رووداو دیجیتاڵ رەگەزپەرستی دژی کورد لە ئەڵمانیا زیادی کردووە و ناوەندێکی تۆمارکردنی تایبەتمەند ئاشکرای دەکات لە ساڵی 2025دا 438 کردەوەی رەگەزپەرستی بەرامبەر کورد تۆمار کراون، لە کاتێکدا لە ساڵی 2024دا ژمارەکە 217 رووداو بووە. بەپێی ئامار و داتاکانی دامەزراوەی تۆمارکردنی رەگەزپەرستی دژی کورد، زۆربەی ئەو بێزارکردن و پێشێلکارییانەی بەرامبەر دیاسپۆرای کوردی لە ئەڵمانیا ئەنجام دەدرێن، لەلایەن راستڕەوە ئەڵمانییەکانەوە نین، بەڵکو لەلایەن نەتەوەپەرست و پەنابەرانی وڵاتانی ناوچەکەوەن. پەسار هاریکی، ئەندامی دامەزراوەی دژە رەگەزپەرستی بەرامبەر کورد لە ئەڵمانیا بە بەرنامەی دیاسپۆرای راگەیاند: "لە ساڵی 2024دا 217 کردەوەی رەگەزپەرستی دژی کورد تۆمارکرابوون، بەڵام بۆ ساڵی 2025 ئەو ژمارەیە زیادی کردووە بۆ 438 دانە کە لەسەر پەیجی ئێمە راپۆرت کراون". سەبارەت بە هۆکاری زیادبوونی رەگەزپەرستییەکان، پەسار هاریکی روونیکردەوە: "زیادبوونەکە بەشێکی بەهۆی ئەوەوەیە کە لە ساڵی دووەمی کارکردنماندا خەڵک زیاتر ئاگاداری کارەکانمان بوون و متمانەیان پەیدا کردووە، رووداوەکان و پێشێلکارییەکانیان پێ راگەیاندووین و ئێمەش تۆمارمانکردوون". لەبارەی جۆری رەگەزپەرستییەکەوە، هاریکی رایگەیاند کە کێشەکان پەیوەستن بە ناسنامە، زمان، کولتووری کوردی یان هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان و گوتی: "زیاتر لە 41%ی کردوەکانی رەگەزپەرستی دژی کورد لەلایەن فاشیست و ناسیۆنالیستەکانی تورکەوە ئەنجام دراون، دوای ئەوانیش ناسیۆنالیستە عەرەبەکان و گرووپە ئیسلامییەکان دێن". تۆمارکردنی ئەم داتایانە لەلایەن سەنتەرەکەوە بە مەبەستی پێشکێشکردنیانە بە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا، تاوەکو هەڵوێستی یاسایی و سیاسی بەرامبەر جیاکاری و رەگەزپەرستی دژی کورد لە ئەوروپا وەربگیرێ.