رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەکی بەرچاو لە هاونیشتمانییانی نیشتەجێی ئەڵمانیا بە نیگەرانییەوە چاودێریی خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا دەکەن. ژمارەیەک لە هاونیشتمانییانی نیشتەجێی ئەڵمانیا لە لێدوانیاندا بۆ رووداو، تووندوتیژی و سووتاندنی موڵکی گشتی رەت دەکەنەوە و هۆشداری دەدەن لەوەی ئەم پشێوییانە ببنە دەرفەتێک بۆ بەهێزبوونی پارتە راستڕۆوەکانی ئەڵمانیا وەک (پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا) و داواش لە کوردانی تاراوگە دەکەن، "بە هیچ جۆرێک بەشداری لەو خۆپیشاندانانەدا نەکەن."
هاونیشتمانییان لە شارە جیاوازەکانی ئەڵمانیا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ژیانیان لەو وڵاتە و کاریگەرییەکانی رووداوەکان لەسەر دۆخی پەنابەران، روانگەی خۆیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو خستەڕوو. خانمە خوێندکارێکی کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا باسی لەوە کرد کە چۆن پشێوییەکان کاریگەرییان لەسەر کەرتی خوێندن و ژیانی رۆژانە هەبووە، بە جۆرێک بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە لە بەشێک لە شارەکان دەوامی خوێندن کراوەتە ئۆنلاین و ترس لە تاڵانکردنی فرۆشگاکان دروستبووە.
هاوکات خانمێکی دیکەی نیشتەجێی ئەڵمانیا گوتی: "زۆر گرنگە خەڵک بۆ مافەکانی بێتە دەنگ، بەڵام ئەوەی بچیتە سەر شەقام و ئاگر لە موڵک و شوێنەوارێک بەربدەیت کە سەتان ساڵە پارێزراوە، بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە و ناڕەوایە."
هاونیشتمانییەکی دیکەش باسی لەوە کرد: "ئەو ئاڵۆزییانەی لە فەرەنسا روویاندا هیچ ئامانجێکی دروست و رێکخراوەیی سیاسییان لەپشت نییە، بەڵکو بوونەتە هۆی تاڵانکردن، دزی و شێواندنی ئارامی."
ترس لە پەڕینەوەی ئاڵۆزییەکان بۆ ئەڵمانیا
بەشێکی ئەو هاونیشتمانییانەی لە ئەڵمانیا دەژین، نایانەوێ ئەو دۆخەی لە فەرەنسا بینرا بگوازرێتەوە بۆ نێو شارەکانی ئەڵمانیا. هاونیشتمانییەک ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی فەرەنسا باش نییە و دەڵێت: "ئەگەر هەمان ئەو دۆخە لە ئەڵمانیا رووبدات، کێشەیەکی یەکجار گەورە لە نێو کۆمەڵگەدا دروست دەبێت و خەڵکێکی زۆر تووڕە دەبن." هاوکات خانمێکی دیکەش پێیوایە حکومەتی ئەڵمانیا رێگە نادات ئەو جۆرە دۆخە لە وڵاتەکەیدا دروست بێت، چونکە "لە ئەڵمانیا کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بەراورد بە فەرەنسا زۆر تۆکمەترە."
لە لایەکی دیکەوە، هۆشداری دەدرێ لەوەی هێزە راستڕۆوەکان ئەم رووداوانە بقۆزنەوە. هاونیشتمانییەکی نیشتەجێی ئەڵمانیا رایگەیاند: "پارتەکانی وەک (جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا) و راستڕۆوەکان چاوەڕێی ئەم دەرفەتانەن، ئەگەر کورد تێکەڵی ئەم جۆرە پشێوییانە بێت، گوشاری ئەو پارتانە بۆ سەر تەواوی کوردانی باکوور، باشوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵات لە ئەڵمانیا چڕتر دەبێتەوە و زیانی گەورە بە پێگەی پەنابەران دەگات."
داوا لە رەوەندی کوردی دەکرێت بەشدار نەبن
لە پەیامێکی هاوبەشدا هاونیشتمانییانی نیشتەجێی ئەڵمانیا داوا لە گەنجان و پەنابەرانی کورد دەکەن خۆیان بەدوور بگرن لە بەشداریکردن لەو خۆپێشاندانانەی شەقام. هاونیشتمانییەک باسی لەوە کرد کە کورد لە ئەورووپا پێویستە تیشک بخاتە سەر دۆزی نەتەوەیی خۆی و یەکڕیزیی نێوخۆیی بپارێزێت، نەوەک وزەی خۆی لە پشێوییەکدا بەفیڕۆ بدات کە بە تەواوی بە زیانی تەواو دەبێت.
خانمێکی دیکەش هۆشداری دا و گوتی: "دەبێت کوردی ئەڵمانیا هۆشیار بن و نێوبانگی کۆمەڵگەی کوردی لە ئەورووپا نەشێوێنن."
زیاتر لە مانگێکە شەپۆلێکی بەرفراوانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەیان شاری فەرەنسا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەورووپی گرتووەتەوە. خۆپێشاندانەکان لەلایەن قوتابییان، مامۆستایان و کەسوکاریانەوە سەرکردایەتی دەکرێن، رۆژ بە رۆژ روو لە فراوانبوون دەکەن.



