رووداو دیجیتاڵ
دادگایەکی ئەڵمانیا بڕیارێکی نوێی لەسەر کەیسی کوشتنی ژنێکی کورد دەرکرد، کە تێیدا کوڕێک بە هاوکاریی مامی و باوکی، لەو وڵاتە دایکی کوشتووە. کوڕەکە کە سزای 9 ساڵ و 6 مانگ زیندانیکردنی بۆ دەرچووبوو و ئێستا خەریکە ماوەی سزاکەی کۆتایی دێت، مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی بۆ کوردستان هەیە.
سەرەڕای ئەوەی دادگا نایەوێت وردکاریی زۆر لەسەر سەرچاوەکە ئاشکرا بکات، بەڵام بەدواداچوونەکانی بەرنامەی دیاسپۆرا گەیشتوونەتە هەموو وردەکارییەکان و بکوژ ناوی (یاسر ئیس.)ە، (حەنا ئیس.) کە دەكاتە دایکی یاسر، لە باوکی جیابووەتەوە. دوای جیابوونەوە لە ئەڵمانیا چووەتە ماڵێکی پاراستنی ژنان.
ساڵی 2014، هاوژینی حەنا و دوو برای، واتە باوک و مامەکانی یاسر، بڕیار دەدەن حەنا بکوژن، ئیدی لەو ماوەیەدا ئامادەکارییەکان دەکەن و زانیاری کۆدەکەنەوە.
لە شەوێکی کۆتایی مانگی 4ی 2015، یاسر لەگەڵ یەکێک لە مامەکانی دەچێتە ماڵی دایکی لە شاری (زۆلینگن)، لە ولایەتی نۆردراین-فێستفالن، ئەو شەوە دەمەقاڵێ لەنێوانیاندا دروست دەبێت، لە حەنا دەدەن و دەیخەنە ناو کومبارێکەوە و لە ماڵەکە دەیهێننە دەرەوە. لەوێشەوە سواری ئۆتۆمبێلێکی دەکەن و دەیهێننە باشووری ئەڵمانیا.
لەوێ لەناو دارستانێکدا لە ولایەتی بادن-ڤۆتەمبێرگ دەیکوژن و تەرمەکەی دەشارنەوە. دوای تاوانەکە، دەچنە بەنزینخانەیەک و لەوێ دەستیان دەشۆن و پێڵاوە قوڕاوییەکانیان پاکدەکەنەوە؛ بەڵام خانمێک، کە لەوێ کاریکردووە شایەتییان لەسەر دەدات.
پاش دەستگیرکردنیان و لێکۆڵینەوەی پۆلیس و کۆکردنەوەی بەڵگەکان، کێشەیەکی گەورە ئەوە دەبێت تەرمەکە نادۆزرێتەوە. ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت تاوەکو یەکێک لە مامەکان دانی پێدادەنێت کە تەرمەکەی لە کوێ شاردووەتەوە.
ساڵی 2018، دادگا سزای زیندانیی تاهەتایی بۆ یەکێک لە مامەکان، 10 ساڵ زیندان بۆ باوک و مامێکی یاسر و 9 ساڵ و 6 مانگیش بۆ یاسر دەرکرد، چونکە بەشداریی لە کوشتنی دایکیدا هەبووە. ئێستا سزاکەی یاسر بەرەو تەواوبوون دەچێت و مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی بۆ کوردستان لەسەرە.



.jpg&w=3840&q=75)

