەبێت. ئەگەر سەیری لاپەڕە تاریکەکانی مێژووی ئەڵمانیا بکەین، دەبینین ئەگەری دووبارەبوونەوەیان هەیە. دەبێت زۆر وریا و چاوکراوە بین؛ سەردەمی دیموکراسی و کرانەوە دەکرێت زۆر بەخێرایی کۆتایی بێت کاتێک رێگە بە زاڵبوونی "ترسی ئەڵمانی" دەدەین. ململانێی ناوخۆیی نێوان هێزە دیموکراتەکان سەرنجەکان لەسەر مەترسییە گەورەکە لادەبات. خەباتی سەرەکیی ئێمە دەبێت دژی راسیزم و راستڕەوی تووندڕەو بێت، ئەوەش بە چارسەرکردنی کێشەکانی خەڵک و گەڕاندنەوەی متمانە دەکرێت.
رووداو: تۆ بەردەوام چەمکی "خەونی ئەڵمانی"ت بەکارهێناوە، بەڵام ئێستا چەمکی "ترسی ئەڵمانی" (German Angst) هاتووەتە ناو گفتوگۆکان، ئایا بەڕاستی دۆخەکە وایە؟
دوزەن تەککال: دەربڕینی "German Angst" لە جیهاندا وەک ئاماژەیەک بۆ ئەڵمانیایەکی سنووردارکراو، نەتەوەپەرست و ترسنووک بەکارهاتووە. من وەک کچی پەنابەرێکی کوردی ئێزدی رەتمکردەوە تەسلیمی ئەم چەمکە ببم؛ گوتم ژیانی من "خەونی ئەڵمانی" بوو نەک ترسی ئەڵمانی. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە هەندێک کەس دەڵێن "خەونی ئەڵمانی" ئەفسانەیە. بەڵام رەتکردنەوەی ئەو خەونە، رەتکردنەوەی دیموکراسی و ئازادییە. بێگومان جیاوازی هەیە لەنێوان ئەوەی ناوت "هۆرست" بێت یان ژنێک بیت خاوەنی پاشخانی کۆچبەری و لەناو کەمینەیەکی دیاریکراودا بیت. کۆچبەران دەزانن کە دەرفەتی هەڵەکردنیان کەمترە. "خەونی ئەڵمانی" کە ئێمە کارمان لەسەر کردووە، چەمکێکی کاپیتالیستی یان تەنیا بۆ سەرکەوتووکان نییە؛ بەڵکو بە مانای پشتیوانی، دەستگرتنی یەکتری و تێکشکاندنی بەربەستەکان دێت. ئەمە تەنیا دروشمێک نییە، بەڵکو 6 ساڵ کاری پەروەردەیی بەردەوامە. راهێنەرانی ئێمە رۆژانە دەچنە قوتابخانەکان تاوەکو لەگەڵ خوێندکاران گفتوگۆ لەسەر خەم، ترس و خەونەکانیان بڕەخسێنن، چونکە خراپترین شت پشتگوێخستنی خەونی منداڵانە.
رووداو: سەرکەوتنی چەپەکان لە بەرلین، ئایا ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی هێشتا هیوایەک ماوە راستڕەوەکان لە ویلایەتەکانی دیکەش سەرکەوتن بەدەستنەهێنن؟
دوزەن تەککال: بەڵێ، گرنگە بەرلین بە کراوەیی بەرامبەر جیهان بمێنێتەوە و شوێنێکی ئارام بێت بۆ هەمووان؛ چ جوو، عەرەب، کورد، ئێزدی یان ئەڵمان بێت. لەم سەردەمەی سیاسەتی ناسنامەدا، هێڵی بەرگریی ئێمە تەنیا خەباتی هاوبەش دەبێت دژی ئیسلامیزم، ئەنتیسیمیتیزم، راسیزم و دژایەتیکردنی موسڵمانان. من کەسێکی سیاسیم بەڵام حیزبی نیم. سەرەڕای ئەوەی چالاکییەکانم هەندێک کەس تووڕە دەکات و دەمبەستنەوە بە لایەنی جیاوازەوە، بەڵام من ئازاد و سەربەخۆم لە دەربڕینی بیروڕاکانم.
رووداو: پێموابوو لایەنگری کریستیان دیموکراتەکان بیت، بۆیە سەرنجڕاکێش بوو پیرۆزبایی لە چەپەکان بکەیت؟
دویزەن تەککال: تۆ لە روانگەیەکی حیزبییەوە شیكردنەوە دەکەیت و منیش لە ڕوانگەیەکی سیاسی، مرۆیی و سەربەخۆوە دەڕوانم. گرنگە دەنگی بێلایەن لە دەرەوەی چوارچێوەی حیزبەکان بوونی هەبێت. بەها و پرەنسیپەکانی من مامەڵەیان پێوە ناکرێت. رێزێکی زۆرم بۆ ئەو کەسانە هەیە کە لە شارۆچکەکانی ئەڵمانیا بەردەوامن لە خەبات دژی راسیزم و راستڕەوی.
رووداو: گەنجانی کورد لە سۆشیال میدیا وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو و ئیلهامبەخش سەیرت دەکەن، پەیامت بۆ ئەو گەنجانە چییە؟
دویزەن تەککال: خۆشەویستانم، ڕاستە ئێمە وەک کورد و ئێزدی لە هەموو جیهاندا بڵاوبووينەتەوە و ئەمە بەشێک بووە لە قەدەرمان، بەڵام دڵمان بەیەکەوە بەستراوەتەوە. زۆر سوپاستان دەکەم بۆ پشتیوانی، رەخنە و تێبینییەکانتان کە دەزانم لە خەمخۆرییەوە سەرچاوە دەگرن. دڵنیابن کە لە خەبات و تێکۆشانمان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بەردەوام دەبین.

.jpg&w=3840&q=75)

