رووداو دیجیتاڵ
توێژەرێکی کورد لە بەرنامەی دیاسپۆرای تۆڕی میدیایی رووداو، شیکاری بۆ سەرکەوتنی پارتی چەپ لە هەڵبژاردنەکانی شاری بەرلین دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای سەرکەوتنی ئەو پارتە بەڕێژەی 25%ی دەنگەکان، ناتوانێت بە تەنیا حکومەت پێکبهێنێت. هەروەها تیشک دەخاتە سەر رەنگدانەوەی ئەم گۆڕانکارییانە لەسەر کۆمەڵگەی کۆچبەران و بەتایبەت کورد.
پێشڕەو محەممەد، توێژەر و نووسەری کوردی نیشتەجێی بەرلین رایگەیاند، لە 30 ساڵی رابردوودا مۆدێلێکی نوێی چەپ لە رۆژئاوا سەریهەڵداوە کە بەرەو "سیاسەتی ناسنامە" رۆیشتووە. لەم مۆدێلەدا کار لەسەر کاراکتەری تاکەکان دەکرێت تاوەکو گرووپە کەمینەکان و پەراوێزخراوەکان ببنە سیمبۆڵی سەرەکیی سیاسەت.
ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەزموونی 'ئەلیف ئێڕالپ' لە بەرلین کۆپیکردنەوەی راستەوخۆی ئەزموونی 'ئەسکەندەریا ئۆکاسیۆ کۆرتێز'ی پەرلەمانتاری ئەمریکییە؛ چونکە هەردووکیان خاوەنی باکگراوندی کۆچبەرین و گوتارێکی دژی راسیزم دەبەنە پێشەوە. جەختیشی کردەوە کە نەوەی نوێی چەپەکان لە ئەڵمانیا دوورکەوتوونەتەوە لە گوتاری نەوەی کۆنی وەک گڕیگۆر گیزی و دیتمار بارتش کە زیاتر گرنگییان بە جیوپۆلەتیک دەدا و، لە بەرامبەردا نەوەی نوێ سەرنجی خستووەتە سەر بەڕێوەبردنی ناسنامە و هەستوسۆزی توێژە پەراوێزخراوەکان.
لەبارەی هۆکارەکانی بردنەوەی چەپەکان، پێشڕەو محەممەد روونیکردەوە کە پەیوەستە بە قەیرانە رۆژانەیییەکانی خەڵکەوە. بەهۆی بەرزبوونەوەی بێئەندازەی کرێی خانوو لە بەرلین، پارتی چەپ لەبری یاریپێکردن بە ترسی خەڵک، زۆر بە راشکاوی کاری لەسەر کێشەی نیشتەجێبوون و دابەزاندنی کرێی خانوو کرد کە راستەوخۆ بەهانای هاووڵاتییانەوە هات.
سەبارەت بە هۆکارە دەرەکییەکان، باسی لە هەڵکشانی پارتی راستڕەوی AfD کرد لە هەرێمەکانی وەک ساکسن-ئەنهاڵت و مێکلێنبورگ-فۆپۆمەرن کە لەسەر بڵاوکردنەوەی ترس لە کۆچبەران کار دەکات. هەروەها میدیا هەرێمییەکانی وەک تورکیا، ئێران و قەتەر ئەم ترسەیان قۆستووەتەوە و دەنگۆی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵیان بڵاوکردووەتەوە، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینی بۆ پارتی چەپ رەخساند تاوەکو خۆی وەک پارێزەری کۆچبەران دەربخات و دەنگەکانیان کۆبکاتەوە.
لەبارەی کاریگەریی ئەم بەهێزبوونەی چەپەکان لەسەر دیاسپۆرای کوردی، پێشڕەو محەممەد ئاماژەی بە دوو لایەنی جیاواز کرد:
لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە: چەپەکان کار لەسەر دیموکراتیزەکردن و دامەزراندنی کارمەندی راهێنراو لە فەرمانگەکانی کۆچ و تەندروستیدا دەکەن، کە ئەمەش سوودێکی راستەوخۆ بە کورد دەگەیێنێت.
لەڕووی سیاسەتی دەرەوە: چەپەکان روانگەیەکی عەقڵانییان بۆ ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نییە و دروشمی گشتیی وەک ئاشتی پەیڕەو دەکەن. لە سەردەمی شەڕی دژی داعشدا پارتی چەپ بەبەردەوامی دژی ناردنی چەک بوو بۆ هێزی پێشمەرگە، چونکە دیدگایان کلاسیکیی مارکسیستییە و پێیان وایە ئاشتی لەڕێی یەکگرتنی چینی کرێکارەوە دەبێت بێ ئەوەی لە پرسی سەروەریی نەتەوەیی تێبگەن.
لە کۆتاییدا ئەو توێژەرە هۆشداریدا کە بەهۆی کاریگەریی وڵاتانی هەرێمی وەک ئێران، تورکیا و قەتەر لەناو پارتی چەپدا، گوفتارێکی تووندی ئەنتی-ئیمپریالیستی و ئەنتی-زایۆنیستی زەقکراوەتەوە. بەم هۆیەوە خەباتی سەروەریی کوردستان وەک دژایەتیکردنی دەوڵەتەکانی ناوچەکە دەبینرێت، کە ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی پێگەی کورد لە ئەجێندای پارتی چەپدا.

.jpg&w=3840&q=75)

